دابەزینی شەکری خوێن لە کاتی ڕۆژووگرتندا 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-07-20:37:00 - کۆدی بابەت: 8162
دابەزینی شەکری خوێن لە کاتی ڕۆژووگرتندا 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕۆژووگرتن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا ئەرکە لەسەر موسوڵمانان و بەگشتی زۆرینە بەڕۆژوودەبن، لەگەڵ سوودە زۆرەکانی ڕۆژوودا کۆمەڵێک زیانیشی هەیە بۆ ئەو کەسانەی بە هۆکارێک ناتوانن کە ڕۆژوو بگرن، بەڵام ئایینی ئیسلام چارەسەری بۆ هەموو کێشەیەک داناوە و ڕۆژووگرتنی لەسەر هەموو کەسێک فەرز نەکردووە و کەسانێک کە مەرجەکانی ڕۆژووگرتنیان تێدا نەبێت ڕێگا چارەیان بۆ دانراوە.

ناساندن

دابەزینی شەکری خوێن (بە ئینگلیزی: hypoglycemia) حاڵەتێکە کە تێیدا ڕێژەی شەکری ناو خوێن کە گلوکۆزە کەمترە لە ڕێژەیی ئاسایی، گلوکۆز سەرچاوەی سەرەکی وزەی جەستەیە، بەگشتی دابەزینی شەکری خوێن لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە تووشبووی نەخۆشی شەکرەن و دەرمان بەکاردەهێنن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەکەیان، یاخود ئەگەر کەسەکە کۆمەڵێک دەرمانی دیکە بەکاربهێنێت و یان هەر هۆکارێکی تر کە ئەمانە کەمێک دەگمەنن، کاتێک ڕێژەی شەکر دابەزێت نەخۆشەکە پێویستە بەزووترین کات چارەسەر وەربگرێت.

بڕی شەکری ناو خوێن

کەسانی ئاسایی

واتە ئەو کەسانەی کە تووشبووی نەخۆشی شەکرە نین، ڕێژەی ئاسایی شەکری ناو خوێن بە سکی خاڵی دەبێت لەژێر 100 Mg/dl بێت و تاکوو دوو کاتژمێریش دوای نان خواردن واتە بە تێری نابێت لە  150 Mg/dl زیاتر بێت.

کەسانی تووشبوو بە شەکرە

واتە ئەو کەسانەی خۆیان نەخۆشی شەکرەیان هەیە، بە سکی برسی ڕێژەی شەکری خوێنیان لەنێوان 80 بۆ 130 Mg/dl  بێت و دوو کاتژمێر دوای نان خواردن واتە بە تێری دەبێت لە 180 Mg/dl زیاتر نەبێت.

دابەزینی شەکری خوێن لە کاتی ڕۆژووگرتندا

یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی ڕێژەی شەکر برسیبوون و نەخواردنی ژەمەکانە بەباشی، کە دەکرێت هەندێک کەس لە ڕەمەزاندا تووشی ئەمە ببن بەهۆی بەڕۆژووبوونەوە و نەخواردنی خۆراک بۆ ماوەیەکی زۆر.

نیشانەکان

دابەزینی شەکری هەستپێنەکراو چییە؟

ئەگەر هاتوو دابەزینی شەکری خوێن بەشێوەیەکی بەردەوام ڕووبدات، جەستە ڕادێت لەگەڵ دابەزینی شەکری خوێندا و نیشانەکانی دەرناکەون، کەسەکە نازانێت کە دووچاری دابەزینی شەکری خوێنی بووەتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت دابەزینی شەکری هەستپێنەکراو کە دەکرێت زۆر مەترسیدار بێت.

زیانە لاوەکییەکان

ئەگەر هاتوو دابەزینی شەکری خوێن چارەسەر نەکرا، دەکرێت نەخۆشەکە دووچاری ئەم حاڵەتانە ببێتەوە:

  • بوورانەوە
  • لەدەستدانی هۆشیاری
  • مردن

ڕێگریکردن

چەند ڕێگایەک هەیە بۆ ڕێگریکردن لە دابەزینی شەکری ناو خوێن لە کاتی بەڕۆژووبوندا:

