هەندێک ڕێنمایی بۆ ڕۆژووگرتن بە شێوەیەکی تەندروست

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-04-27-01:19:00 - کۆدی بابەت: 8400
هەندێک ڕێنمایی بۆ ڕۆژووگرتن بە شێوەیەکی تەندروست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕۆژووگرتن لە مانگی ڕەمەزاندا هەڵگری چەند مەترسییەکە وەک وشکبوونەوەی جەستە و چەند مەترسییەکی تر بەهۆی سنوورداربوونی خواردن و خواردنەوەکان لە پارشێو تاکوو خۆرئاوابوون، هەروەها ئەو کەسانەی کە بەڕۆژوو دەبن دەبێت پارشێوان هەستن لەخەو بۆ خواردنی پارشێو، کەمخەوی و وشکبوونەوەی جەستە هۆکارە بۆ دروستبوونی سەرئێشە، ئەگەر خواردنەکان بە شێوەیەکی تەندروست و بڕێکی تەندروست بخورێت ئەوا ڕۆژووگرتن کارێکی ئاسان دەبێت.

هەندێک ڕێنمایی بۆ بەڕۆژووبوونێکی تەندروست

پارشێوکردن پشتگوێ مەخە

هەروەک پێشتر وتراوە نانی بەیانی گرنگترین ژەمی ڕۆژەکەیە، لە ماوەی ڕەمەزانیشدا، گرنگییەکەی زیاتر دەبێت و کاتەکەی دەکەوێتە پارشێوەوە، بەڵام هەندێک کەس بۆ ئەوەی خەوێکی نەپچڕاویان هەبێت هەڵدەستن بە ئەنجامدانی نەخواردنی خواردن لە پارشێودا و پشتگوێخستنی کە ئەمەش کارێکی دروست نییە، نەخواردنی هیچ بڕە خۆراکێک و پەڕاندنی پارشێو ماوەی بەڕۆژووبوونەکە درێژ دەکاتەوە و وا لە جەستە دەکات تاکوو کاتی بەربانگ بۆ بەدەستهێنانی وزەکەی پشت بە ژەمی پێشتر ببەستێت، بەهۆی درێژی کاتژمێرەکانی بەڕۆژووبوونەوە، لە ڕۆژدا زیاتر هەست بە ماندوویەتی و وشکبوونەوەی جەستە دەکەیت،  هەروەها یەکێکی تر لە زیانەکانی نەخواردنی پارشێو بریتییە لەوەی لە کاتی بەربانگدا خواردنێکی زیاتر دەخۆیت و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشی ناتەندروست.

زۆرخۆری مەکە لە کاتی بەربانگ

هەر وەک ئەوەی نەخواردنی پارشێو کارێکی دروست نییە، بە هەمان شێوە زۆرخۆری کردن لە کاتی بەربانگدا دەکرێت زیان بە جەستە بگەیەنێت، دەبێت لە کاتی بەربانگدا هاوسەنگی لە خواردندا ڕابگیرێت، زیادەڕەوی و زۆرخۆری کردن لەو خواردنانەی کە ڕێژەیەکی بەرز چەوری تێدایە دەبێتە هۆی هەوکردن و زیادبوونی کێش، هەوڵبدە بە هێواشی خواردنەکەت بخۆیت.

دوور بکەوەرەوە لە خواردنی سوورکراوە، خواردنە سوێرەکان و خواردنە پڕ شەکرەکان

ئەوە شتێکی نائاسایی نییە کە ئەو کەسانەی ڕۆژوو دەگرن لە کاتی نانخواردندا خواردنەکانیان لە جۆری خۆراکی دەوڵەمەند بە چەوری و شەکر و خوێ و سوورکراوە بێت، هەرچەندە ئەم خۆراکانە بۆ ماوەیەکی کەم چێژ و خۆشیت پێدەبەخشن بەڵام ڕۆژووگرتنی ڕۆژی داهاتووت قورستر دەکەن، جگە لەوەی کە دەبنە هۆی زیادبوونی کێش هەروەها دەبنە هۆی تەمەڵی و ماندوویەتی و شەکەتییەکی زۆر، بۆیە دەبێت بڕی ئەو خۆراکانەی کە دەیخۆیت سنووردار بکەیت بەتایبەتی لە پارشێودا، هەروەها دەتوانیت لە جیاتی ئەو خۆراکانە سەوزە و میوەکان بخۆیت یان ئەو خۆراکانە بەکاربهێنیت کە دەوڵەمەندن بە ماددە ڕیشاڵییەکان و هەستی برسێتی کەمدەکەنەوە.

خواردنەوەی ئاو بە بڕی پێویست

خوارنەوەی ئاو بە بڕی پێویست لە نێوان بەربانگ و پارشێودا یارمەتی کەمبوونەوەی مەترسی وشکبوونەوەی جەستە دەدات لە ماوەی کاتی بەڕۆژووبووندا، هەوڵبدە لە پاش شکاندنی ڕۆژووەکەت تاکوو کاتی پارشێوە ٨ پەرداخ ئاو یاخود جۆرەکانی تری خواردنەوە و شلەمەنی وەک (شەربەت، شیر، سوپ) بخۆیتەوە بەڵام ئاو باشترین جۆرە، هەروەها هەوڵبدە خواردنەوەکانی وەک (کۆلا، چا، قاوە) کەمبکەیتەوە چونکە دەبنە هۆی کەمبوونەوە و لەدەستدانی شلەی لەش.


سەرچاوەکان



255 بینین