سیدنی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-22-19:15:00 - کۆدی بابەت: 8027
سیدنی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سیدنی (بە ئینگلیزی: Sydney)، پایتەختی ویلایەتی نیو ساوت وێڵز و ئاوەدانترین شاری ئوسترالیا و ئۆقیانووسیایە. کە دەکەوێتە کەناری ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا، شاری سیدنی له ڕۆژهەڵاتەوە نزیکی کەناری دەریای تاسمانە و لە ڕۆژئاواوە چیای شین، هەروەها لە باکوورەوە نزیکی ڕووباری هاوکێسبێری و لە باشووریشەوە بانی وەرۆنۆرا. دانیشتوانی شارەکە بە "سیدنی ڕەسەن" ناسراون، لە مانگی حوزەیرانی 2020دا، ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکانی سەر بە شاری سیدنی بە 5,367,206,11 کەس مەزەندەکراوە، واتە شارەکە نیشتیمانی نزیکەی 66٪ی دانیشتوانی ویلایەتەکەیە، هەریەک لە 'شاری زمڕووت' و 'شاری بەندەر' نازناوی شارەکەن.

مێژووی شارەکە

ئوسترالییە ڕەسەنەکان بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی 30,000 ساڵ لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بوون، و هەزاران وێنەی هەڵکۆڵراوی ناوچەیی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەجێماون. لە ساڵی 1770دا ئەفسەر جەیمس کوک و دەستەکەی یەکەم ئەورووپی بوون هێڵکاری کەناری ڕۆژهەڵاتی ئوستڕالیایان کرد و لە کەنداوی (بۆتانی) و بەسەر کەشتییەکەیانەوە یەکەمجار ئەم ناوچەیەیان بینی. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر ڕوویان لە ناوچەکە کرد و ئەمەش شارەکەی کرد بە یەکێک لە شارە فرە کولتوورییەکانی جیهان، لەگەڵ ئەوەشدا 45.4%ی دانیشتوانی ئەم شارە لە دەرەوەی ناوچەکە لەدایکبوون، ئەم شارە لەڕووی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر دانیشتوانی لەدایکبووی بیانی و لە دوای شارەکانی لەندەن و نیویۆرکەوە سێیەم گەورەترین شاری جیهانە.

گرنگی شارەکە

سەرەڕای بوونی شارەکە وەکوو یەکێک لە گرانبەهاترین شارەکانی جیهان، سیدنی لە ڕیزبەندی ئەو شارانەی جیهان کە ژیان تێیاندا باشە لە لووتکەدایە، لەلایەن جیهانگەری و تۆڕی توێژینەوەی شارەکانی جیهانەوه بە شارێکی جیهانی ئەلفا دادەنرێت و کاریگەری شارەکە لەسەر ناوچەکە و تەواوی جیهان دیاری دەکەن. لە ساڵی 1850دا زانکۆی سیدنی یەکەم زانکۆی ئوستڕالی بوو و بە یەکێک لە زانکۆ پێشەنگەکانی جیهان دانرا. سیدنی میوانداری چەندین چالاکی وەرزشی نێودەوڵەتی کردووە لەوانە یارییە ئۆڵۆمپييەكانی ساڵی 2000. هەروەها شارەکە لەنێو ئەو 15 شارەی جیهاندایە کە زۆرترین گەشتیار ڕووی تێ دەکات، هەموو ساڵێک ملیۆنان گەشتیار سەردانی شارەکە دەکەن.

دانیشتوانی سیدنی

لە ساڵی 2016دا ژمارەی دانیشتوانی شارەکە بە 4.92 ملیۆن کەس خەمڵێندرا. هەروەها ئەنجامی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2011 کە لە حوزەیرانی 2012دا بڵاوکرایەوە، ئەوەی پیشاندا کە ژمارەی دانیشتوانی فەرمی شارەکە 4,391,674 کەس بوو. ئەمەش بە بەراورد بە سەرژمێرییەکەی ساڵی 2006 دانیشتوانی سیدنی بە ڕێژەی 6.6% گەشەی کردووە.

