ئۆرۆگوای

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-04-22-15:53:00 - کۆدی بابەت: 8353
ئۆرۆگوای

ناوه‌ڕۆك

ئۆرۆگوای 

ئۆرۆگوای (بە عەرەبی: أوروغواي، بە ئینگلیزی: Uruguay) وڵاتێکی کیشوەری ئەمریکای لاتینە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی باشووری کیشوەری ئەمریکای باشوور، لە ٥٥ شار پێکهاتووە و پایتەختەکەی مۆنتیڤیدیۆیە. ئۆرۆگوای لە ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژاواوە لەگەڵ ئەرجەنتین، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی باکوورەوە لەگەڵ بەڕازیل، لە باشوورەوە لەگەڵ ڕووباری پلاتا (Río de la Plata) و لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی هاوسنوورە.

بەرزترین لوتکە کێرۆ کاتادڕاڵ
نزمترین شوێن زەریایی ئەتڵەسی
پایتەخت مۆنتیڤیدیۆ
زمانی فەڕمی ئیسپانی
بنەچەکان
  • ٨٧.٧٪ سپی پێست
  • ٤.٦٪ ڕەش پێست
  • ٢,٤٪ ئۆرۆگواییە ڕەسەنەکان
  • ٠.٢٪ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
  • ٥.١% ئەوانی تر/نەزانراو
سەرۆکی وڵات لویس لەکاڵ پۆو
دراو پێسۆی ئۆرۆگوایی
ڕێڕەوی ڕۆشتن ڕاست
ژمارەی نێودەوڵەتی تەلەفۆن ٥٩٨+

مێژوو

مێژووی ئۆرۆگوای دەگەڕێتەوە بۆ سێزدە هەزار ساڵ لەمەوبەر کاتێک لەلایەن کۆمەڵێک ڕاوکەرەوە دۆزرایەوە. لە ساڵی ١٥١٢ پورتوگالییەکان یەکەم بنەچەی ئەورووپی بوون بتوانن بگەنە ئۆرۆگوای، بەدوای ئەوانیشدا لە ساڵی ١٥١٦ ئیسپانییەکان بوون، دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ئۆرۆگوای بەرهەڵستی توندوتیژی ئیسپانییەکانیان کرد. ئیسپانیا توانی چەندین هۆکاری بەرەوپێشچوونی ئۆرۆگوای بەردەست بخات، یەکێک لە هۆکارەکانی دەوڵەمەند بوونی ئۆرۆگوای ئەوەبوو ساڵی ١٦٠٣ توانی دەستبکات بە سوودوەرگرتن لە ئاژەڵ بۆ خواردن و جلوبەرگ پاشان لە ساڵی ١٦٢٤ سۆریانۆی سەر بە ڕیۆ نیگرۆیان بە ناوچەی نیشتەجێ بوونی خۆیان دەستنیشان کرد کە ڕێگەیەک بوو بۆ ئاگادارکردنەوەی دانیشتوان کە توانای جێگیربوونیان هەیە لە ناوچەیەکدا و پێویست بە کۆچ ناکات بۆ بەدەستهێنانی خۆراکی ڕۆژانە. لە ١٦٦٩ بۆ ١٦٧١ پورتوگالییەکان قەڵایەکیان لە کۆلۆنیا دێل سەکرامێنتۆ بنیادنا، لە ئەنجامدا ئیسپانییەکان مونتیڤیدیۆیان دۆزیەوە و وەکوو بەرگرییەک بەرامبەر پورتوگالییەکان بەکاریان هێنا. خۆسێ گێرساڤیۆ لە ساڵی ١٨١١ کاتێک یاخیبوونی ڕاگەیاند دژی ئیسپانییەکان و توانی لە جەنگی لاس پێدراسدا بەرەنگاریان ببێتەوە و بیانبەزێنێت وەک پاڵەوانێکی نیشتمانی دەرکەوت. پاشان لە ساڵی ١٨٢٨ سەربەخۆییی ئۆرۆگوای ڕاگەیەندرا و لەلایەن شانشینی ئینگلییزیەوە دانیپێدانرا، ٢٥\٨\١٨٢٨ بە ڕۆژی سەربەخۆییی ئۆرۆگوای دەستنیشان کراوە و لە ساڵی ١٨٣٠ یاسای وڵاتەکە دانراوە و نووسراوەتەوە.

