کحول

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-03-14-22:08:00 - کۆدی بابەت: 7981
کحول

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کحول (بە ئینگلیزی: Alcohol) هەر پۆلێکە لە ئاوێتەی ئەندامی کە یەک دانە یان زیاتری کۆمەڵەی کاربۆکسیلی (―OH) تێیدا پەیوەست بێت بە گەردیلەی کاربۆنی زنجیرەی هایدرۆکاربۆنییەوە، کحولەکان دەکرێت وەک داڕێژراوی ئەندامیی ئاو (H2O) دابنرێن، کە یەکێک لە گەردیلەکانی هایدرۆجین لەلایەن کۆمەڵەیەکی ئەلکیلەوە لابراوە، ئەم کۆمەڵەیە زیاتر بە R دەردەخرێت لە پێکهاتەی ئەندامیدا، بۆ نموونە لە پێکهاتەی ئیسانۆڵدا گروپی ئەلکیل بریتییە لە گروپی ئەسیل (―CH2CH3) 

کحولەکان لەسەرووی هەموو ئاوێتە ئەندامییە باوەکانەوەن، وەک شیرینکەر و لە دروستکردنی بۆندا بەکاردێن، هەروەها  وەک ماددەی نێوانی لە دروستکردنی ئاوێتەکاندا بەکاردێت، و بەردەستترین ماددەی کیمیایی بەرهەمهێنراوی پیشەسازییە، دەکرێت ناسراوترین کحولەکان بریتی بن لە ئیسانۆڵ و میسانۆڵ (یان کحولی مەسیل)، جگە لە بەکارهێنانی کحول لە خواردنەوە کحولییەکاندا، ئیسانۆڵ بەکاردێت لە دروستکردنی پاککەرەوە و دەرمان و سووتەمەنیدا، هەروەها بەکاردێت بۆ پاککردنەوەی ئامێری نەخۆشخانە، دەرمانە بێهۆشکەرەکانیش لە ئیسانۆڵ دروست دەکرێن.
میسانۆڵ وەک توێنەر و ماددەی خاو لە دروستکردنی فۆرمەڵدیهاید و ڕیزینی تایبەت و سووتەمەنییە تایبەتەکان و دژەبەستنەکان و پاککردنەوە کانزاکان بەکاردێت.
کحولەکان بەپشت بەستن بەوەی کام کاربۆنەی گروپی ئەلکیل پەیوەستکراوە بە گروپی هایدرۆکسیلەوە دەکرێن بە سێ پۆلەوە وەک یەکەمی و دووەمی و سێیەمی، زۆربەی کحولەکان لە پلەی گەرمی ژووردا شلی بێڕەنگن یان ڕەقن، ئەو کحولانەی کە بارستەی مۆڵییان کەمە زۆر تواوەن لە ئاودا، بە زیادبوونی بارستەی مۆڵییان توانای توانەوەیان لە ئاودا کەم دەکات و پلەی کوڵان و پەستانی هەڵمی و چڕی و لینجییان زیاد دەکات.

ناونان

وەک هەموو جۆرەکانی تری ئاوێتەی ئەندامی، کحولەکان بە هەردوو سیستمی فەرمی و باو ناودەنرێن، گشتیترین سیستمی بەکارهاتوو بۆ ناونان بریتییە لە سیستمی ئایوپاک (IUPAC)، بە بەکارهێنانی سیستمی ئایوپاک ناوی کحولەکان پاشگری ۆڵ (بە ئینگلیزی: -ol) وەردەگرن کە دەلکێنرێت بەناوی ڕەسەنی ئەلکانەکانەوە، پاشان ژمارە بەکاردێت بۆ دیاریکردنی شوێنی گروپی هایدرۆکسیل لەسەر ئاوێتەکە، یاسای ناونانی کحولەکان لە سێ خاڵدا کورت کراوەتەوە کە بریتییە لە:

  • ناوی درێژترین زنجیرەی کاربۆن کە لە گەردیلەی کاربۆن پێکهاتبێت و پەیوەست بێت بە گروپی هایدرۆکسیلەوە بنێ، پاشان پاشگری ۆڵ زیاد بکە بۆ ناوەکە.
  • پاشان شوێنی گروپی هایدرۆکسیل دیاری بکە بە ژماردنی کاربۆنەکان و لە کۆتایی زنجیرەی کاربۆنی نزیکترین گروپی هایدرۆکسیلەوە دەست پێ بکە.
  • هەروەها ناوی گروپە گۆڕاوەکان تریش بنێ کە لکاون بە کحولەکەوە و دیارییان بکە کە ئایا ئەلکانن یان ئەلکینن.

