ڕۆژووگرتن لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-03-23:50:00 - کۆدی بابەت: 8128
ڕۆژووگرتن لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا موسوڵمانان ڕۆژوو دەگرن و خانمانی دووگیانیش وەک هەر تاکێکی دیکە پێیان خۆشە کە بەڕۆژووبن بەڵام بەهۆی بارودۆخە تایبەتەکەیانەوە دەبێت وریابن و ئاگاداری خۆیان بن، دووگیانی لە سێ مانگی یەکەم و دووەم و سێیەم پێکهاتووە، ئەو خانمانەی کە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدان دەبێت وریاتربن چونکە سێ مانگی یەکەم سێ مانگی دروستبوونی ئەندامەکانی منداڵەکەیە و زۆر هەستیارە.

سێ مانگی یەکەم و ڕۆژووگرتن

گومانی تێدا نییە ڕۆژووگرتن لە ڕووی تەندروستییەوە سوودێکی زۆری هەیە، بەڵام ماوەی دووگیانی ماوەیەکی تەواو جیاواز و هەستیاره بەتایبەت سێ مانگی یەکەم، گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان و کێشەی دڵتێکچوون و ڕشانەوە و بێهێزی هەموو ئەمانە نیشانە باوەکانی سێ مانگی یەکەمن کە کێشە بۆ دایکەکە دروست دەکات و دەبێت وریابێت.

مەرجەکانی ڕۆژووگرتن

ڕۆژووگرتن لە دوو هەفتەی سەرەتای دووگیانیدا پەیوەستە بەوەوەی کە دایکەکە لەڕووی جەستەییەوە چۆن بێت، ئەگەر دایکێک لەگەڵ دووگیانیەکەیدا ئەم کێشانەی هەبێت نابێت بەهیچ شێوەیەک ڕۆژوو بگرێت:

  •  تووشبووی شەکرە بێت
  •  نەخۆشییەکانی گورچیلە، و بەردی گورچیلە
  •  بەرزی یاخود نزمی پەستانی خوێن
  •  بێزوو کردن بە خواردنەوە
  • کەمی ڕێژەی شەکر لە جەستەدا 
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • دایکەکە پێشتر پێشینەی منداڵبوونی پێش وەختەی هەبووبێت.

ئایا خانمان دەتوانن لە سێ مانگی یەکەمدا ڕۆژووبگرن؟

ڕۆژووگرتن لە دوو هەفتەی سەرەتای دووگیانیدا پەیوەستە بەوەی کە دایکەکە لەڕووی جەستەییەوە چۆن بێت، بەگشتی سێ مانگی یەکەم دایکان واباشترە بەڕۆژوونەبن چونکە برسێتی کاریگەری زۆر دەخاتە سەر دروستبوون و گەشەی کۆرپەکە بەتایبەت ئەگەر کەشوهەوا گەرم بێت و ڕۆژگار درێژ بێت، دەکرێت کۆرپەکە تووشی چەند کێشەیەک ببێتەوە وەک:

کەمی پڕۆتین

دایکان بۆ دەستکەوتنی وزەیان دەبێت ڕۆژانە بڕێکی کەم خواردن بخۆن و بەڵام بە بەردەوامی و ژەمی زیاد، تاکوو وزەی تەواویان دەست بکەوێت کە ٣٠٠ کالۆرییە لە ڕۆژێکدا، پڕۆتین ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەی کۆرپەدا، هەر بۆیە ئەگەر دایکەکە ماوەیەکی زۆر برسی بێت کۆرپەکە تووشی کەمی پڕۆتین دەبێتەوە،  سێ مانگی یەکەم باشترین کاتە بۆ گەشەکردنی خانەکانی مێشک و دەمار کاتێک خۆراکی باش نەگات بە منداڵەکە ئەگەری نەخۆشییەکانی کۆئەندامی دەمار و مێشک و نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک شیزۆفرینیا زیاد دەکات.

کەمیی شەکر

لە سێ مانگی یەکەمدا مێشکی کۆرپەکە لە حاڵەتی گەشەکردندایە و پێویستی بە گلوکۆزی ڕاستەوخۆیە لە دایکییەوە، هەربۆیە ڕۆژووگرتن لەم کاتەدا باش نییە و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی شەکر و لە ئەنجامدا بڕێکی باش ناچێت بۆ کۆرپەکە، بۆیە جەستە بۆ بەدەستخستنی وزە دەست دەکات بە لەناوبردنی خانە چەورییەکان ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ماددەیەک بەناوی کیتۆن (هەر پۆلێکی ئاوێتەی ئەندامییە کە گروپێکی کاربۆنیلی پێوەیە و لەم گرووپەدا گەردی کاربۆن بەندی هاوبەشی لەگەڵ گەردی ئۆکسجین دروست کردووە), کیتۆنەکان  لە لەشدا لە کاتی کەمی کالۆریی لەلایەن جگەرەوە بەرهەم دەهێنرێن، هەروەها وەک سەرچاوەیەکی وزە بەکاردێن کاتێک کە بڕی پێویستی گلوکۆز لە لەشدا نەبێت، ئەم کیتۆنانە ماددەی زیانبەخشن بۆ کۆرپەکە و دوای تێپەبوونیان لە وێڵاشەوە بۆ کۆرپەکە زیانی لێ دەدەن کە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە گەشەکردنی مێشکی منداڵەکە و لە داهاتوودا کار دەکاتە سەر توانای فێربوونی منداڵەکە.

وشکبوونەوەی جەستە

کاتێک کەشوهەوا گەرم بێت و ڕۆژگاریش درێژ بێت ڕۆژووگرتن هۆکارێکە تاکوو دایکەکە وشک ببێتەوە، بەتایبەت خانمان لە سێ مانگی یەکەمدا تووشی ڕشانەوە دەبن و ئەمەش زیاتر تووشی وشکبوونەوە و بێهێزییان دەکات، کە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دایک و منداڵەکە.

لە ئەنجامدا

بەگشتی بەهۆی بارودۆخە تایبەتەکەی دایکانی دووگیان و گرنگی سێ مانگی سەرەتا ڕۆژووگرتن باش نییە، بەڵام ئەمە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی دیکە دەگۆڕرێت و پەیوەستە بە توانای جەستەیی دایکەکەوە، ئەگەر دایکێک دووچاری هیچ کێشەیەک نەبوویەوە دەتوانێت ڕۆژوو بگرێت، هەروەها واباشترە خانمان پرس بە پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون بکەن و ئەو بڕیار بدات لەسەر ڕۆژووگرتنیان یاخود نا، بەپێی پشکنینەکانی خانمەکە و توانای جەستەیی، بێگومان لە ڕووی شەرعیشەوە ئەگەر خانمێک نەتوانێت ڕۆژوو بگرێت بەهۆی ئەم کێشانەوە زۆر ئاساییە و نابێت ڕۆژوو بگرێت تاکوو زیانی جەستەیی نەبێت بۆ خۆی و منداڵەکەی.


سەرچاوەکان



4497 بینین