لا ڕۆش پۆسای

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-09-17:53:00 - کۆدی بابەت: 8187
لا ڕۆش پۆسای

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لاڕۆش پۆسای یان لاغۆژ پۆزای (بە ئینگلیزی: La Roche-Posay) بڕاندێکی نیویۆڕکییە بەڵام بنچینەی دامەزراندنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی فەڕەنسا، دروشمی ئەم کۆمپانیایە بەرەوپێشبردنی کوالیتی ژیانە لە ڕێگای گرنگیدان بە پێستەوە، جگە لە بەرهەمە تایبەتەکانیان، لە ساڵی ٢٠٠٩وە ناوەندێکیان هەیە بە ناوی ناوەندی گەرمی کە تەرخانکراوە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی لە چاکبوونەوە لە ئەو کاریگەرییە لاوەکییانەی پێستی نەخۆشەکان کە بەهۆی چارەسەری شێرپەنجەوە تووشی بوون.
بەرهەمەکانی لا ڕۆش تەنانەت بۆ پێستی هەستیاریش گونجاون چونکە هیچ بۆنێک و ماددەیەکی پارابینیان تێدا نییە، چونکە بۆن دەبێتە هۆی کزانەوە و سووتاندنەوەی پێست و هەوکردنی، هەروەها پارابینەکان دەکرێت ببنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست.

مێژوو

مێژووی لا ڕۆش دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٤، کاتێک سوارچاکێک لە کانییەکی فەڕەنسی لە لا ڕۆش دەوەستێت بۆ شکاندنی تینوویەتییەکەی، ئەسپەکەی تووشبووی نەخۆشی ئەگزیما بوو، بەڵام هەرکە دەچووە ناو ئاوی کانییەکەوە و خۆی تێدا نوقم دەکرد چاک دەبوویەوە، بەم شێوەیە چیرۆکی بڕاندە پێستناسییەکەی لا ڕۆش دەستی پێکرد.
بێگومان گومان هەبوو لە ڕاستی ئەم ڕووداوە، تاکوو لە ساڵی ١٦١٧ پیەر میڵتۆ (Pierre Millto) کە پزیشکی پاشا هێنری چوارەم بوو سەردانی کانییەکەی کرد تاکوو ئاوەکەی شی بکاتەوە، پاشان ئەوەی دووپات کردەوە کە ئاوەکە تایبەتمەندی چارەسەرکردنی هەیە، دواتر ناپلیۆن نەخۆشخانەیەکی لە نزیکی کانییەکەدا دروست کرد بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی پێستی سەربازەکانی، لە ساڵی ١٩٠٥ بەرپرسانی شارەکە یەکەمین نەخۆشخانەیان لە نزیکی کانییەکە کردەوە، لە ساڵی ١٩١٣ وێستگەی گەرمی لا ڕۆش پۆسای لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتی پزیشکییەوە ڕاگەیەنرا.

پێکهاتەکان

ئەو پێکهاتە سەرەکییەی کە دەکرێت لە هەموو بەرهەمێکی لا ڕۆشدا بدۆزرێتەوە بریتییە لە ئاوی کانی گەرمی دەوڵەمەند بە سلینیۆم، لە شێدارکەرەوەکانیاندا پێکهاتەی وەک نایاسینەماید کە جۆرێکی ڤیتامین B-3، گلیسیرینی سەوزە کە ماددەی شێدارکەرەوەیە بوونی هەیە.
لەناو پاککەرەوەی ڕووخسارەکەیاندا دەکرێت لابەری پێستی مردووی LHA تێدابێت کە داڕێژراوەیەکی ترشی سالیسایلیکە، هەروەها سێرئەمایدەکان و گلیسرینیشی تێدایە.
مەودایەکی فراوان لە دژەخۆری UVA و UVB یان هەیە، کە خاڵین لە ئۆکسی بەنزین، ماددەی کیمیایی وەک ئاڤۆبێنزۆن (avobenzone) و ئۆکتۆکرایلین (octocrylene)یان تێدایە، کە تاکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی زانستی بوونی نییە لەسەر ئەوەی ئەم ماددانە زیانبەخش بن بۆ پێست، هەروەها جۆری ئەو دژەخۆرانەشیان هەیە کە بنچینەکەیان زینکە.
شتێک کە لە هیچ بەرهەمێکیاندا بە ڕێژەیەکی زۆر بوونی نییە بۆنە (Fragrances)، لەبەر ئەم هۆیە پێستناس و ئەو کەسانەی کە هەستیارن بە بۆن بەرهەمەکانی لا ڕۆشیان بەدڵە.