نموونە بۆ ئەم جۆرە ناونانە ئەم زنجیرە کاربۆنەیە کە لە خوارەوە ئاماژەی پێدراوە، ئەم زنجیرەیە بە ژماردنی گەردیلەکانی کاربۆن درێژترین زنجیرەکەی لە شەش کاربۆن پێکدێت، کەواتە ناوی سەرەکی بریتیییە لە هێکسانۆڵ، گروپی هایدرۆکسیل لەسەر گەردیلەی کاربۆنی سێیەمە، کە بەم شێوەیە ناوەکەی دەبێت بە ٣-هێکسانۆڵ، گروپێکی مەسیل بە کاربۆنی ژمارە سێ و گەردیلەی کلۆر بە کاربۆنی ژمارە دووەوە پەیوەستە، ناوی تەواوی ئاوێتەکە بەپێی سیستمی ئایوپاک بریتییە لە ٢-کلۆرۆ-٣-مەسیل-٣-هێکسانۆڵ.

پێکهاتە و پۆلێنکردنی کحولەکان

پۆلێنکردنی کحولەکان پشت دەبەستێت بەوەی کامە گەردیلەی کاربۆن لەگەڵ گروپی هایدرۆکسیلدا بەندی دروستکردووە، ئەگەر ئەم کاربۆنە یەکەمی (بە ئینگلیزی: primary) بێت ئەوا کحولەکە پێی دەوترێت کحولی یەکەمی، کحولی دووەمیش (بە ئینگلیزی: secondary) گروپی هایدرۆکسیلەکەی لەسەر کاربۆنی دووەمە کە ئەم کاربۆنە بە دوو کاربۆنی ترەوە پەیوەستە، بەهەمان شێوە کحولی سێیەمیش (بە ئینگلیزی: tertiary) گروپی کاربۆکسیلەکەی لەگەڵ گەردیلەی کاربۆنی سێیەمدا بەندی دروست کردووە کە ئەم کاربۆنەش لەگەڵ سێ کاربۆنی تردا بەندی دروست کردووە.

ڕەوشتی فیزیایی

زۆربەی کحولەکان لە پلەی گەرمی ژووردا شلێکی بێڕەنگن، کحولی مەسیل و ئەسیل و ئایزۆپڕۆپیل شلێکن کە لینجیان زۆر کەمە و بۆنێکی وەک میوەیان هەیە، ئەو کحولانەشی کە لە چوار بۆ دە گەردیلەی کاربۆن پێکهاتوون، کە تا ڕادەیەک لینج یان ڕۆنین بۆنێکی تیژتری میوەییان هەیە، هەندێک لە کحولە لقدارەکان و زۆربەی ئەو کحولانەی کە زیاتر لە ١٢ گەردیلەی کاربۆنیان تێدایە لە پلەی گەرمی ژووردا ڕەقن.
پلەی کوڵانی کحولەکان زۆر بەرزترە لە ئەو ئەلکانانەی کە هەمان بارستەی مۆڵییان هەیە، بۆ نموونە ئیسانۆڵ بارستەی مۆڵییەکەی دەکاتە ٤٦ و پلەی کوڵانی ٧٨ پلەی سیلیزییە، لە کاتێکا کە پڕۆپان بارستەی مۆڵییەکەی دەکاتە ٤٤ و پلەی کوڵانی -٤٢ پلەی سیلیزییە، زۆربەی ئەم جیاوازییە هۆکارەکەی توانای ئیسانۆڵ و کحولەکانی ترە بۆ دروستکردنی بەندی نێوانەگەردیی هایدرۆجین.
ئاو و کحولەکان هەمان ڕەوشتیان هەیە لەبەر ئەوەی گەردەکانی ئاو گروپی هایدرۆکسیلیان تێدایە کە دەتوانێت بەندی هایدرۆجینی لەگەڵ گەردی تری ئاو و گەردی کحولدا دروست بکات، بەهەمان شێوە گەردی کحول دەتوانێت بەندی هایدرۆجینی لەگەڵ گەردێکی تری کحول و گەردی ئاودا دروست بکات، لەبەر ئەوەی کحولەکان بەندی هایدرۆجینی لەگەڵ ئاودا پێکدەهێنن، بۆیە تاڕادەیەک لە ئاودا تواوەن.
لەبەر ئەوەی کحولەکان گەردی جەمسەردارن توانای توانەوەی ئاوێتە ئایۆنییەکان و ئاوێتە جەمسەردارەکانی تریان لە هایدرۆکاربۆنەکان زیاترە.

