سیئۆل

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-26-23:56:00 - کۆدی بابەت: 8050
سیئۆل

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سیئۆل (بە ئینگلیزی: Seoul، بە کۆری: 서울)، بە فەرمی شاری تایبەتی سیئۆل، پایتەخت و گەورەترین شاری سەرەکی کۆریای باشوورە، ژمارەی دانیشتوانی شاری سیئۆل 9.7 ملیۆن کەسە و لەلایەن جیهانگەری و تۆڕی توێژینەوەی شارەکانی جیهانەوه (GaWC) بە شارێکی جیهانی ئەلفا دادەنرێت، لە ساڵی 2014دا سیئۆلی زلشار خاوەنی چوارەم گەورەترین ئابووری جیهان بوو لە دوای تۆکیۆ، نیویۆرک و لۆس ئەنجلس. شاری سیئۆل دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای کۆریای باشوور و ڕووبەری ڕووی شارەکە 605.21 کیلۆمەتر دووجا دەگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندی تەکنەلۆجیا سەرەکییەکان لە گانگانام و دیجیتاڵ میدیا سیتین، ناوچەی پایتەختی سیئۆل نیشتیمانی 15 بارەگای 500 گەورەترین کۆمپانیاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، لەوانە سامسۆنگ، ئێڵ جی و هیوندای. هەروەها پێنج شوێنەواری کەلەپووری جیهانی یوونسکۆ لە شارەکەدان.

دانیشتوانی شارەکە

لە ساڵی 2016دا ژمارەی دانیشتوانی شاری سیئۆل بە 10.29 ملیۆن کەس خەمڵێندرا، هەرچەنده ئەمە تەنیا ژمارەی دانیشتوانی خودی شارەکەیە نەک تەواوی ناوچەکانی دەوروبەری سیئۆل، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی دانیشتوانی تەواوی ناوچەکانی سەر بە پایتەخت زیاتر لە 25.6 ملیۆن کەسە. هەروەها چڕی دانیشتوانی شارەکە نزیکەی 17,000 کەسە لە هەر کیلۆمەترێکی دووجادا، بەمەش چڕی دانیشتوانی شارەکە دوو هێندەی چڕی دانیشتوانی نیویۆرک، چوار ئەوەندەی لۆس ئەنجلس و هەشت ئەوەندەی شاری ڕۆمایە.

دیمۆگرافی سیئۆل

شاری سیئۆل خاوەنی دانیشتوانێکی زۆر هاوچەشنە، ئەگەرچی زۆربەی دانیشتوانی شارەکە کۆرین. لەگەڵ ئەوەشدا که‌مه‌نه‌ته‌وەیەکی بچووکی ئاوارەکانی ژاپۆن و چین لە شارەکەدا دەژین. لە ساڵی 2010دا، 255,500 کەسی بیانی لەناو شارەکەدا بوون، لە کۆتایی حوزەیرانی 2011دا ژمارەی بیانییەکان بەرزبوویەوە بۆ 281,700 کەس، لەڕووی ئایینیشەوە، هەریەک لە ئایینەکانی مەسیحیەت و بودیزم زۆرترین پەیڕەوکەرانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئایینەکانی تری وەکوو کۆنفوسیانیزم لە سیئۆل پەیڕەو دەکرێت.

مێژووی شارەکە

مێژووی دامەزراندنی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 18ی پێش زایینی و یەکەم زانیاری تۆمارکراو دەربارەی سیئۆل پایتەختی شانشینی (بایکجی) بوو بە ناوی (وی ری سۆنگ). لە سەردەمی شانشینی جۆسۆن کە لە ساڵی 1394دا دامەزرا شارەکە بوو بە پایتەخت و ناونرا (هان یانگ). هەروەها لەکاتی داگیرکردنی ژاپۆندا ناوی (جیۆنگ سۆنگ)ی لێنرا، پاشان دوای ئازادکردنی لە ساڵی 1945دا ناوی سیئۆلی لێنرایەوە. شارەکە لە بنەڕەتدا بە دیوارێکی بەردی بازنەیی دەورەدرا بوو کە بەرزیەکەی 6 مەتر بوو و بە مەبەستی بەرقەرارکردنی ئاسایشی هاوڵاتیان لە دزەکان، هێرش و ئاژەڵە کێوییەکان دروست کرا، لە کاتی جەنگی کۆریادا، کە لە نێوان هێزەکانی کۆریای باکوور و هێزەکانی کۆریای باشووردا ڕوویدا، شارەکە زیانی زۆرتری پێگەیشت. ئاوارەکانیش لە کاتی جەنگدا بە لێشاو ڕوویان دەکردە ناوچەکە و ژمارەی دانیشتوانەکەشی بۆ 2.5 ملیۆن کەس بەرزبووەوە، کە زیاتر لە 50%یان ئاوارە بوون، لە ئێستادا شاری سیئۆل زیاتر لە 24%ی تەواوی دانیشتوانی کۆریای باشوور پێک دەهێنێت.

کەشوهەوای شارەکە

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شارەکە ئاووهەوایەکی کیشوەری شێداری هەیە لەگەڵ زۆری ڕێژەی دابارین و گۆڕانی پلەکانی گەرمی بەدرێژایی ساڵ، بە شێوەیەکی گشتی و بەهۆی چالاکییە مرۆییەکان و بوونی کارگە و باڵەخانەکان کەشوهەوای ناوچەکانی دەوروبەری شاری سیئۆل ساردترە بە بەراورد بە ناو شارەکە، هاوینی سیئۆل گەرم و شێدارە، مانگی ئاب گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەکانی گەرما 23.4 تا 32.6 پلەی سەدییە. هەروەها لە کاتە زۆر گەرمەکاندا پلەکانی گەرما 40 پلەی سەدی تێدەپەڕێنن، بەگشتی زستانی شارەکە سارد و پلەکانی گەرما نزیکی پلەی بەستن دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەکانی گەرما 1.5 تا 5.9- پلەی سەدییە. ئەم وەرزە بە شێویەکی گشتی زۆر لە وەرزی هاوین وشکترە و تێکڕای بەفر بارین 24.9 ڕۆژە لە ساڵێکدا. هەندێک جار پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن بۆ خوار 10- پلەی سەدی، هەروەها لە ناوەڕاستی زستان و لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا پلەکانی گەرما بە نزمتر لە 20- پلەی سەدی تۆمارکراون.

هەندێک لە شوێنە بەناوبانگەکانی شارەکە

  1. تاوەری ئێن سیئۆل
  2. گوندی دێرینی بوکچۆن هانۆک
  3. مۆزەخانەی نەتەوەیی کۆریا
  4. تاوەری جیهانی لۆتی
  5. ھەرێمی چەک داماڵراو (DMZ)
  6. کۆشکی گیۆنگ بۆکگیۆنگ
  7. مۆزەخانەی هونەری سیئۆل
  8. خانووی شین
  9. پەرستگای بۆنگونسا
  10. پەرستگای جینگوانسا و پارکی نەتەوەیی بوخانسان
  11. بازاڕی گوانگجانگ
  12. ماسکی کۆری نەریتی لە کۆگایەکی شەقامی ئینسادۆنگ


سەرچاوەکان



638 بینین