ئەردەڵان بەکر

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-04-09-16:25:00 - کۆدی بابەت: 8185
ئەردەڵان بەکر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەردەڵان بەکر (بە ئینگلیزی: Ardalan Bakir)، گۆرانیبێژێکی ناسراوی کوردە، لە ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦٧ لە شاری ھەولێر لە گەڕەکی خانەقا لەدایکبووە، تا پۆلی ٩ی بنەڕەتی خوێندووە، لەگەڵ ئەوەی خوێندکارێکی زیرەک بووە، ووزە و توانایەکی باشی ھەبووە، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی ئازادیخوازی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە و بووەتە پێشمەرگە، ماوەی چەند ساڵێک لە ڕیزی پێشمەرگەدا خەباتی کردووە، پاشان دەستی بە کاری ھونەریی و گۆرانی وتن کردووە.

ژیانی هونەری

ئەردەڵان خاوەنی چەندین بەرھەمی گۆرانییە، لە ساڵی ١٩٨٦ یەکەم کاسێتی خۆی بڵاوکردووەتەوە، لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩١دا و لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی کوردستان لەگەڵ کۆڕەوە جەماوەرییەکەی ٣١ی ئازاری ئەو ساڵە کوردستانی بەجێھێشت و ڕووی کردە دەرەوەی وڵات، پاش ماوەیەک لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو، شان بە شانی دەستەیەکی دیار و بەرچاو لە ھونەرمەندانی گۆرانیبێژی کورد لە وڵاتی سوید درێژەی بە کارە ھونەرییەکانیدا و توانی ٥ ئەلبومی گۆرانی بەرھەم بھێنێت، لە ساڵی ١٩٩٣دا، یەکەم ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردەوە، جگە لەوانەش بەشداری چەندین ئاھەنگ و بۆنەی جیاجیای لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە، بەتایبەتی لە جەژنی نەورۆز و بۆنە تایبەتییەکان بۆ ڕەوەندی کورد لە تاراوگە، ئەردەڵان بەکر لە نەورۆزی ٢٠٠٨دا لەلایەن کۆمپانیای کۆڕەک میوزیکەوە چەند ئاهەنگێکی لە شاری هەولێر بۆ سازکرا کە ئەمەش بۆ یەکەمین جار بوو لە دوای چەندین ساڵ کە لە دوورە وڵاتەوە گەڕابۆیەوە بۆ کوردستان.

بەرهەمەکانی

ئەم هونەرمەدە چەندین بەرهەمی جوان و تایبەتی هەیە و بە شێوەی ئەلبوم بڵاوی کردوونەتەوە کە بریتین لە:

  • کچی گاور (١٩٩٧)
  • بەینۆ (١٩٩٨)
  • ھەورامان (٢٠٠٠)
  • زۆر دەترسم (٢٠٠٣)
  • خەونێک بوو (٢٠٠٧)

کۆچی دوایی

ئەردەڵان بەکر لە ڕێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩دا بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە نەخۆشخانەی کارۆلینسکای ستۆکھۆڵم کۆچی دوایی کرد، دوای چوار ڕۆژ تەرمەکەی گەڕێندرایەوە شاری ھەولێر و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد نێژرا، لە دوای مردنیشی پەیکەرێکی ڕێزلێنانی لە پارکی منارە بۆ دروستکرا کە پەیکەرەکە لە ڕۆژی ٦ی ئازاری ٢٠١٤ داندرا.


سەرچاوەکان



404 بینین