خولی نایابی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-21-14:12:00 - کۆدی بابەت: 8015
خولی نایابی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خولی نایابی کوردستان (بە ئینگلیزی:  Kurdistan Premier League، بە عەرەبی: الدوري الكوردستاني الممتاز) پلەبەرزترین خولی هەرێمی کوردستانە و لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانەوە ڕێک دەخرێت. لە وەرزی ٢٠٠٦ - ٢٠٠٧ـەوە دەستی پێ کردووە و ١٤ یانە بەشداری تێدا دەکەن. لە هەموو وەرزێک دوو یانە دادەبەزن بۆ خولی پلە یەک

یەکەمین پاڵەوانی خولی نایاب لە وەرزی ٢٠٠٦ - ٢٠٠٧ یانەی دهۆک بوو. یانەی وەرزشی زێرەڤانی توانیویەتی چوار جار ببێتە پاڵەوانی خولی کوردستان، پاش ئەو یانەی وەرزشی هەولێر دێت کە توانیویەتی ٣ جار نازناوەکە بەدەست بهێنێت.

مێژوو

خولی نایابی کوردستان، پێشبڕکێیەکی ساڵانەیە کە لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە ڕێکدەخرێت، سەرەتا ئەم خولە لە وەرزی ٢٠٠٦/ ٢٠٠٧ دەستی پێکرد بە بەشداری ٣٢ یانە کە دابەشکران بۆ چوار کۆمەڵە هەر کۆمەڵەیەک لە هەشت یانە پێکهاتبوو، چوار یانە لە هەر کۆمەڵەیەک دابەزی بۆ خولی پلەیەک واتا ١٦ یانە لە هەر چوار کۆمەڵەکە، و ١٦ یانەش مایەوە لە خولی نایاب، لە هەر کۆمەڵەیەک ٢ یانە سەرکەوتن بۆ قۆناغی کۆتایی، دواتر لە کۆتایی یانەی دهۆک بووە پاڵەوانی یەکەم وەرزی خولی نایابی کوردستان و یانەی هەولێرش بووە خاوەنی پلەی دووەم، لە وەرزی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ خولی نایابی کوردستان بە بەشداری ١٦ یانە بەڕێووەچوو ٢ یانەی کۆتایی ڕیزبەندی دادەبەزین بۆ خولی پلەیەک، لە وەرزی ٢٠٠٧/ ٢٠٠٨ یانەی بروسک توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆی ببێتە پاڵەوانی دووەم وەرزی خولی نایابی کوردستان، لە وەرزی ٢٠٠٨/ ٢٠٠٩ بە هەمان سیستەم بەڕێووە چوو یانەی بروسک بۆ دووەمجار لەسەر یەک بووە پاڵەوانی خولی بە کۆکردنەوەی ٦١ خاڵ و بە جیاوازی ٨ خاڵ لەگەڵ سیروانی نوێ دووەم بووە پاڵەوان و یانەی هەندرێنیش پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، هەر یەکە لە یانەکانی ئاڵا و سیمێڵ و زاخۆ و سلێمانی دابەزین بۆ خولی پلەیەک، ئەمەش بەهۆی کەمکردنەوەی یانەکان لە ١٦ بۆ ١٤ یانە چوار یانە دابەزین.

