پۆرتۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-21-16:45:00 - کۆدی بابەت: 8017
پۆرتۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پۆرتۆ یان ئۆپۆرتۆ (بە ئینگلیزی: Porto یان Oporto)، دووەم گەورەترین شاری پورتوگالە و پایتەختی ناوچەی پۆرتۆیە، هەروەها یەکێکە لە ناوچە شارستانییە گەورەکانی نیمچەدوورگەی ئیبریا. ژمارەی دانیشتوانی شاری پۆرتۆ تەنیا 231,962 کەسە لە ڕووبەرێکی 41.42 کیلۆمەتر دووجاییدا، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکانی سەر بە شارەکە نزیکەی 1.7 ملیۆن کەسە لە ڕووبەری 2,395 کیلۆمەتر دووجادا، ئەمەش دەیکات بە دووەم گەورەترین ناوچەی شارستانی وڵاتەکە، لەلایەن جیهانگەری و تۆڕی توێژینەوەی شارەکانی جیهانەوه بە شارێکی جیهانی گاما ناسراوە، شاری پۆرتۆ بەدرێژایی ڕووباری دورۆو لە باکووری پورتوگال درێژ دەبێتەوە، یەکێکە لە کۆنترین ناوەندەکانی ئەورووپا و لە ساڵی 1996دا سەنتەری شارەکە لەلایەن یونسکۆوە وەکوو شوێنێکی کەلەپووری جیهانی "سەنتەری مێژوویی پۆرتۆ، پردی لویزی یەک و دێری سێرە دو پیلۆر" ڕاگەیەندرا، هەروەها ناوچە مێژووییەکەش مۆنۆمێنتێکی نەتەوەیی پورتوگالە، بەشی خۆرئاوایی ناوچە شارستانییەکەی تا کەناری زەریای ئەتڵەسی درێژ دەبێتەوە.

ناوی شارەکە

لە زمانی پورتوگالیدا ناوی شارەکە ئۆ پۆرتۆ بە واتای "بەندەر" دێت.

مێژووی شارەکە

مێژووی جێگیربوون لەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەک پێش ئێستا، کاتێک بنکەیەکی سەربازی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بوو، هەروەها خەڵکی پۆرتۆ سێڵتی و سێڵتییەکان لەنێو یەکەم دانیشتوانی ناسراوی ناوچەکە بوون، ئەو شوێنەوارانەی کە دۆزراونەتەوە ئەوە دەردەخەن کە لە سەرەتای سەدەی هەشتەمی پێش زایینییەوە مرۆڤەکان لە نزیک ڕووباری دورۆودا نیشتەجێ بوون کە ئاماژە بەوە دەکات جێگیرگەی بازرگانی فینیکی لەوێ بووە، لەکاتی داگیرکردنی نیمچەدوورگەی ئیبری لەلایەن ڕۆمانەکانەوە، شارەکە وەکوو بەندەرێکی بازرگانی گرنگ پەرەی سەند، بە شێوەیەکی سەرەکی لە بازرگانی نێوان لیسبۆن و براگایی ئێستادا. شاری پۆرتۆ لە کاتی داگیرکردنی نیمچەدوورگەی ئیبری لە ساڵی 711دا کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی مۆرسەکانەوە، لە ساڵی 868دا دووبارە خاکەکە لەلایەن مەسیحییەکانەوە داگیر کرایەوە، لە ماوەی سەدەکانی 18 و 19دا شارەکە بوو بە ناوەندێکی پیشەسازی گرنگ و ڕووبەر و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیادی کرد.

شارەکە لەڕووی دیمۆگرافییەوە

لەم شارەدا ڕێژەی ئافرەتان زیاترە لە ڕێژەی پیاوان، خەمڵاندنەکانی ساڵی 2016 ئەوە دەردەخات کە 55%ی دانیشتوانی شارەکە مێینەن بە بەراورد بە نێرەکان کە 45%ی دانیشتوان پێک دەهێنن، هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی ساڵی 2016 تێکڕای تەمەنی هاوڵاتیانی ئەم شارە 60 بۆ 69 ساڵییە و بەدوایدا 50 بۆ 59 ساڵی دێت. زۆرینەی دانیشتوانی پۆرتۆ کە دەکاتە 93.7% لە پورتوگال لەدایکبوون، هەروەها لەنێو دانیشتوانی شارەکەدا ژمارەیەک هاوڵاتی لێیە کە لە بنەڕەتدا لە ئەنگۆلا، بەڕازیل، کەیپ ڤێرد و وڵاتانی ئەورووپا لەدایکبوون. گەشەی دانیشتوانی پۆرتۆ لە ماوەی چەند ساڵێکدا بەرزبووەتەوە، لەگەڵ ئابوورییەکی بەرەوپێشچوو و پیشەسازییەکی گەشتیاری گەشەسەندوو وا چاوەڕوان دەکرێت دانیشتوانی شارەکه لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بێت لە زیادبوون.

