نەیثن جۆن فۆرستین (NF)

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-04-26-14:02:00 - کۆدی بابەت: 8394
نەیثن جۆن فۆرستین (NF)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەیثن جۆن فۆرستین بە ئینگلیزی Nathan John Feuerstein ناسراوە بە (NF). ئەستێرەیەکی ڕاپی وڵاتی ئەمریکایە، زیاتر بە ڕاپە مەسیحییەکانی ناسراوە.

ژیاننامە

نەیثن لە ٣٠/٣/١٩٩١ لە ناوچەی گڵادوینی سەر بە ویلایەتی میشیگنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبووە. پێش لەدایکبوونی نەیثن دایک و باوکی جیابوبوونەوە، لە سەرەتادا لای دایکی دەمایەوە بەڵام دوای ئەوەی باوکی زانی کە خۆشەویستی ژنە کۆنەکەی توندوتیژی بەرامبەر نەیثن بەکاردەهێنێت بڕیاریدا منداڵەکە بگوازێتەوە بۆلای خۆی و بەخێوی بکات. خوێندنی لە قوتابخانەی گڵادوینی ئامادەیی تەواوکردووە و لە سەرەتادا لە تیمی باسکەی قوتابخانەکەیاندا بووە بەڵام پاشان لەڕێی ڕێکخراویێکی هونەری کە پەیوەندی بە کڵێساوە هەبووە دەستی بە نووسین و بەرهەمهێنانی مۆسیقا کرد. دایکی لە ٢٠٠٩دا بە زیادەڕۆی کردن لە خواردنی دەرماندا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا کە وای لە نەیثن کرد گۆرانیەک بۆ دایکی تەرخان بکات بە ناوی چۆن توانیت جێمان بهێڵیت (How Could You Leave Us).

کارەکانی

نەیثن ئاماژەی بەوەداوە کاتێک منداڵ بووە مۆسیقای وەکو ڕاکردنێک لە ژیانی ڕاستی بەکارهێناوە، لە سەرەتادا ئامێری کاریۆکی بەکارهێناوە بۆ تۆمارکردنی ئەو مۆسیقای بەرهەمی هێناوە. لە ٢٠١٠ـدا بە بەکارهێنانی ناوی ڕاستەقینەی خۆی ئەلبوومێکی بڵاوکردەوە، لە ٢٠١١دا تراکێکی بە ناوی تەنیام (Alone) کە تۆمی پڕۆفیتیش تیایدا بەژداربوو بڵاوکردەوە، پاشان لە ٢٠١٢ کارەکانی سەرنجی کۆمپانیای مۆسیقی زست (Xist Music)ـی ڕاکێشاو و یەکەم دەرکەوتنی بە بەرهەمێکی ٩ تراکی بە ناوی من ئازادم (I’m Free) کە تراکی تەنیام (Alone) بەشێک بوو لەو بڵاوکراوەیە دەستیپێکرد، لەگەڵ درێژەدان بە کارەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا بە نیازی بڵاوکردنەوەی بەرهەمێک بوو بە ناوی (NF) بەڵام پاش ئەوەی کۆمپانیاکە وادەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە دوادەخەن نەیثن لە کۆمپانیاکە جیادەبێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٣ تراکێک بە ناوی ئالوودەییەکی جوان (Beautiful Addiction) بڵاوکردەوە کە دووبارە تۆمی بەشێک بوو لە تراکەکە.
دوای ئەوەی گرێبەستێک لەگەڵ گروپێکی مۆسیقای مەسیحی بە ناوی کاپیتۆڵ دەبەستێت بەرهەمی (NF) بڵاودەکاتەوە و لەلایەن ڕۆژنامەی ناسراویی ئەمریکی بیڵبۆرد تێبینی دەکرێت دەتوانێت لە ڕیزبەندی ١٢ـیەم باشترین ئەلبوومیی مۆسیقای مەسیحی و ١٥ـەم باشترین ئەلبوومی ڕاپ دەربکەوێت. ئەم بەرهەمەی لەلایەن خێسوس فریک هایدایت و نوێترین بڵاوکراوەکانی پێنجشەممەوە ٣.٥ ئەستێرە و لەلایەن ڕۆژنامەی سی سی ئێم (CCM)ـەوە ٤ ئەستێرەی پێدراوە. لە ٢٠١٥ یەکەم ئەلبوومی خۆی بەناوی کۆشک (Mansion) بە سەرپەرشتی کاپیتۆڵ بڵاوکردەوە.
تراکی دەسپێک (Intro) لە یاریە ئەلکترۆنییەکانی (Madden NFL 16) و پێشەکییەکی (Apex Legend)دا دەرکەوتووە.
لە ٢٢/٤/٢٠١٦ نەیثن دووەم ئەلبوومی بە ناوی کۆبونەوەیی لایەنی دەروونی (Therapy Session) بڵاکردەوە.
لە ٦/١٠/٢٠١٧ سێیەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی تێبینی (Perception) بڵاوکردەوە و توانی ڕیزبەندی یەکەم لە خشتەی بیڵبۆرد بۆخۆی دەستەبەر بکات. دوای هەفتەیەک لە بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکە تراکی نائومێدم کردی (Let You Down) توانی بچێتە ڕیزبەندی ٨٧ لە باشترین گۆرانیەکانی هەفتە و بە درێژایی ١٧ هەفتەکەی کە لە ڕیزبەندیەکەدا بوو توانی بچێتە ڕیزبەندی ١٢ـیەم. سەرکەوتنی (Perception) نەیثنی هاندا و چەند کۆنسێرتێکی لە چەندین ویلایەتی جیاواز ڕاگەیاند و ئاماژەی کرد بە دەرکەوتنی ٢ ڕاپەری ناسراو بە ناوەکانی لۆگیک و کایڵی لە کۆنسێرتەکانیدا.
چوارەم ئەلبوومی لە ٣/١٢/٢٠١٩ بە ناوی گەڕان (The search) بڵاوکردەوە. پاش ئەلبوومەکە Paid My Duesـی بڵاوکردەوە. لە سەرەتادا فانێکی ئوستورالیی بە ناوی میکایلا سیپێل بەشێکی (Chasing)ـی بڵاوکردەوە کە وای لە نەیثن کرد پەیوەندی پێوە بکات، بەیەکەوە تۆماریان کردەووە و لەلایەن نەیثنەوە بڵاوکرایەوە، بەهۆی ئەمەشەوە بە بەرهەمێکی جیاوازی نەیثن ناسراوە. میکستەیپی Cloudsـی لە ٢٦/٣/٢٠١١  کە لە ١٠ تراک پێکهاتووە بڵاوکردەوە.

