پەمەیی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-02-23:45:00 - کۆدی بابەت: 8118
پەمەیی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەنگی پەمەیی (بە ئینگلیزی: Pink) (بە عەرەبی: زهري) ڕەنگی گوڵی کێوی ڕەنگ پەمەییە و سێبەری کاڵی ڕەنگی سوورە، بۆ یەکەمجار لە سەدەی ١٧دا وەک ڕەنگێکی سەربەخۆ بەکارهات، پێوەرەکان لە ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕەنگی پەمەیی پەیوەست دەکەن بە جوانی و ڕەوشت و هەستیاری و نەرم و نیانی و شیرینی و منداڵی و مێینەیی و ڕۆمانسییەتەوە، بەکارهێنانی ڕەنگی پەمەیی لەگەڵ ڕەنگی سپیدا پەیوەستە بە بێگەردی و بێتاوانییەوە، لە کاتێکدا کە بەکارهێنانی ڕەنگی پەمەیی لەگەڵ ڕەنگی ڕەشدا پەیوەستە بە شەهوەت و فریودانەوە.

مێژوو

ڕەنگی پەمەیی نزیکەی ٨٠٠ ساڵ پێش زایین وەک ڕەنگ ناسرا، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ڕەنگێکی باو نەبوو لە جلوبەرگدا، لە سەدەی بووژانەوە (بە ئینگلیزی: Renaissance) ڕەنگی پەمەیی لە تابلۆکاندا بۆ ڕەنگکردنی ڕووخسار و دەستەکان بەکاردەهات، لە سەدەی ١٩دا قردێلەی پەمەیی لەلایەن کوڕە گەنجەکانەوە دەپۆشرا، ئەمە لە کاتێکدا کە پیاوان جلی فەرمی سووریان لەبەر دەکرد، لە ڕاستیدا پێش داهێنانی بۆیەی کیمیایی جلی منداڵان زۆربەی کات سپی بوو، چونکە جلەکانیان هەر ڕەنگێک بوایە دوای شۆردنیان لە ئاوی گەرمدا بەخێرایی ڕەنگەکەی نەدەما و دەبوو بە سپی.

زانست و سروشت

زانستی بینین

لە زانستی بینیندا وشەی پەمەیی بە هەر ڕەنگێکی سێبەری کاڵی نێوان سووری شینباو و سوور لە تێریی مامناوەندەوە بۆ کاڵییەکی بەرز و لە تێریی کەمەوە بۆ نێوەند دەوترێت، هەروەها بەشێوەیەکی گشتی ڕەنگی پەمەیی بە ڕەنگی کاڵی ڕەنگی سوور دادەنرێت، زۆربەی ڕەنگە کاڵەکانی ڕەنگی پەمەیی کەمێک شینباون و دەکەونە نێوان سوور و سووری ئەرخەوانییەوە.

خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون

کاتێک تیشکی سپیی خۆر بە بەرگەهەوادا تێپەڕ دەبێت، هەندێک لە ڕەنگەکان بەهۆی گورزەی دەنکۆڵەکانی هەواوە دەدرێنەوە، کە ئەمەش پێی دەوترێت (Rayleigh scattering)، ئەو ڕەنگانەی درێژی شەپۆلیان کورتە وەک شین و سەوز بە بەهێزتر دەدرێنەوە و لەو ڕووناکییەدا نامێنن کە بە چاو دەگات، لە کاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابووندا کاتێک کە تێپەڕینی تیشکی خۆر بە بەرگەهەوا و گەیشتنی بە چاوەکان درێژترینە، پێکهێنەرە ڕەنگ سەوز و شینەکان بەتەواوی نامێنن، ئەوەی دەمێنێتەوە ڕووناکی درێژی شەپۆلی درێژتری پرتەقاڵی و سوور و پەمەییە، تیشکی خۆری ماوەی پەمەییباو دەکرێت لەلایەن هەورەکان و دەنکۆڵە گەورەترەکانی ترەوە بدرێتەوە، کە ئەمەش ڕووناکییەکی پەمەیی یان سوور بە ئاسمان دەبەخشێت.

