تاڤگەی بێخاڵ

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-03-30-20:10:00 - کۆدی بابەت: 8088
تاڤگەی بێخاڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تاڤگەی بێخاڵ (بە ئینگلیزی: Bekhal waterfalls، بە عەرەبی: شلال بیخال)، كەوتووەتە نێوان چەند لووتكە چیایەكی بەرز و پێك هاتووە لە تاڤگەیەكی سروشتی كە دەڕژێتە خوارەوە و دیمەنێكی دڵڕفێنی هەیە، دەکەوێتە قەزای ڕەواندز لە پارێزگای هەولێر بە دووری ١٠ کیلۆمەتر و ١١٢ کیلۆمەتریش لە چەقی هەولێرەوە دوورە، تاڤگەی بێخاڵ دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ و ڕێگای گەلی عەلی بەگ یان ڕێگای ڕەواندز بەکاردەهێنرێت بۆ گەیشتن بە تاڤگەکە، ئەم تاڤگەیە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و خەڵکی لە سەرەتای بەھار تا کۆتایی ھاوین سەردانی دەکەن، بەتایبەتی خەڵکی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و خەڵکی بیانی و ناوخۆیی ڕووی تێدەکەن، لە ئەم ناوچەیەدا چەندان چێشتخانە، چایخانەی میللی، جێگەی خۆش رابواردن بۆ خێزانداران و گەشتیاران هەیە کە لە سەرەتای وەرزی بەهارەوە تاکۆتای وەرزی پاییز سەردانی دەکەن.

لە ڕووی گەشتیارییەوە

ئەم تاڤگەیە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری گرنگی  ناوچەکە، گەشتیاران لە چەندین ناوچەی جیاوازەوە سەردانی دەکەن بەتایبەت لە وەرزەکانی هاوین و پاییز.

کەی ڕێگاکەی قیرتاو کراوە؟

لە بەرواری 10/5/2021 لە لایەن فەرمانگەی چاكردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆرانەوە پڕۆژەی قیرتاوكردنی چەند شوێنێكی رێگای هاوینەهەواری بێخاڵ جێبەجێ‌ کراوە کە بەربەستی زۆری بۆ شۆفێران و گەشتیاران و خەڵكی ڕەواندز دروست كردبوو.

گرفتەکانی تاڤگەکە

ئەم تاڤگەیە سروشتێكی جوانی هەیە و گەشتیار چێژ لە جوانی و دیمەنەكەی وەردەگرێت، بەڵام گرانی نرخ و شوێنی مانەوە بۆ گەشتیاران مایەی نیگەرانییە، بەتایبەت خواردن، پێویستە زیاتر بایەخ بە دانانی بەربەست بدرێت بۆ کەناری ئەو شوێنانەی دەڕوانێت بەسەر ئاوەکەدا و مەترسیدارە، چونكە ساڵانە چەندین منداڵ بەهۆی ناشارەزاییەوە لە ئاوەكەدا دەخنكێن، هەروەها نەبوونی چەندین خزمەتگوزاری وەک نەبوونی هێماکانی هاتوچۆ و تەوالێت لەوشوێنانەی بۆ گەشتیار پێویستن گرفتێکی دیکەیە و پێویستی بە چارەسەرکردنە.


سەرچاوەکان



1300 بینین