ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-04-19-09:00:00 - کۆدی بابەت: 8312
ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێ (بە فارسی: آتش‌سوزی در مدرسه دخترانه روستای شین‌آباد) ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی ساڵی ٢٠١٢ـیە لە قوتابخانەیەکی کچانەی گوندی شیناوێ (شین اباد)ـی شاری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەهۆی ڕووداوەکەوە ٢٩ قوتابی کچ سووتان و دووانیان بەهۆی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا. سێ لە قوتابییەکانیش بەهۆی برینی قووڵەوە پەنجەیان بڕدرایەوە.

ڕووداوەکە

کاتژمێر هەشتی بەیانیی ڕێکەوتی ٢٠١٢/١٢/٥- چوارشەممە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی گەرمکەرەوە لە قوتابخانەی گوندی شیناوێ ئاگرکەوتەوە و لەکۆی ٣٧ قوتابی ژوورەکە ٢٧ـیان سووتان. ڕووداوەکە کاتێک ڕوودەدات کە نەوتی زۆپای پۆلەکە ئاگر دەگرێت و بەزوویی بڵاو دەبێتەوە و هەموو هەوڵەکانی مامۆستای پۆلەکە بەناوی (خانم حیسامی) بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بە ئامێری تایبەتی ئاگرکوژێنەوە سەرکەوتوو نابێت. دوای سەرنەکەوتنی ئامێری ئاگرکوژێنەوە، مامۆستا دەیەوێت زۆپاکە بباتە دەرەوە بەڵام بەهۆی جووڵاندنییەوە دەتەقێتەوە و لە بەردەم دەرگاکە دەکەوێت و ڕێگای چوونە دەرەوە لە قوتابییەکان دەگرێت، بەوشێوەش ئاگر لە هەموو پۆلەکە بەردەدات. 

بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە، نیشتنی نەوتی زۆپاکە و دەستوپێ سپێتیی مامۆستای پۆلەکە لە کۆنتڕۆڵکردنی زۆپاکە و کەوتنی، لەگەڵ قەرەباڵغیی زۆری قوتابیان لەکاتی چوونەدەرەوەیان بوونەتە هۆی زیاتربوونی ئاگرەکە، چونکە پەنجەرەکان لە دەرەوە داخراو بوون و نەیانتوانیووە لەوێوە هەڵبێن.

ڕووداوەکانی دوای کارەساتەکە

کاتژمێر ١١:٥٠ خولەکی پێش نیوەڕۆ کارمەندانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری و فریاکەوتن ئاگاداری ڕووداوەکە بوون و سێ تیمیان بۆ ناوچەکە نارد. ١٥ کەس لە بریندارەکان گەیەندرانە نەخۆشخانەی ئیبن سینای شاری تەبرێز کە حەوتیان لە ژووری چاودێری چڕ جێگیر کران، بریندارەکانی تریش لە نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی شاری ورمێ خەوێنران.

ڕۆژی ٢٠١٢/١٢/٩ یەکێک لە قوتابییەکان بەناوی (سیران یەگانە) بەهۆی برین و زەبری زۆر لە سییەکانیدا کۆچی دوایی کرد. ڕۆژی ٢٠١٢/١٢/٢٨ یەکێکی تر لە قوتابیان بەناوی ساریا ڕەسووڵزادە بەهۆی برینەکانییەوە کۆچی دوایی کرد. چل ڕۆژ دوای ڕووداوەکەش پزیشکەکان بەهۆی نەگەیشتنیان بە هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بڕیاریاندا پەنجەی سێ کەس لە قوتابییەکان ببڕنەوە.

کاردانەوەکان

موڕتەزا ڕەئیسی، جێگری وەزیری پەروەردە و فێرکردن و سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی ڕێکخستن و نوێکردنەوەی قوتابخانەکان وتی کە ئامێرەکانی پۆلەکە ستاندار بوون. هەروەها کەپسوولی ئاگرکوژێنەوە لە پۆلەکە هەبووە و کاری کردووە.

گۆرانیبێژ و ڕاپەری ئێرانی (یاس) ڕووداوەکەی لەنێو گۆرانییەکیدا جێگاکردووەتەوە بەناوی (از چی بگم برات؟).

قەرەبوو

لە هەمان ساڵ خێزانی ئەو دوو قوتابییەی مناڵەکانیان کۆچی دواییان کرد قەرەبوویان وەرگرت. دوای ساڵێکیش خێزانی قوتابییە بریندارەکان قەرەبوو و مافی خۆیان وەرگرت. پێنج خێزان بەهۆی ئەوەی قەرەبوویان وەرنەگرتبوو لە ساڵی ٢٠١٤ نیوەی پارەی قەرەبووەکەیان وەرگرت.


سەرچاوەکان



348 بینین