بەرهەمەکان

هێڵی بەرهەمەکانی گرنگیدان بە پێستی لا ڕۆش مەودایەکی فراوان لە بەرهەمی تایبەت بە ڕووخسار و لەش دەگرێتەوە، باوترین بەرهەمەکانی لا ڕۆش پۆسای ئەمانەن:

ئەو بەرهەمانەی زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە

- پێستی وشک

شێدارکەرەوە

شیدارکەرەوە تایبەتی جووت چاککەرەوە - Toleriane Double Repair Face Moisturizer

  • نرخ: خواروو ٢٠ دۆلار
  • پێکهاتەی چالاک: ئاوی گەرمیی لەمێژینەی لا ڕۆش پۆسای، سێرەماید-٣، نایاسینەماید، گلیسرین.
  • جۆری پێست: هەموو جۆرێکی پێست، بەڵام زیاتر بۆ پێستی وشک گونجاوە

وشەی Toleriane کە بۆ پێناسەی ئەم شێدارکەرەوەیە بەکارهاتووە بۆ ئەو بەرهەمانە بەکاردێت کە تایبەتن بە پێستی وشک و هەستیار، ئەم شێدارکەرەوەیە یەکێکە لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی لاڕۆش، دەرکەوتەیەکی ئاوریشمی سافی هەیە و دەچێتە قووڵایی پێست بەبێ ئەوەی لینج دەرکەوێت.

پاککەرەوەی پێستی لابەری پێستی مردوو 

پاککەرەوەی کرێمیی کەفکەری پەڵە ڕوونکەرەوە - Pigmentclar Brightening Foaming Cream Cleanser

  • نرخ: سەروو  ٢٠ دۆلار
  • پێکهاتەی چالاک: ئاوی کانیی لا ڕۆش پۆسای گەرم، ترشی لایپۆهایدرۆکسی  (LHA)، گلیسرین
  • جۆری پێست: هەموو جۆرێکی پێست، بەڵام زیاتر بە مەبەستی ڕوونکردنەوە و پاککردنەوە و لابردنێکی کەمی پێستی مردوو  بەکاردێت

وشەی (Pigmentclar) کە بۆ ئەم بەرهەمە بەکارهاتووە، بە واتای ئەوە دێت کە ئەم بەرهەمە دژی پەڵەیە و خاڵە ڕەشەکان و دەرکەوتەی ناڕوونی پێست کەم دەکاتەوە، ئەو کەسانەی خاوەنی پێستێکی هەستیارن باشترە دووربن لەبەکارهێنانی ئەم بەرهەمە، یان پێش بەکارهێنانی پرس بە پزیشکەکەیان بکەن، ئەم پاککەرەوەیە نابێتە هۆی وشککردنەوەی پێست و دوای بەکارهێنان پێست خاوێن و ڕەونەقدار دەکات.