جوگرافیا

ڕووبەری ئۆرۆگوای لە ١٧٦،٢١٤ کیلۆمەتر دووجا پێکهاتووە و دووەم بچووکترین وڵاتی ئەمریکای باشوورە کە حوکوومڕانی خۆی بکات. بەرزترین لووتکەی وڵاتەکە کیرۆ سەتەردالـە کە بەرزیەکەی دەگاتە ٥١٤ مەتر (١٦٨٦ پێ) و گرنگترین ڕووباریش ڕیۆ نیگرۆـیە ناسراو بە ڕووباری ڕەش. ڕووبەرێکی زۆری ئۆرۆگوای بە گیای ساڤانا داپۆشراوە. لەگەڵ ئەوەی هاوینێکی مامناوەند و زستانێکی ساردی هەیە هەندێک کات کەشەکە نەزانراوە و دوای بایەکی گەرم بایەکی سارد بەدوایدا دێت هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکیی زەریای ئەتڵەسی کە بەهەمان شێوە هۆکاریشە بۆ زۆری تەم بە شێوەیەک کە ناتوانیت لوتکەی شاخەکانیشت لێوە دیاربێت. باران بە بەردەوامی بە درێژایی هەر ٤ وەرزەکە دەبارێت و زۆرترین بارانی ناوچەکە لە وەرزی پاییزدایە کە دەگاتە ١٠٠٠ میلیلیتر لە ١ مەتر. پلەی گەرمی لە وەرزی زستاندا بە گشتی ٩ بۆ ١٢ـیە و لە هاویندا ٢٢ بۆ ٢٦ـە.

ئابووری

٦٠٪ی ئابووریی ئۆرۆگوای پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت. لە ١٩٩٤ و ١٩٩٥ بەهۆی زۆری ئاڵوگۆڕی دراوی دەرەکی تووشی کێشەی دارایی بوو، پاشان قەیرانێکی گەورەی دارایی بەدوادا هات لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٢ بەهۆی ئەو کێشە داراییانەی کە دووچاری ئەرجەنتین بووەوە، ئابووری بەڕێژەی ٪١١ دابەزی و بێکاری گەیشتە ٪٢١، لەگەڵ هەموو ئەو زیانە بازرگانییانە ئۆرۆگوای یەکێک بوو لەو دوو وڵاتەی کە توانی تا ڕادەیەک ئابوورییەکەی بە جێگیری بهێڵێتەوە لە ئەمریکاری باشووردا. لە ٢٠٠٤دا گرێبەستێکی ١.١ بلیۆن دۆلاریان بەست لەگەڵ دەزگای پارەی جیهانیدا، ئەو بڕە پارەیە ١.١بلیۆن دۆلارە بەکارهێنرا بۆ جێگیرکردنی باری ئابووری وڵات، کە وایکرد بچێتە ناو کێبەرکێی ئابووری وڵاتە بەهێزەکان لە ڕووی ئابوورییەوە، لەگەڵ ڕاکێشانی بەرهەمهێنەرانی دەرەکی بۆ ئامێرەکانیان و بەدەست هێنانی دراوی دەرەکی. بەپێی ئەوەی ئۆرۆگوای توانی قەرزەکە بە ماوەیەکی کەمتر بداتەوە لە ساڵی ٢٠٠٦دا گرێبەستکەیان هەڵوەشاندەوە جگە لە هێشتنەوەی چەند ڕێکەوتنێکی یاسایی. یەکێک لە گرنگترین کارەکان لە ئابووریی ئۆرۆگوایدا ئەنجام درابێت بریتی بوو لە بەخشینی پارەیەکی مانگانە کە بریتی بوو لە ٧٥ دۆلار لەلایەن سەرۆکی وڵات ڤازکوێز لە ساڵی ٢٠٠٥دا کە لە بەرامبەردا تەنها داوای ئەوەی کردبوو کە ئەو کەسانەی ئەو بڕە پارەیە وەردەگرن بەشداربن لە کاری خێرخوازیدا، و دڵنیابنەوە لە لایەنی تەندروستییان و منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە.