گەشەی دانیشتوانی شارەکە

شاری سیدنی بەخێرایی گەشە دەکات، پێ دەچێت تا ساڵی 2060 ژمارەی دانیشتوانی شارەکە بۆ حەوت ملیۆن کەس بەرزببێتەوە، سیدنی بە شێوەیەکی بەرفراوان بە یەکێک لە هەمەجۆرترین و فرە کولتوورترین شارەکانی جیهان دەناسرێتەوە، نزیکەی 45%ی ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ لە شارەکەدا دەژین لە دەرەوەی ئوسترالیا لەدایکبوون. هەروەها هاوڵاتیانی ڕەسەنی هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا و چین لە شارەکەدا نیشتەجێن، 4.3%ی دانیشتوانی سیدنی یان نزیکەی 175,000 کەس، لە بنەڕەتدا خەڵکی بەریتانیان و 3.5%ی دانیشتوانیش خەڵکی چینن، بە تەماشاکردنی ڕەچەڵەکی دانیشتوانی شارەکە گەلێ بەڵگەمان دەست دەکەوێت سەبارەت بەوەی چۆن ناسنامەی هەمەجۆری شارەکە گەشەی کردووە و بەپێی تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە. هەرچەندە 25.7%ی دانیشتوان شارەکە بە ئوسترالی خۆیان دەدەن لە قەڵەم، بەڵام زیاتر لە 40%ی دانیشتوان بە ڕەچەڵەک ئینگلیزی و سکۆتلەندی یان ئیرلەدین. هەرچەندە، بەهۆی شەپۆلەکانی کۆچکردن بۆ وڵاتی ئوسترالیا 8.2%ی دانیشتوان خەڵکی ڕەسەنی چینن، 4.2% ئیتالی، 2.5% ئەڵمانی و 2.6% یۆنانین.

ئایین

لە ڕووی ئایینەوە، دانیشتوانی سیدنی بەزۆری مەسیحیین، بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2011، کاسۆلیکی ڕۆمانی گەورەترین گروپی ئایینی شاری سیدنییە بە ڕێژەی 28.3%، بە دوایدا ئەنگلیکانەکان دێت کە 16.1%ی دانیشتوان پێک دەهێنن، پاشانیش ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات بە ڕێژەی 4.8% و ئیسلام 4.4% پێکدێن. هەروەها زیاتر لە 17.6%ی دانیشتوان هیچ ئایینێکیان نییە.

کەشوهەوای شارەکە

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری سیدنی کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوینی گەرمە و زستانی ساردە، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە تا ئازار شەپۆلەکانی گەرما ڕوو لە ناوچەکە دەکەن و با لە بیابانەوە هەڵ دەکات و پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە بۆ سەرووی 35 پلەی سەدی. هەروەها ڕێژەی دابارینی ساڵانەی شارەکە نزیکەی 1,000 ملیمەترە و وەرزی بەهار وشکترین وەرزی ساڵە، لە کاتێکدا مانگەکانی شوبات و حوزەیران تەڕترین مانگەکانی ساڵن، لە ساڵێکدا نزیکەی 2,600 کاتژمێر خۆر بە ئاسمانی شارەوە دەدرەوشێتەوە، وەرزی زستان، لە مانگی حوزەیرانەوە تا مانگی ئاب دەخایەنێت، وەرزێکی مامناوەندە، بەڵام باراناوییە بەتایبەتیش لە مانگی حوزەیراندا. لەڕاستیدا هەرگیز کەشوهەوای شارەکە زۆر سارد نابێت و پلەکانی گەرما نزیکی پلەی بەستن نابنەوە، لە مانگی تەمووزی ساڵی 1968دا پلەی گەرمی دابەزی بۆ 4- پلەی سەدی، بەهاری ئەم شارە لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ دەکات تا تشرینی دووەم، کەشوهەوا گەرمێکی خۆشە و بەگشتی بارانی زۆری لێ نابارێت، وەرزی هاوینیش لە کانوونی یەکەمەوە تا مانگی ئازار دەخایەنێت، کەش گەرمە و تێکڕای پلەکانی گەرما مامناوەندە و زۆر بەرز نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەکی گشتی کەش خۆشە و شنەبای دەریاییش بەردەوام لە دوانیوەڕۆدا هەڵ دەکات، پاییزیش لە مانگی نیسان تا ئایار دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا زۆر مامناوەندە، بەڵام وەرزێکی باراناوییە، باشترین وەرز بۆ سەردانکردنی سیدنی بەهارە، واتە لە مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەم، چونکە کەشی شارەکە زۆر مامناوەند و هەتاوییە.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی شارەکە

  1. خاتووی ئۆپێرا سیدنی
  2. پردی بەندەری سیدنی
  3. باخچەی ئاژەڵانی تارۆنگا
  4. تاوەری سیدنی
  5. گەڕەکی زە ڕۆکس
  6. بەندەری دارلینگ
  7. پێشانگای زیندەوەرانی ئاوی سیدنی
  8. باخچەی ڕووەکی شاهانەی سیدنی
  9. دوورگەی توتی پۆینەدر
  10. کەنار دەریای بۆندی
  11. کەنداوی واتسن
  12. کەنار دەریای مانلی
  13. هاید پارک
  14. پارکی لۆنا
  15. مۆزەخانەی دەریایی نەتەوەیی ئوسترالی
  16. تەلاری شاژنە ڤیکتۆریا
  17. مۆزەخانەی وێسگەی پێکهێنانی هێزی کارەبایی
  18. مۆزەخانەی ئوسترالی
  19. باخچەی چینی هاوڕێیەتی
  20. مۆزەخانەی هونەری سەردەمی ئوسترالیا


سەرچاوەکان



536 بینین