پاککەرەوەی پێستی نیان

پاککەرەوەی ڕووخساری شێدارکەری نیانی تایبەت - Toleriane Hydrating Gentle Facial Cleanser

  • نرخ: خواروو ٢٠ دۆلار
  • پێکهاتەی چالاک: ئاوی کانیی لا ڕۆش پۆسای گەرم، سێرەماید-٣، نایاسینەماید، گلیسرین
  • جۆری پێست: تایبەتە بە پێستی هەستیار، تێکەڵ یان وشک

دەرکەوتەیەکی شیری کرێمی هەیە، ڕێژەی کەفکردنی وەک (پاککەرەوەی کرێمیی کەفکەری پەڵە ڕوونکەرەوە) نییە، بەڵام هەندێک لەو کەسانەی بەکاریان هێناوە باسیان لەوە کردووە کە هەستیان بە سووتانەوە و کزانەوەی پێستیان کردووە.

سیڕەم

سیڕەمی ترشی هایالورۆنیک - Hyalu B5 Pure Hyaluronic Acid Serum

نرخ: سەروو ٢٠ دۆلار

پێکهاتەی چالاک: ترشی هایالورۆنیک، مادکاسۆساید، گلیسرینی سەوزە، دایمەسیکۆن، ئاوی کانیی لا ڕۆش پۆسای گەرم

جۆری پێست: هەموو جۆرێکی پێست، بەتایبەت ئەو کەسانەی دیانەوێت بەرهەمی دژەپیربوون یان شێدارکەرەوە بەکاربهێنن

ئەم سیڕەمە لەپێش بەکارهێنانی شێدارکەرەوە کە بەیانیان و شەواندا بەکاردێت، شێداری دەگەڕێنێتەوە بۆ پێست، بەڵام بۆنی تێدایە کە ئەمەش وای لێدەکات بۆ هەموو جۆرە پێستێک گونجاو نەبێت.

دژەخۆر

دژەخۆری SPF 50ی کانزایی - Anthelios Mineral Tinted Sunscreen for Face SPF 50

نرخ: سەروو ٢٠ دۆلار

پێکهاتەی چالاک: ڤیتامین E، دووەم ئۆکسدی تیتانیۆم، دایمێسیکۆن، سلیکا، ئۆکسیدی ئاسن، ئاوی کانیی لا ڕۆش پۆسای گەرم

جۆری پێست: هەموو جۆرێکی پێست، بەڵام زیاتر گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی بە دوای دژەخۆری کانزاییدا دەگەڕین، یان ئەو کەسانەی کە ڕەنگی پێستیان تۆخە

دەرکەوتەیەکی مات و ئاوریشمی هەیە لەسەر پێست، دەستەواژەی Anthelios کە بۆ ئەم دژەخۆرە بەکارهاتووە، بە واتای ئەوە دێت کە توانای پارێزگاری هەیە لە تیشکی UVA/UVB و دژەئۆکسانی تێدایە، چونکە ئەم دژەخۆرە بنچینەی کانزایە بەرهەمێکی گونجاو دەبێت بۆ ئەو کەسانەی کە پێستێکی هەستیارییان هەیە. 

- بۆ پێستی چەور

پاککەرەوەی ڕووخسار

جێڵی پاککەرەوەی ڕووخسار - La Roche-Posay Effaclar Gel Facial Wash

  • نرخ: خواروو ٢٠ دۆلار
  • پێکهاتەی چالاک: پایدۆڵەیتی زینک، ئاوی کانیی لا ڕۆش پۆسای گەرم
  • جۆری پێست: پێستی چەور

دەستەواژەی Effaclar کە بەکارهاتووە بە واتای توانای بەرهەمەکەیە بۆ بچووککردنەوەی کونیلە و نەهێشتنی زیپکە، پێکهاتەی سەرەکی ناو ئەم پاککەرەوەیە پایدۆڵەیتی زینکە کە پێکهاتەکەی دژەهەوکردن و توندکەرە بە تواناکای بۆ یارمەتی کۆنترۆڵکردنی دروستبوونی زیپکە ناسراوە، پاککەرەوەیەکی نیانە و پێست وشک ناکاتەوە.