لە وەرزی ٢٠٠٩/ ٢٠١٠ خولی نایابی کوردستان پاڵەوانێکی دیکەی بەخۆیەوە بینی لەم وەرزە یانەی هەولێر بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆی توانی ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان هەروەها ئەم وەرزە بە بەشداری ١٤ یانە بەڕێوەچوو. وەرزی ٢٠١٠/ ٢٠١١ پاڵەوانێکی دیکەی بەخۆوە بینی پاش ئەوەی یانەی هەندرێن توانی ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزە، بۆیەکەم جار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکەی بەرزکردەوە. لە وەرزی ٢٠١١/ ٢٠١٢ یانەی هەولێر بۆ دووەمجار لە مێژووی خۆی بووە پاڵەوانی ئەم خولە. لە وەرزی ٢٠١٢/ ٢٠١٣ خولی نایابی کوردستان پاڵەوانێکی دیکەی بە خۆیەوە دیت ئەویش یانەی زێرەڤانی بوو کە توانی بۆ یەکەمجار نازناوەکە بەدەستبهێنێت. وەرزی ٢٠١٣/ ٢٠١٤ یانەی زێرەڤانی توانی بۆ دووەمجار لەسەریەک ببێتە پاڵەوان و نازناوەکە یەکلایی بکاتەوە و یانەی یانەی هەولێرش پلەی دووەم و یانەی سلێمانی پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، ئەوەی جێی سەرسڕمان بوو لەم وەرز یانەی کەرکوک لە قۆناغی یەکەم لە پلەی یەکەم بوو بەڵام لە کۆتایی پلەی حەوتەمی بەرکەوت لە وەرزی ٢٠١٤/ ٢٠١٥ یانەی زێرەڤانی بۆ سێیەم جار لەسەر یەک نازناوەکەی بەدەستهێنا دوای ڕکابەریەکی توند لەگەڵ هە یەکە لە دهۆکی خاوەن پلەی دووەم و نەورۆزی پلەی سێیەم، لەم وەرزی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ یەکمجار دابەزی بۆ خولی یانە پلەیەکەکان هاوشان لەگەڵ یانە بروسکی پاڵەوانی دوو وەرزی خولی نایاب کە پێش دەستپێکردنی خولەکە کشایەوە بەهۆی کێشەی دارایەوە. یانەی هەولێر لە وەرزی ٢٠١٦/٢٠١٥ توانی بۆجاری سێیەم لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەرزبکاتەوە. وەرزی ٢٠١٧/٢٠١٦ یانەی وەرزشی پێشمەرگەی هەولێر توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکەی بەدەست هێنا. وەرزی ٢٠١٨/٢٠١٧بۆ جارێکی دیکە یانەی زێرەڤانی پلەی یەکەمی خولی نایەبی کوردستانی بەدەست هێنا پاش ئەوەی توانی ٣١ خاڵ کۆبکاتەوە. پاشان یانەی پێشمەرگەی هەولێر بووە پاڵەوەنی وەرزی ٢٠١٩/٢٠١٨. بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا خولی نایەبی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠٢٠/٢٠١٩ هەڵوەشایەوە و یارییەکان بەڕێوەنەچوو. یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا یارییەکانی وەرزی ٢٠٢١/٢٠٢٠ ئەنجام بدات. دوای ئەنجامدانی یارییەکان یانەی برایەتی توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەدەست بهێنێت.

پاڵەوانەکان

وەرز یانە
٢٠٠٦-٢٠٠٧ دهۆک
٢٠٠٧-٢٠٠٨ بروسک
٢٠٠٨-٢٠٠٩ بروسک
٢٠٠٩-٢٠١٠ هەولێر
٢٠١٠-٢٠١١ هەندرێن
٢٠١١-٢٠١٢ هەولێر
٢٠١٢-٢٠١٣ زێرەڤانی
٢٠١٣-٢٠١٤ زێرەڤانی
٢٠١٤-٢٠١٥ زێرەڤانی
٢۰١٥-٢۰١٦ هەولێر
٢۰١٦-٢۰١٧ پێشمەرگەی هەولێر
٢۰١٨-٢۰١٧ زێرەڤانی
٢۰١٨-٢٠١٩ پێشمەرگەی هەولێر
٢۰٢۰-٢۰١٩ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵوەشایەوە
٢۰٢١-٢۰٢۰ برایەتی

یانەکان

  • زێرەڤانی
  • برایەتی
  • هەندرێن
  • هەولێر
  • نەورۆز
  • زاخۆ
  • پێشمەرگەی هەولێر
  • شێروانە
  • سیروانی نوێ
  • کەرکووک
  • نەوتی باکوور
  • دهۆک
  • جیهان
  • پێشمەرگە
  • چیا
  • ئارارات
  • دەربەندیخان
  • ئاکرێ
  • ڕووداو
  • سلێمانی
  • گاز


سەرچاوەکان



486 بینین