شێوازەکەی

نەیثن هەر لە منداڵییەوە گوێی لە مارشال ماثەرس ناسراو بە ئێمنێم گرتووە و لەگەڵ ئەوەی ئاماژەی پێداوە کە شێوازەکەی لە مارشاڵەو وەرنەگرتووە و شێوازێکی تایبەت بەخۆی هەیە، زۆرکەس کاتێک گوێی لێدەگرن ئەوە دەخەنە ڕوو کە شێوازەکەی نزیکە لە مارشاڵەوە. نەیثن بە ڕاپەرێکی مەسیحی ناسراوە بەڵام چەند جار پشتڕاستی کردووەتە کە ئەو تەنها پەیڕەوی ئایینی مەسیحییە، دەربارەی کێشە دەروونییەکانی و هەستەکانی گۆرانی دەنوسێت.

ژیانی خێزانی

لە سەرەتای ٢٠١٨ ژیانی خێزانی لەگەڵ بریجێت دۆرمەسدا پێکهێناوە و خاوەنی یەک کوڕن.

ئامانج لە گۆرانییەکانی

زۆرکەس نووسین و گۆرانیەکانی نەیثن بە نەرێنی دادەنێن بەڵام گرنگی بە مەبەستی پشت گۆرانیەکە نادەن، لە کاتێکدا چەندین جار لە گۆرانییەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە گەیشتن بە ئازادی تەواوەتی ئامانجی سەرەکییەتی لە ژیانیدا، هەموو ئەو دیدگا نەرێنیانە مەبەستیان ئەوەیە کە پێویستە بێ گوێدانە ئەوەی بە چیدا تێپەڕ دەبیت لە ژیاندا دەبێت نەوەستیت و بەردەوام بیت وەک چۆن لە یەکێک لە گۆرانیەکانیدا بە ناوی (Just Like You) دا دەڵێت (ڕۆژە بارانیی و هەوراوییەکان وامان لێ دەکەن بەپەرۆش بین بۆ ڕۆژە ڕووناک و هەتاوییەکان)، لێرەدا نەیثن باران و هەوری بە ناخۆش و خەمۆکاوی و ڕووناکی و هەتاوی بە دڵخۆشکەر و خەندەئامێز لێکچواندووە، ئاماژەشی بەوە داوە کە تەنها دەیەوێت پەیامێک بگەیەنێت لە ڕێی بەرهەمەکانییەوە.


سەرچاوەکان



305 بینین