کولتوور

کولتووری ئۆرۆگوای بەشێکی گەورەی لە کولتووری ئەورووپی بە دیاریکراوی باشووری ئەوروپاوە وەرگرتووە، نەریتی گاوچۆ بەشێکی گرنگی هونەر و فۆلکلۆری هەر یەکێک لە ئۆرۆگوای و ئەرجەنتین بووە. پێدرۆ فیگاری یەکەم وێنەکەش بووە کە وێنەی ڕەنگاو ڕەنگی کێشابێت لە ئۆرۆگوایدا و توانی دەسکەوتێکی جیهانی هەبێت، لە پاش ئەوەوە لیۆناردۆ سیلڤا دەلگادۆ دەرکەوتنێکی جیهانی هەبوو. مۆسیقا و فۆلکلۆری ئۆرۆگوای نەک تەنها لە لقەکانی گوچۆدا لەگەڵ ئەرجەنتیندا هاوبەشە بەڵکو سەمای تانگۆشیان هاوبەشە بەپێی ئەوەی یەکێک لە ناسراوترین و دەرکەوتووترین جۆری تانگۆ لە ساڵی ١٩١٧ بە ناویلا کەمپارسیتا لەلایەن ئاوازدانەرێکی ئۆرۆگواییەوە بە ناوی جێراردۆ مۆتۆس ڕۆدریگێز نووسراوە. بەهۆی ئەو کۆچە زۆرەی دانیشتوانی ئەورووپا ئۆرۆگواییەکان تام و شێوازی خواردنیان لە ئەورووپیەکانەوە وەرگرتووە. تۆپی پێ ناسراوترین وەرزشە لە ئۆرۆگوایدا یەکەم یاری لە دەرەوەی حووکمی بەریتانیا لە ٧\١٩٠٢ ئەنجامدرا دژی ئەرجەنتین، خاوەنی دوو جامی جیهانی و ١٥ کۆپا دێل رێیە، ئۆرۆگوای کەمترین ڕێژەی دانیشتوانی هەیە بە بەراورد بە هەموو ئەو وڵاتانەی کە جامی جیهانییان بەدەست هێناوە.

ئەدەب

خۆسێ ئینرکوی ڕۆدۆ تازەخوازێکە لە ١٨٧١ بۆ ١٩١٧ ژیاوە و بە کاریگەرترین کەسایەتی ئەدەبی ئۆرۆگوای دەستنیشان کراوە، کتێبەکەی Ariel کە لە ساڵی ١٩٠٠ بڵاوکراوەتەوە باس لە بەرەوپێشبردنی ئامێر و پیشەسازی دەکات بێ فەرامۆش کردنی پەرەپێدان بە لایەنی ڕۆحی. هەروەها ئۆرۆگوای خاوەنی یەکێک لە ناسراوترین نووسەری شانۆیی سەرتاسەری ئەمریکای لاتینە بەناوی فلۆرێنسیۆ سانچێز کە لە ساڵی ١٨٧٥ بۆ ١٩١٠ ژیاوە و چەندین شانۆگەری نووسیوە کە تاوەکوو سەردەمی ئێستا نواندن دەکرێن، لە هەمان سەردەمدا شاعیری ڕۆمانتیکی خوان زۆریلا ١٨٥٥ بۆ ١٩٣١ توانیویەتی چەند شیعرێکی نایاب دەربارەی مێژووی ئۆرۆگوای بنوسێت، ناسراوترین نووسەری هاوسەردەمیان ئێدواردۆ گاڵیانۆ نووسەری هەر یەکێک لە بەرهەمەکانی (Las venas abiertas de América Latina, open veins of latin america, the trilogy memoria del fuego, memory of fire)ـە کە توانیویەتی دەنگ دانەوەیەکی گەورەی هەبێت، بە گشتی ئۆرۆگواییەکان چێژ لە خوێندنەوەی مێژوو، پەڕتووکی کارتۆنی دەبینن و هەندێک کاتیش پەڕتوکی کۆمیدیا و خەیاڵ تێکەڵ دەکەن.


سەرچاوەکان



1426 بینین