ئیبراهیم نادری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-25-22:46:00 - کۆدی بابەت: 8389
ئیبراهیم نادری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیبراهیم نادری (بە ئینگلیزی: Ebrahim nadri) (بە فارسی: ابراهیم نادری) یان میرزا ئیبراهیم خان نادری چالاکوانی سیاسیی کوردی خەڵکی پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئیبراهیم نادری لە کۆماری کوردستان لە سابلاغ ڕاوێژکاری قازی محەمەد و بەرپرسی گشتی شاندی کۆماری کوردستان بوو.

ژیاننامە

ئیبراهیم نادری لە ساڵی ١٩١١ لەدایکبووە. ناوی باوکی فەیزوڵڵا نادری بوو. لە بنەماڵەی کوردە فەیلییەکان بووە و هەموویان دانیشتوی شاری کرماشان بوون. تا سەردەمی گەنجی لە شارەکانی کرماشان و بەغداد ژیاوە و لەم شارانەدا وانەی خوێندووە. دوای کۆتایی هاتنی خوێندنی لە بەغداد چووە بۆ ئەورووپا و لە بەشی یاسا لە زانکۆ خوێندوویەتی و بڕوانامەی بەدەست هێناوە. ئیبراهیم نادری ئەندامی لیژنەی زانکۆی فەڕەنسی بووە، بەدوای گەڕانەوەی بۆ ئێران لە زانکۆی سەربازیی تاران وانەی مێژووی وتوەتەوە.

چالاکییەکانی

کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان

کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (کۆمەڵەی ژ. ک) کە لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم وەکوو ناوکی سەرەتایی حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرابوو، دوای دەستپێکردنەوەی جەنگ لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو کرماشان، ئێلی کەڵهوڕ و پێشتکوو (ئیلام) چەند لقێکی دامەزراند. بەرپرسی لقەکانی (سنە، کرماشان، پێشتکوو، ئێلی کەڵهوڕ و هەروەها لوڕستان) میرزا عەبدوڵڵا مودەبیر بوو. لە لقی کرماشان جگە لە ئیبراهیم نادری، سەید محەمەد تاهیر هاشمی و ڕەشید باجەلان چالاک بوون.

کۆماری کوردستان

لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ئیبراھیم نادری لەگەڵ میرزا عەبدوڵڵا مودەبیر چوو بۆ مەھاباد، لەو کۆمارە بەھۆی شارەزایی لە کاروباری سەربازی و سیاسی و ھەروەھا زانینی زمانەکانی فەڕەنسی، ئینگلیزی، عەرەبی و فارسی و زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی لەلایەن قازی محەمەد وەکوو سەرۆکی گشتیی چاندی کۆماری مەھاباد ھەڵبژیردرا و وەکوو ڕاوێژکاری سەرکۆمار بوو بە سەرھەنگی ئەرتەشی کۆماری کوردستان.

چالاکیی ڕۆژنامەوانی

ئیبراھیم نادری لە چاپەمەنییەکانی وەکوو کوردستان (ئۆرگانی کۆماری کوردستان)، گەلاوێژ (بە زمانی کوردی) و کووھستان (بە زمانی فارسی) وتارەکانی دەنووسی. لە گۆڤاری کووھستان سەبارەت بە سەلاحەدینی ئەیوبی زنجیرە وتارێکی نووسیوە. ھەروەھا خوازیاری بڵاوکردنەوەی گۆڤارێک بە ناوی ژیان بوو کە چاپ نەبوو، بەڵام دوای ماوەیەک بوو بە بەرپرسی گۆڤاری دەنگی کورد کە عوبەیدوڵا ئەیوبیان سەرنووسەری بوو و لە دوایەمین ژمارەکەی ھەواڵی ڕووخانی کۆماری کوردستانی بڵاوکردوەوە.

ڕووخانی کۆماری کوردستان و زیندان

ئیبراھیم نادری دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لەگەڵ محەمەد ئەیوبیان (وەزیری تەندروستی)، جێگری سەرۆک کۆمار قازی محەمەد و چەند کەسێکی تر دەستبەسەرکرا، لە دادگا خۆی وەکوو پارێزەر بەرگری لە خۆی کرد و بە دوو ساڵ زیندانی سزا درا. دوای کۆتایی ھاتنی ماوەی زیندانییەکەی لەژێر چاودێری و فەرمانبەرانی پاراستنی ڕژێمی پادشایەتی ئێران بوو، لە ساڵی ١٩٤٩ بەشێوەی نەھێنی ئێرانی بەجێهێشت و ڕووی لە وڵاتی سووریا کرد.

ژیان لە سووریا

لە سووریا حوسنی زەعیم لە ڕاوێژکارانی سەرۆک کۆماری سووریا و کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەو وڵاتە چوون بۆ پێشوازیی ئیبراھیم نادری. لە سووریا لە ھێزی ئاسمانیی سوپا کاری دەستکەوت و تا ئاستی سالاری (لیوا) گەیشت. ئەم قۆناغە لە ژیانی ئیبراھیم نادری زۆر تاریک و ناڕوونە.

کۆچی دوایی

ئیبراھیم نادری لە ساڵی ١٩٥٦ لە کارەساتێکی ئاسمانیدا بەھۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی کۆچی دوایی کرد، بەڵام ھەندێک کەس مردنی بە پیڵانگێڕی دەزانن و ئەم قسە زۆر بیستراوە کە نادری لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی تری کوردی سوپای سووریا بڕیاری کوودەتایان دابوو، لەبەر ئەم هۆیەش لەلایەن دامودەزگای پاراستنی سووریاوە کوژراون.

 


سەرچاوەکان



397 بینین