سیڕەم

سیڕەمی تایبەتی لا ڕۆش پۆسای - La Roche-Posay Effaclar Anti-Aging Pore Minimizer Face Serum

  • نرخ: سەروو ٢٠ دۆلار
  • پێکهاتەی چالاک: نایاسینەماید، ئاوی کانیی لا ڕۆش پۆسای گەرم، پڕۆپاندایۆڵ، ترشی گلایکۆلیک، ترشی لیپۆ-هایدرۆکسی.
  • جۆری پێست: ئاسایی، چەور

ئەم سیڕەمە تایبەیە بە بچووککردنەوە کونیلەکانی پێست و لابردنی پێستی مردووی ڕووخسار، هەروەها تایبەتمەندی دژەپیربوونی هەیە، ترشی لیپۆ-هایدرۆکسی کە داتاشراوەی ترشی سالیسایلیکە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی دەرکەوتنی گەورەیی کونیلەکانی ڕووخسار، لەگەڵ ئەوەشدا پێست سپی دەکاتەوە و دەرکەوتەی ڕوون دەکات.

شێدارکەرەوە

شێدارکەرەوەی ماتکەری لا ڕۆش پۆسای - La Roche-Posay Effaclar Mat Mattifying Moisturizer 

  • نرخ: سەروو ٢٠ دۆلار
  • پێکهاتە چالاکەکان: ئاوی کانیی لا ڕۆش پۆسای گەرم، گلیسرین، سلیکا، دایمێتیکۆن.
  • جۆری پێست: چەور

ئەم شێدارکەرەوەیە یەکێکە لە باشترین بەرهەمەکانی لا ڕۆش بۆ پێستی چەور، پێکهاتەکانی ناوی هۆکارن بۆ ئەوەی کە ڕەونەقی چەوری پێست نەهێڵیت، چەوری سەر ڕووخسار مات دەکات و دەرکەوتنی کونیلەکانی ڕووخسار کەم دەکاتەوە.

ڕووپۆش (ماسک)

ماسکی قوڕی کۆنترۆڵی ڕەونەقی چەوری لا ڕۆش - La Roche-Posay Effaclar Shine Control Clay Mask

  • نرخ: خواروو ٢٠ دۆلار
  • پێکهاتە چالاکەکان: ئاوی کانیی لا ڕۆش پۆسای گەرم، پڕۆپاندایۆڵ، کاوۆلین، پانتینۆڵ، گلیسرین، دووەم ئۆکسیدی تیتانیۆم.
  • جۆری پێست: چەور

ئەم ماسکە یەکێکە لە باشترینەکان بۆ پێستی چەور، چونکە قوڕی کاوۆلینی تێدایە، کە ئەم قوڕە چەوری زیادەی ڕووخسار هەڵدەمژێت و ڕیگریدەکات لە گیرانی کونیلەکانی پێست، لە ئەنجامدا پێست زیاتر مات دەردەکەوێت و دەرکەوتنی کونیلەکانی ڕووخسار کەم دەبێتەوە.

دژەخۆر

دژەخۆری لا ڕۆشی Anthelios بۆ پێستی چەور - La Roche-Posay Anthelios Clear Skin Oil-Free Sunscreen 

  • نرخ: خواروو ٢٠ دۆلار
  • پێکهاتە چالاک: ئاوی کانیی لا ڕۆش پۆسای گەرم، ئاڤۆبێنزین، هۆمۆسالەیت، ئۆکتیسالەیت، ئۆکتۆکریلین، سلیکا.
  • جۆری پێست: پێستی ئاسایی و چەور

ئەم دژەخۆرەی SPF 60 پاڵفتەی UVA/UVB تێدایە کە بەشێوەیەکی کاریگەر  پێست دەپارێزیت لە تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر، پێکهاتە چالاکەکانی ناوی وەک سلیکا یارمەتی مژینی چەوری زیادەی پێست دەدەن و ڕەونەقی چەوری پێست ناهێڵن.


سەرچاوەکان



967 بینین