ئەلکانەکان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-03-16-16:53:00 - کۆدی بابەت: 7985
ئەلکانەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەلکانەکان (بە ئینگلیزی: Alkanes) یان پارافین (بە ئینگلیزی: paraffin) ئاوێتەی ئەندامیین کە لە بەندی تاکی گەردیلەی کاربۆن و هایدرۆجین پێکدێن، شێوگی گشتی ئەم ئاوێتانە بریتییە لە CnH2n+2، ئەلکانەکان دابەش دەبن بۆ چەند گروپێکی بچوکتر لە خۆیان کە بریتیین لە: ئەلکانی زنجیرەیی و ئەڵقەیی و لقدار، کە دەستەواژەی پارافین بۆ ئەلکانە نائەڵقەییەکان بەکاردێت، ئەلکانەکان مەودایەکیان لە جۆری ئاڵۆز هەیە لە سادەترین ئەلکانەوە کە بریتییە لە میسان CH4 تاکوو گەردی ئاڵۆزی گەورەی وەک پێنتاکۆتان (C50H102) یان ٦-ئەسیل-٢-مەسیل-٥-ئۆکتان کە ئایزۆمەری تێترادێکانە (C14H30).
ئەم خشتەیەی خوارەوە چەند جۆرێکی باوی ئەلکانەکان لەخۆدەگرێت:

ئەلکانەکان شێوگی گەردی
میسان (CH4)
ئیسان (C2H6)
پڕۆپان (C3H8)
بیوتان (C4H10)
پێنتان (C5H12)
هێکسان (C6H14)
هێپتان (C7H16)
ئۆکتان (C8H18)
نۆنان (C9H20)
دێکان (C10H22)

تایبەتمەندیی فیزیایی

توانای توانەوە

  • لەبەر جیاوازی زۆر لە کارۆسالبێتی لە نێوان کاربۆن و هایدرۆجین و سروشتی بەندی هاوبەشی نێوان کاربۆن-کاربۆن و کاربۆن-هایدرۆجین، ئەلکانەکان بەشێوەکی گشتی گەردی بێجەمسەرن.
  • گەردە جەمسەردارەکان لە توێنەرە جەمسەردارەکاندا دەتوێنەوە، هەروەها گەردە بێجەمسەرەکان لە توێنەرە بێجەمسەرەکاندا دەتوێنەوە، بۆ نموونە ئەلکانەکان بە سروشتی ناهۆگری ئاون (بە ئینگلیزی: hydrophobic) بۆیە لە ئاودا نەتواوەن.
  • کاتێک توێنەری ئەندامی کە وزەی پێویستی هەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر هێزی ڤاندەرواڵزی نێوان گەردەکانی ئالکانەکان و دروستکردنی هێزی نوێ، ئەوا ئەلکانەکان لەو توێنەرە ئەندامییەدا تواوەن.

هێزی ڤاندەرواڵز (بە ئینگلیزی: Van Der Waals forces) بریتییە لە هێزێکی کارەبایی لاواز کە گەردە بێلایەنەکان لە دۆخی گازی و شلی و ڕەقیدا هەروەها هەموو شل و ڕەقە ئەندامییەکان بۆ یەکتر کێش دەکات.

پلەی کوڵان

لەبەر ئەوەی کە هێزی نێوانگەردی ڤاندەرواڵز بە زیابوونی قەبارەی گەردی ڕووبەری ڕووکاری گەردەکان زیاد دەکات، کەواتە پلەی کوڵانی ئەلکانەکان بە زیادبوونی کێشی گەردییان زیاد دەکات، هەروەها ئەو ئەلکانانەی کە لە زنجیرەیەکی ڕاست پێکدێن پلەی کوڵانیان بەرزترە بە بەراورد بە ئایزۆمەرەکانیان.

پلەی توانەوە

پلەی توانەوەی ئەلکانەکان هەروەک پلەی کوڵانیان بە زیادبوونی کێشی گەردییان زیاد دەکات، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو ئەلکانانەی ژمارەیەکی زۆری کاربۆنیان تێدایە لە دۆخی ڕەقیدان و زاڵبوون بەسەر هێزی کێشکردنی نێوانەگەردیان قورسە.