ڕەنگی پەمەیی گۆشت و خواردنی دەریایی

گۆشتی خاو پەمەییە لەبەر ئەوەی ماسولکەی ئاژەڵە بڕبڕەدارەکانی وەک مانگا و بەراز پڕۆتینێکیان تێدایە کە پێی دەوترێت مایۆگڵۆبین، مایۆگڵۆبین پەیوەست دەبێت لەگەڵ گەردەکانی ئۆکسجین و ئاسندا، کاتێک گۆشتی خاو لێدەنرێت پڕۆتینی مایۆگڵۆبین تووشی ئۆکسان دەبێت و ڕەنگی لە سوورەوە دەگۆڕێت بۆ پەمەیی و پاشان بۆ قاوەیی.

گوێچکەماسی و چەند خواردنێکی تری دەریایی وەک ماسی ساڵمن بۆیەی کارۆتینۆیدی ڕەنگ پەمەییان تێدایە کە پێی دەوترێت ئەستاکزاسین (بە ئینگلیزی:astaxanthin).

ڕووەک و گوڵ

پەمەیی یەکێکە لە باوترین ڕەنگەکانی گوڵ، ئەم ڕەنگە هۆکارێکە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی باڵندە و مێرووەکان بۆ گواستنەوەی هەڵاڵە، هۆکاری ئەم ڕەنگەی گوڵەکان بۆیەیەکی سروشتییە کە پێی دەوترێت ئەنسۆسیانینەکان (بە ئینگلیزی: anthocyanins).

واتا و بەکارهێنان

ڕەنگی پەمەیی دەرخەری مێینەیی و بەکەیفی و ڕۆمانسییەتە، لەسەردەمی پێشکەوتوودا مەحاڵە کە ڕەنگی پەمەیی ببینیت و بیر لە کچی بچووک و شیرینی و بنێشتی ڕەنگ کاڵ نەکەیتەوە، لەگەڵ مێینەیی و ڕۆمانسییەتدا دەرخەری هەستیاری و دڵنەرمییە، هەروەها خۆی لە خۆیدا ڕەنگێکی شیرین و ژیکەڵە و دڵبەرە.

ڕەنگی پەمەیی لەگەڵ قاوەییدا لە لۆگۆی بازرگانیدا کەمترین بەکارهێنانی هەیە، کۆمپانیاکانی تایبەت بە هاوسەرگیری و بڕاندە خانمانەکان زیاتر ڕەنگی پەمەیی ڕووناک و کاڵ بەکاردەهێنن.

لە ئەو بازرگانی و کارانەی کە تایبەتن بە خانمان و پێداویستی خانمان ڕەنگی پەمەیی هەڵبژاردەیەکی گونجاو دەبێت.

خواردن و خواردنەوە

ڕەنگی پەمەیی زیاتر پەیوەستکراوە بە خواردن و خواردنەوە شیرینەکانەوە، هەروەها بە توندی پەیوەستکراوە بەو بۆنانەوە کە بۆنی گوڵن، زۆربەی ئەو خۆراکانەشی بە تامی شلیک و تووتڕکن ڕەنگییان پەمەیی یان سووری کاڵە، ئەو خۆراکانەشی کە بە تامی گێلاسن ڕەنگێکی سووری تێریان هەیە و بەو ڕەنگەیان جیادەکرێنەوە.

ڕەگەز

ڕەنگی پەمەیی زۆرجار پەیوەستە بە کچەوە، لە کاتێکدا کە ڕەنگی شین پەیوەستە بە کوڕەوە، ئەم ڕەنگانە بۆ یەکەمجار وەک ڕەگەز ناسێنەر لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا بەکارهات، ڕەنگی پەمەیی بۆ یەکەمجار وەک دیاریکەری ڕەگەزی کچ لە ساڵی ١٩٤٠ جیاکرایەوە، لە سەدەی ٢٠دا ئەم بەکارهێنانە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازبوو و ڕەنگی پەمەیی هەندێک جار بۆ کچ و هەندێک جار بۆ کوڕ بەکاردەهات.


سەرچاوەکان



1558 بینین