ئیبراهیم پاشای بابان

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-04-24-21:30:00 - کۆدی بابەت: 8379
ئیبراهیم پاشای بابان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیبراهیم پاشای بابان (بە ئینگلیزی: Ibrahim Pashay Baban)، کوڕی ئەحمەد پاشای کوڕی سڵێمان پاشای بابانە، یەکێکە لە میرە هەرە بەناوبانگەکانی میرنشینی بابان و گەورەترین بەرهەمیشی دروستکردنی شاری سلێمانییە، ئیبراهیم پاشا شازادەیەکی ئازا و جوامێر بووە و شارەزاییەکی تەواوی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەبووە، لە دوای مردنی، سێ كوڕی لەپاش بەجێماوە بە ناوەکانی (ئیبراهیم بەگ، عەبدولعەزیز بەگ، خالید بەگ) ئەوانیش هەر یەكەیان بەجۆرێك لە جۆرەكان لە ڕووداوەكانی ناوچەكەدا رۆڵیان بینیوە، ئیبراهیم پاشا لە بنەماڵەی (فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە) بووە و ناوبانگی لە هەموو جیهاندا دەركردبوو بە ژیریی و خزمەتكردنی جەماوەر و دروستكردنی شار، بەشێکی زۆری تەمەنیشی لە شاری بەغداد بەسەر بردووە، حەزی لە ژیانی شارستانی بووە و لە ناو کاربەدەستانی ویلایەتی بەغداددا خۆشەویست و بەڕێز بووە، ئەو سەردەمەی میرنشینی بابان سەردەمی ناکۆکی نێوان میرەکانی بابان و دەستێوەردانی ڕۆم و عەجەم بووە لە کاروباری میرنشینەکەدا، بۆیە زوو زوو میرەکان دەگۆڕدران.

سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن: پاش ئەوەی لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەدا مەحموود پاشای بابان وڵاتی بەجێهێشت، والی بەغداد کە ناوی سڵێمان پاشا بوو، ئیبراهیم پاشای برازای مەحمود پاشای کرد بە فەرمانڕەوای بابان. یەکەمین ئیشی ئیبراهیم پاشا دوای دەستبەکاربوونی ئەوەبوو لە نزیک گوندی مەڵکەندی و لە نزیک ئەو سەرایەی کە ساڵی ١٧٧٥ مەحموود پاشا دروستی کرد بوو، بناغەی شارێکی هاوچەرخی دامەزراند و ساڵی ١٧٨٤ ئەو شارەی ناونا سلێمانی و بوو بە پایتەختی میرنشینی بابان.

ئیبراهیم پاشای بابان، جگە لەو خزمەتە گەورەیەش، هەمیشە هەوڵی ئاوەدانکردنەوە و چەسپاندنی ئاسایشی داوە و توانیویەتی بەبێ شەڕ دەسەڵاتی بابانەکان بگەیەنێتە خانەقین و زەهاو و قەسری شیرین، بەڵام ڕووداوە ئاڵۆزەکان و بەرژەوەندی هێزە دەسەڵاتدارەکان هەمیشە دژی ئەوە بوون ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتی باباندا جێگیرببێت و چەند جارێک ئەم پاشا خێرخوازەیان لەسەر کار لابرد و دووبارە کردیانەوە بە فەرمانڕەوای میرنشینەکە.

ساڵی ١٧٩٦ کاتێک کە ئیبراهیم پاشا بە خۆی و لەشکرەکەیەوە بۆ یارمەتیدانی والی عوسمانی چووە ناوچەی سنجار، ئیبراهیم پاشا لە نزیک شاری موسڵ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و لە نزیک مەرقەدی حەزرەتی یونس بەخاکسپێردرا.


سەرچاوەکان



963 بینین