شێوگی پێکهاتنی کورتکراوە

شێوگی پێکهاتنی ئەلکانەکان دەتوانرێت بە شێوە کورتکراوەکەی بنووسرێت، بۆ نموونە، شێوگی پێکهاتنی پێنتان C5H12 سێ گروپی مەسیلی CH2 لە زنجیرەی ناوەندیدا پێوەیە، دەتوانرێت ئەم سێ گروپەی مەسیل کۆبکرێتەوە و بەیەکەوە بنووسرێت بەم شێوەیە CH3(CH2)3CH3، ئەم خشتەیەی خوارەوە پێکدێت لە پێنج ئەلکانی سەرەتایی بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە:

ناو شێوگی گەردی ئەلکان شێوگی پێکهاتنی کورتکراوە
میسان CH4 CH4
ئیسان C2H6 CH3CH3
پڕۆپان

C3H8

CH3CH2CH3
بیوتان C4H10 CH3(CH2)2CH3
پێنتان C5H12

CH3(CH2)3CH3

شێوگی کیمیایی

شێوگی ئاوێتە ئەندامییەکان چەندین زانیاری گرنگی تێدایە، شێوگی کیمیایی ژمارەی هەرجۆرە گەردێک کە لە ئاوێتەکەدا هەبێت دیاری دەکات، شێوگی گەردی C8H18 دەکرێت بۆ چەندین جۆری ئەلکان بەکاربێت، کە هەریەکەیان ڕەوشتی کیمیایی و فیزیایی و ژەهرزانی جیاوازیان هەیە، ئەم ئاوێتانە بە ڕیزبەندی ڕێکخستنی گەردیلەکانی ناو گەردەکان جیاوازن، ئەو ئاوێتانە کە هەمان شێوگی گەردییان هەیە، بەڵام شێوگی پێکهاتنیان جیاوازە پێیان دەوترێت ئایزۆمەری پێکهاتن.
دەکرێت چەندین ئاوێتەی ئەندامیی کیمیایی لە ئالکانەکانەوە دابڕێژرێت، هەروەها چەندین بەشی گرنگی ئاوێتە ئەندامییەکان یەک گروپ یان زیاتری ئەلکانەکانیان پێوەیە کە یەک گەردیلەی هایدرۆجینی لێ لابراوە، لەبەر ئەم هۆکارانە ناوی زۆربەی ئاوێتە ئەندامییەکان لەسەر بنچینەی ئەلکانەکانە.

شێوگی ئەلکانە زنجیرە لقدارەکان

هەروەها لە زۆربەی ئاوێتە ئەندامییەکانی تردا گەردیلەکانی کاربۆن دەکرێت زنجیرەی ڕاست یان لقدار یان ئەڵقەیی پێکبهێنن، ئەم سێ جۆرەی ئەلکانەکان پێیان دەوترێت ئەلکانە زنجیرە ڕاستەکان، ئەلکانە زنجیرە لقدارەکان و ئەلکانە ئەڵقەییەکان، شێوگی گەردیی گشتی ئەلکانە زنجیرە ڕاست و لقدارەکان بریتییە لە CnH2n+2 هەروەها ئەلکانە ئەڵقەییەکان بریتییە لە CnH2n.

گروپی ئەلکیل

کاتێک جێگرەوەیەکی وەک هالۆجینەکان بەند لەگەڵ گەردی ئەلکانێک دروست دەکات، تیایدا بەندێکی هایدرۆجین-کاربۆن دەگۆڕێت بۆ بەندی کاربۆن-جێگرەوە، بۆ نموونە ئاوێتەی کلۆرۆمیسان کاتێک دروست دەبێت کە میسان لەگەڵ کلۆر کارلێک دەکات، ئەم ئاوێتە نوێیە کە دروست دەبێت لە کۆمەڵەیەکی گروپی مەسیل CH3 پێکدێت کە بەندی لەگەڵ گەردیلەی کلۆر دروست کردووە.

کاتێک ئەلکانێک هایدرۆجینێکی لێ کەم دەبێتەوە پێی دەوترێت کۆمەڵەی (گروپ) ئەلکیل، ئەم کۆمەڵەیە زۆرجار بە پیتی R ئاماژەی پێ دەدرێت، کە ئەگەر ئەو کارلێکەی سەرەوە بە نموونە وەربگرین، بە شێوە گشتییەکەی بەم شێوەیە ئاماژەی پێ دەدرێت:

بەکارهێنان

ئەلکانە جیاوازەکان بەکاردێن لە دروستکردنی:

  • پلاستیکی وەک پۆلیئەسیلین.
  • پۆلیستایرین کە بەکاردێت بۆ  دروستکردنی باتری ئۆتۆمبێل و بەشەکانی ساردکەرە.
  • ئیسان-٢،١-دایۆڵ کە وەک دژەبەستن لە ڕادیەتەری ئۆتۆمبێلدا بەکاردێت.
  • ئیسانۆڵ و ڕیشاڵی دەستکردی تێریلین.
  • دروستکردنی دژەتەقەتەق بۆ بزوێنەری ئۆتۆمبێل.
  • پۆلیپڕۆپین کە لە دروستکردنی گوریس و ماددەی پێچەرەوەدا بەکاردێت.
  • پرۆپاناڵ کە لە دروستکردنی لابەری بۆیەی نینۆک (ئەسیتۆن)ـدا بەکاردێت.
  • ڕیشاڵی ئەکریلیک.


سەرچاوەکان



1739 بینین