یەکەمین سوڕی مانگانە دوای لەبارچوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-02-23:12:00 - کۆدی بابەت: 8117
یەکەمین سوڕی مانگانە دوای لەبارچوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لەبارچوون واتە کۆتایهاتنی دووگیانی کە پێش هەفتەی ٢٠ـەم ڕوودەدات، خوێنبەربوون لە کاتی لەبارچوون و دوای لەبارچوون حاڵەتێکی ئاساییە و هەموو خانمێک دەیبێت، بەڵام پێویستی بە چەند هەفتەیەکە بۆ ئەوەی یەکەمین سوڕی مانگانەی دەست پێ بکاتەوە دوای لەبارچوونەکە، بەگشتی خانمەکە ٤ بۆ ٨ هەفتە دوای لەبارچوون دەکەوێتەوە سوڕی مانگانە چونکە لەبارچوون منداڵدان خاڵی دەکات کەواتە سوڕی مانگانە سەرلەنوێ دەست پێ دەکاتەوە، کاتی کەوتنەوە سوڕی مانگانەی خانمێک بەندە لەسەر ئەوەی کە ئایا ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی بەکاردەهێنێت و یاخود نا، ئەگەر بەکاری دەهێنێت کام ڕێگایە، هەروەها تاکوو سکەکەت گەورە بووبێت سوڕی مانگانەکە قورستر و توندتر دەبێت ئەگەر هاتوو خانمێک دوای هەشت هەفتە لە تێپەڕبوونی لەبارچوونەکەی نەکەوێتەوە سوڕی مانگانە دەبێت سەردانی پزیشک بکات.

نیشانەکان

لە کاتی لەبارچووندا جەستە هەوڵدەدات تەواوی شانەکانی منداڵدان لەڕێگەی زێوە بکاتە دەرەوە و دووچاری گرژبوونی توند و خوێنبەربوون و ئازاری سک و پشت دەبیتەوە و ئەگەری هەیە ئەمە چەند ڕۆژ یان چەند هەفتەیەک درێژە بکێشێت، هەربۆیە یەکەمین سوڕی مانگانەی دوای لەبارچوون جیاوازتر دەبێت لە سوڕەکانی دیکە و چەند نیشانەیەکی هەیە کە ئەمانەن:

  • قورسترە لە ڕێژەی ئاسایی
  • ماوەی خوێنبەربوونەکە درێژترە
  • ئازاری سوڕی مانگانە زیاترە
  • خوێنبەربوونەکە توندترە
  • هەبوونی دەردراوێکی بۆن ناخۆش لەگەڵیدا

بۆچی یەکەمین سوڕی مانگانەی دوای لەبارچوون جیاوازترە؟

کاتێک دووگیان دەبیت هۆڕمۆنەکانی جەستەت گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت، کاتێک منداڵەکە لەباردەچێت و پێویستە دووبارە سوڕی مانگانە دەست پێ بکاتەوە بەخێرایی ناتوانن بگەڕێنەوە باری ئاسایی خۆیان، واتە پێش دووگیانی بۆیە کاتی پێویستە تاکوو سوڕی مانگانەکەت ڕێک دەبێتەوە، ئەگەر هاتوو پێش دووگیانی سوڕی مانگانەکەت هەر ناڕێک بووە ئەوا دوای لەبارچوونەکەشت بەهەمان شێوە سوڕەکەت هەر ناڕێک دەبێت وەک پێشتر.

چارەسەر

لەبەرئەوەی ئەم سوڕی مانگانەیەی دوای لەبارچوون جیاوازە و توندترە، ئازار و گرفتەکان زیاتر دەبن لە پێشتر و بۆیە پێویستە چەند ڕێنوێنییەک لەبارچاو بگیرێت:

  • شەڵتەی گەرم بخە سەر سکت یاخود پشتت
  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی تامپۆن و لەبری ئەوە تەنها سانتی بەکاربهێنە
  • وەرگرتنی ئازارشکێنەکانی وەک، پاڕاسیتامۆڵ، پۆنستان، ئیبۆپڕۆفین.
  • وازهێنان لە لەبەرکردنی ستیان، چونکە لەوکاتەدا مەمک توندە و ڕەق بووە و ئازاری هەیە

کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟

ئاساییە دوای لەبارچوون نزیکەی هەشت هەفتە پێویستە تاکوو هۆڕمۆنەکان بگەڕێنەوە باری ئاسایی خۆیان، بۆیە سوڕی مانگانەکەت بەدڵنییایەوە جیاوازتر دەبێت لە جاران، بەڵام ئەگەر هاتوو هەر یەکە لەم نیشانانەت بەدی کرد دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت:

  • هەبوونی چەند سوڕێکی مانگانە کە زۆر جیاوازتر و توندتر بێت لە جاران
  • یاخود سوڕی مانگانەت دوای هەشت هەفتەش لە تێپەڕبوونی لەبارچوون دەستی پێ نەکردبێتەوە
  • سوڕی مانگانەکەت زۆر ناڕێک بێت

چەند زانیارییەک

  • ئەگەر هاتوو خانمەکە بە ڕێگای نەشتەرگەری منداڵەکەی لەبارچووبێت ئەوا ئەگەری هەیە دەستپێکی یەکەمین سوڕی مانگانەی دوای لەبارچوونەکە کەمتر بێت، بەڵام ئەگەر بە ڕێگای دەرمانی پزیشکی لەبارچووبێت لەوانەیە درێژتر ببێتەوە.
  • ئەگەر لەبارچوونەکە بە ڕێگای دەرمانی پزیشکی بووبێت، ئەگەری زۆرە بڕی خوێنی سوڕی مانگانەکە زۆر بێت و سوڕەکە توند و کڵۆخوێنی لەگەڵدا بێت.
  • بوونی هەر بۆنێکی ناخۆش یاخود دەردراوێکی جیاواز لەگەڵ خوێنەکەدا بە ئەگەری زۆرەوە نیشانەیە بۆ تووشبوونی میکرۆبی.


سەرچاوەکان



2777 بینین