کەسانی ڕۆژووەوان دەبێت ژەمی گونجاو بخۆن بۆ ئەوەی دووربن لە دابەزینی شەکری خوێن، پێویستە ژەمی بەربانگ و شەو و پارشێو بخۆن، بەتایبەت پارشێو زۆر گرنکە کە بکرێت و نەخرێتە لاوە، چونکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ دابەزینی شەکری خوێندا، ئەو کەسانەی پارشێو دەکەن ئەگەری دابەزینی شەکری خوێنیان کەمترە، هەروەها دەبێت شەکری ئاڵۆز جێگای شەکری سادە بگرێتەوە، چونکە شەکرە سادەکان لەناکاو ڕێژەی شەکر بەرز دەکەنەوە و لەناکاویش نزمی دەکەنەوە، بەڵام شەکرە ئاڵۆزەکان بە تێپەڕبوونی کات شەکر بەڕەڵا دەکەن، هەر بۆیە کەسەکە دووچاری دابەزینی شەکری خوێن نابێتەوە، گرنگترین شەکرە ئاڵۆزەکان بریتین له: مەعکەرۆنی، برنج، نان، میوەکانی وەک قۆخ، هەڵووژە.

دوورکەوتنەوە لە زۆر خواردنی چۆکلێت و ئەو ماددانەی کە کافایینیان تێدایە وەک چا و قاوە، ئەم پێکهاتانە زیندەچالاکی خانەکان زیاد دەکەن  و شەکری ناو خوێن بەخێرایی دادەبەزێنن.

دوورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی کاری قورس و وەرزشکردنی زۆر لە کاتی بەڕۆژووبووندا.

کەسانی ڕۆژووەوان دەبێت بە ئاوی شلەتێن یاخود سارد خویان بشۆن و دوورکەونەوە لە ئاوی گەرم، چونکە ئاوی گەرم جگە لەوەی تووشی تینووێتیت دەکات گەیاندنی خوێن زیاد دەکات بۆ پێست و هەر بۆیە گلوکۆزی ناو خوێن زیاتر کار دەکرێت و کەسەکە تووشی دابەزینی ڕێژەی شەکری خوێن دەبێت.

دەبێت کەسانی تووشبوو وریابن و نیشانەکان پشتگوێ نەخەن، چونکە ئەگەر شەکری خوێن زۆر نزمتر ببێتەوە لە ڕێژەی ئاسایی، خانەکانی مێشک کارکردنی خۆیان لەدەست دەدەن و ئەگەر ئەمە درێژە بکێشێت زۆر مەترسیدارە.

چارەسەر

ئەگەر شەکری خوێن کەمتر بوو لە 70 MG/dl
دەبێت کەسەکە ڕۆژوو بشکێنێت و پەیڕەوی یاسای ١٥ بکات:

  1. ١٥ گرام شەکری سادە بخوات وەک یەکێک لەمانە: (چوار کڵۆ شەکر، یەک کەوچکی چێشت شەکر، کەوچکێکی چێشت هەنگوین لەناو بڕێک ئاودا بتوێنێتەوە و بیخواتەوە، نیو پەرداخ ئاو میوەی ناسروشتی، نیو پەرداخ خواردنەوەی گازی)
  2. دواتر ١٥ خولەک ڕابوەستێت
  3. دووبارە پشکنینی ڕێژەی شەکری خوێن بکاتەوە
  4. ئەگەر دووبارە ڕێژەی خوێن هەر کەمتر بوو لە 70 MG/dl خاڵی یەک تاکوو سێ پەیڕەو بکەرەوە تاکوو ڕێژەی شەکر بگاتە سەروی 70 MG/dl
  5. دواتر ئەگەر کاتژمێرێک مابێت تاکوو کاتی نانخواردن، ئەوا ژەمێک ماددەی خۆراکی بخۆ و ئەگەریش کەمتر لە یەک کاتژمێری مابوو ئەوا هەر ئەو ژەمە نانە بخۆ.

ئەو کاتەی کە چاوەڕێیت تاکوو ڕێژەی شەکری خوێنت بەرز ببێتەوە ئاوی زۆر بخۆرەوە.

چارەسەر بۆ حاڵەتی توند

ئەگەر هاتوو لە حاڵەتێکدا نەتتووانی هیچ شتێک بخۆیت و ڕێژەی شەکری خوێنت زۆر دابەزیبێت پێویستە پەیوەندی بکەیت بە فریاکەوتنەوە چونکە ئەمە پێی دەوترێت دابەزینی توندی شەکری خوێن، دەبێت لە ڕێگەی دەرزییەوە نەخۆشەکە چارەسەر وەربگرێت کە تێیدا گلوکاگۆن یاخود گلوکۆز دەدرێت بە نەخۆشەکە.


سەرچاوەکان



1242 بینین