ستۆکهۆڵم

له‌لایه‌ن: - سەنا محێدین - به‌روار: 2022-04-10-23:25:00 - کۆدی بابەت: 8206
ستۆکهۆڵم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ستۆکهۆڵم (بە ئینگلیزی Stockholm)، پایتەختی وڵاتی سویدە، ناوەندی ڕووناکبیری، ڕاگەیاندن، ڕامیاری و ئابووری وڵاتەکەیە، ١٤ دوورگە لەخۆدەگرێت کە بە ٥٠ پرد بەیەکەوە بەستراوە، ئەم شارە یەکێکە لە شارە پێشکەوتووەکانی جیهان، چەند زانکۆیەکی تێدایە کە لە باشترین زانکۆکانی ئەورووپان وەکوو قوتابخانەی ستۆکهۆڵم بۆ ئابووری و پەیمانگای کارولینسکا و پەیمانگای شاهانە بۆ تەکنەلۆجیا، هەروەها شارەکە ساڵانە میوانداری خەڵاتی نۆبڵ دەکات.

مێژوو

شاری ستۆکهۆڵم لە نیوەی دووەمی سەدەی سێزدەهەمی زایینی لەسەر دەستی پاشا بیرجیر چارلی سویدی درووست کرا. بیرجیر قەڵایەکی درووستکرد لە ناوچەی ئێستا پێی دەگوترێت جاملا ستان، شارەکە بووە ناوەندێکی بازرگانی و دواتریش لە ساڵی ١٥٢٣ی زایینیی کرایە پایتەختی وڵاتی سوید، بەتێپەڕبوونی کات شارەکە زیاتر فراوان بوو گەشەی کرد و لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی بیستەمی زایینی شوێنی نیشتەجێبوون دروستکرا لەسەر ئەو زەوییانەی کە شارەکە لەساڵی ١٩٠٤ کڕیبووی، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ناوەندێکی ئابووری پەرەسەندوو بووە پەیوەندی فراوانی لەگەڵ شارەکانی هانز هەبووە. کاتێک کە غوستاف فازا یەکەم بووە پادشا ستۆکهۆڵمی کردە دڵی وڵاتەکەی و کردی بە پایتەختی وڵاتی سوید و ناوەندێکی ڕۆشنبیری بەناوبانگ. شارەکە پێشکەوتنی زیاتری جوگرافی و دیمۆگرافی بەخۆیەوە بینی لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی پیشەسازی لە سەرەتای ساڵی ١٨٥٩ی زایینی.

کەشوهەوا

کەشوهەوای ستۆکهۆڵم لە وەرزی ھاویندا فێنک و مامناوەندە، پلەی گەرمی لە ٢٢ پلە تێپەڕناکات. بەڵام لە زستاندا زۆر ساردە و پلەکانی گەرما بۆ زیاتر لە مانگێک لە ژێر سفر دەمێنێتەوە. تێکڕای باران بارینی ساڵانە دەگاتە ٥٤٠ملیم و لە مانگی تەمووز زیاتر دەبێت بە پێچەوانەی مانگی شوبات کەشوهەوا بە وشکی دەمێنێتەوە و لەمانگی کانوونی دووەم و مانگی ئازار بەفر دەبارێت.

شوێنە گەشتیارییەکانی

شاری ستۆکهۆڵم پێگەیەکی تایبەتی گەشتیاری هەیە لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیادا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ژێرخانەکەی و کەرتی خزمەتگوزاریی لەسەر ئاستی جیهانی و هەروەها سروشتی شارەکە و پێگەکەی تایبەتمەندییەکی گەورەی پێداوە بۆ گەشتیاری بەهۆی بونی ١٤ دورگە تێیدا، لە گرنگترین ناوەندەکانی گەشتیاری شاری ستۆکهۆڵم ئەمانەیە:

  • مۆزەخانەی ئابا: بە ناوەند و شوێنی چالاکییەکانی گروپی میوزیکی پۆپی سویدی ئابا دادەنرێت کە ئەم گروپە لە بەناوبانگترین گروپە میوزیکییەکانە لە جیهاندا، هۆڵی پێشکەشکردنی مۆسیقاکە بە دیزاینێکی ئەندازیاریی نایاب و سەرنج ڕاکێش دروستکراوە، ئەم مۆزەخانەیە بە سەرنج ڕاکێشترین شوێنی گەشتیاری شاری ستۆکهۆڵم دادەنرێت.
  • کۆشکی پاشایەتی: کۆشکی بەناوبانگی پاشایەتی لە وڵاتی سوید یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەم شارە لە لایەنی باڵەخانە و شوێنی پاشایەتی و گەنجینەی پاشایەتی و مۆزەخانەی بەجێماوەکان.
  • شوێنی جرونا لوند: شوێنێکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری شاری ستۆکهۆڵمە کە یاری و سەرگەرمی تێدایە و هەروەها دەتوانیت ئامادەی ئاهەنگە میوزیکیەکان بیت لە وەرزی هاویندا.
  • باخچەی یاری پاشایەتی:ئەم باخچەیە چەند تەلارێک دەگرێتەوە کە بە دیزایینی سەرسوڕهێنەر دروستکراون و چێشتخانەی سەرنجڕاکێش، قاوەخانەکان و ڕێرەوی تایبەت بە ڕۆیشتن بە پێ ئەمەش ئەوەیە کە شەیدایانی وەرزش بەدوایدا دەگەڕێن.
  • مۆزەخانەی نۆبڵ: ئەم مۆزەخانەیە تایبەتە بە نیشاندانی مێژووی خەڵاتەکانی نۆبڵی جیهانی و هەموو شتێکی لەبارەی ئەو خەڵاتانەی تێدایە.


سەرچاوەکان



653 بینین