کەشوهەوای شاری پۆرتۆ

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای پۆرتۆ تایبەتمەندی کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاستی هەیە و هاوینی گەرمە، لەگەڵ ئەوەشدا وەکوو بەشی بـاکووری ئیسپانیا کاریگەری کەشوهەوای ئۆقیانوسی لەسەرە، لە ئەنجامی ئەمەشدا ئاووهەواکەی چەند تایبەتمەندییەکی هەیە، گەرم و وشکی باشووری ئەورووپا و تەڕی کەناری دەریایی ڕۆژئاوا لە باکووری ئەتڵەسی، ئەمانەش وای لێ دەکەن هاوینی گەرم و وشک و زستانی مامناوەند و باراناوی بێت، هەروەها ڕێژەی دابارینی ساڵانەی بەرزە و لە مانگەکانی زستاندا چڕ بوونەتەوە، ئەمەش شارەکە دەکات بە یەکێک لە تەڕترین شارە گەورەکانی ئەورووپا و تەڕترین شاری سەرەکی کە تایبەتمەندی کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاستی هەیە، بە شێوەیەکی ئاسایی مانگەکانی وەرزی هاوین خۆرەتاون، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەکانی گەرمی لە نێوان 16 و 26 پلەی سەدییدایە، بەڵام ناوبەناو شەپۆلەکانی گەرما ڕوو لە شارەکە دەکەن و ئەم پلەیە بەرز دەبێتەوە بۆ 38 پلەی سەدی. هەروەها کەناراوەکانی نزیکی شارەکه زۆربەی کات باواوین و ساردترن لە ناوچە شارستانییەکان، بەهۆی کاریگەری ئۆقیانووسییەوە تێکڕای پلەی گەرمی وەرزی هاوین چەند پلەیەک ساردترە لەو پلە گەرمییانەی کە پێشبینی کراون لەو شارە پورتوگالییانەی کە زیاتر کیشوەریین و کاریگەری کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاستیان لەسەرە، پلەکانی گەرمی لە وەرزی زستاندا بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوان 6 بۆ 15 پلەی سەدیدایە، و بەدەگمەن پلەکانی گەرمی لە کاتەکانی شەودا بۆ ژێر سفر پلەی سەدی دادەبەزن. هەرچەندە خۆر بە ئاسمانی شارەوە دەدرەوشێتەوە بەڵام کەشوهەوا زۆر جار باراناوییە.

شارەکە لەڕووی گەشتیارییەوە

لە نێوان کانوونی دووەم و تشرینی دووەمی ساڵی 2017 دا، 2.8 ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە شارەکە کردووە و بەشەودا ماونەتەوە، هەروەها 1.4 ملیۆن گەشتیاریش بە ڕۆژدا سەردانی شارەکەیان کردووە کە 73%یان لە وڵاتەکانی ترەوە هاتبوون. لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی راپۆرتێکی ساڵی 2018، داهاتی گەشتیاری بە ڕێژەی زیاتر لە 11% زیادی کردووە. شاری پۆرتۆ خەڵاتی باشترین شوێنی ئەورووپای 2012، 2014 و 2017ی بردەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی مانگی شوباتی ساڵی 2019، زیاتر لە 10%ی چالاکی ئابووری لە شاری پۆرتۆدا لەڕێگەی گەشتوگوزارەوە پەیدا کراوە، لە ساڵی 2017دا ڕێژەی مانەوە لە ئوتێلەکانی شارەکەدا 77% بوو.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکە

  1. تاوەری پیاوی ئایینی
  2. باخچەی کریستاڵ پاڵاس
  3. لیڤاریا لیلۆ
  4. کڵێسای پۆرتۆ
  5. وێستگەی شەمەندەفەری ساو بێنتۆ
  6. شاری فۆز
  7. حەوزی مەلەوانی مارێس
  8. ڕیبەیرە
  9. فرۆشگای پەرتووکی لیڤرەریا لێلۆ


سەرچاوەکان



406 بینین