بەکارهێنان

  • خواردنەوە کحولییەکان: وشەی کحول لە خواردنەوە کحولییەکاندا مەبەست لە ئیسانۆڵە (CH3CH2OH).
  • کحولە گۆڕاوە پیشەسازییەکان: ئیسانۆڵ لە شێوەی کحولی گۆڕاوی پیشەسازیدا دەفرۆشرێت، کە پێکدێت لە ئیسانۆڵ  و بڕێکی کەم لە میسانۆڵ و دەکرێت هەندێک ڕەنگیشی تێبکرێت، کحولە گۆڕاوە پیشەسازییەکان نەگونجاون بۆ خواردن چونکە میسانۆڵ ژەهراوییە.
  • بەکارهێنانی ئیسانۆڵ وەک سووتەمەنی: ئیسانۆڵ دەسووتێت بۆ بەرهەمهێنانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئاو، وەک لەم هاوکێشەیەی خوارەوەدا ئاماژەی پێدراوە:
    CH3CH2OH+3O2→2CO2+3H2O
    ئیسانۆڵ دەکرێت بە تەنها وەک سووتەمەنی بەکاربێت یان لەگەڵ گازۆلیندا تێکەڵ بکرێت، گازۆهۆڵ تێکەڵەی پێتڕۆڵ (گازۆلین) و ئیسانۆڵە کە نزیکەی ١٠-٢٠٪ لە ئیسانۆڵ پێکدێت، لەبەر ئەوەی ئیسانۆڵ بە ترشاندن بەرهەم دەهێنرێت، شێوازی بەرهەمهێنانەکەی بەسوودە بۆ ئەو وڵاتانەی کە پیشەسازی نەوتیان نییە بۆ کەمکردنەوە بڕی بەکارهێنانی پێترۆڵ.
  • ئیسانۆڵ وەک توێنەر: ئیسانۆل بەشێوەیەکی فراوان وەک توێنەر بەکاردێت، چونکە تاڕادەیەک سەلامەتە و دەتوانرێت بۆ تواندنەوەی چەندین ئاوێتەی ئەندامی کە لە ئاودا نەتواوەن بەکاربێت، بۆ نموونە لە دروستکردنی چەندین جۆری بۆن و ئارایشتدا بەکاردێت.
  • میسانۆڵ وەک سووتەمەنی: میسانۆڵیش وەک ئیسانۆڵ دەسووتێت بۆ بەرهەمهێنانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئاو:
    2CH3OH+3O2→2CO2+4H2O
    دەکرێت وەک زیادکەرێکی پێترۆڵ بەکاربێت بۆ باشترکردنی توانای سووتان.

میسانۆڵ وەک ماددەی خاوی پیشەسازی

زۆربەی میسانۆڵ بەکاردێت بۆ دروستکردنی ئاوێتەی تر، بۆ نموونە میساناڵ (فۆرمەڵدیهاید)، ترشی ئیسانۆیک و ئەستەری میسایلی ترشە جیاوازەکان، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم ئاوێتانە بەکاردێن بۆ دروستکردنی بەرهەمی تر.


سەرچاوەکان



1981 بینین