پشکنینی ڕۆماتیزمی جومگە

له‌لایه‌ن: - سارا محێدین - به‌روار: 2022-04-28-14:30:00 - کۆدی بابەت: 8419
پشکنینی ڕۆماتیزمی جومگە

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی ڕۆماتیزمی جومگە چییە؟

پشکنینی ڕۆماتیزمی جومگە (بە ئینگلیزی: Rheumatoid Factor test) ڕێژەی (RF) دەپێوێت لە خوێندا. (RF) پڕۆتینێکە کە لەلایەن سیستمی بەرگریی لەشەوە بەرهەم دێت. بەشێوەیەکی سروشتی، سیستمی بەرگری هێرش دەکاتە سەر ئەو ماددانەی کە هۆکاری نەخۆشیین وەکوو ڤایرۆس و بەکتریاکان. بەڵام (RF) بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر جومگە ساغەکان، ڕژێنەکان یان خانە و شانە ئاساییەکانی تر.

پشکنینی (RF) بەزۆری یارمەتی دەستنیشانکردنی ڕۆماتیزمی جومگەکان دەدات. ڕۆماتیزمی جومگەکان جۆرێک نەخۆشی بەرگرییە کە دەبێتە هۆی ئازار، ئاوسان و ڕەقبوونی جومگەکان.

ئەم پشکنینە بۆچی بەکاردێت؟

پشکنینی (RF) بۆ دەستنیشان کردنی ڕۆماتیزمی جومگەکان و ناتەواوییەکانی تری بەرگری بەکاردێت.

چی کاتێک پشکنینەکە پێویستە؟

ئەگەر نیشانەکانی ڕۆماتیزمی جومگەت تێدایە ئەوە ڕەنگە پێویستیت بەم پشکنینە هەبێت، نیشانەکانیش بریتیین لە:

• ئازاری جومگە
• ڕەقبوونی جومگە، بەتایبەت لە بەیانیاندا
• ئاوسانی جومگە
• شەکەتی
• سووکە تا

پشکنینەکە چۆن ئەنجام دەدرێت؟

کارمەندی تاقیگە لەڕێگەی سرنجێکەوە نموونەیەکی خوێن لە قۆڵی نەخۆشەکە وەردەگرێت. دواتر خوێنەکە دەکرێتە ناو تیووبی تایبەتەوە و پشکنینەکەی پێ ئەنجام دەدرێت.

ئەنجامەکان چیمان پێ دەڵێن؟

ئەگەر (RF) لە خوێنتدا هەبوو، ئەوە ڕەنگە دەرخەری یەکێک لەم حاڵەتانە بێت:

• ڕۆماتیزمی جومگەیی
• نەخۆشییەکی تری کەموکوورتی بەرگری، وەکوو: سیلی پێست (گورگە)، ڕەقبوونی پێست، هەوکردنی جومگەیی منداڵان، یاخود کۆنیشانەی شۆگرن.
• تووشبوونێک، وەکوو: نەخۆشی یەک ناووکە یان سیل.
• چەند جۆرێکی شێرپەنجە.

نزیکەی لە 20%ـی ئەو کەسانەی ڕۆماتیزمی جومگەیان هەیە بڕێکی کەم یان هەر هیچ (RF) لە خوێنیاندا نییە. بۆیە ئەگەر ئەنجامەکانت ئاساییش بوون، ڕەنگە پزیشکەکەت داوای پشکنینی زیاترت لێ بکات بۆ پشتڕاست کردنەوە یان بە درۆ خستنەوەی دەستنیشان کردنەکەی.
ئەگەر ئەنجامەکانت ئاسایی نەبوون، مەرج نییە بەو واتایەبێت کە تۆ حاڵتێکی تەندروستیت هەیە و پێویستیت بە وەرگرتنی چارەسەرە. تەنانەت هەندێک کەسی ساغیش (RF) لە خوێنیاندا هەیە، بەڵام هۆکارەکەی ڕوون نییە.

لێکدانەوەی ئەنجامەکان

ئەنجامی پشکنینی (RF) بە پۆزەتیڤ یاخود نێگەتیڤ دەبێت. پۆزەتیڤ بەواتای هەبوون و نێگەتیڤ بەواتای نەبوونی (RF) دێت لە خوێندا.

هەروەها ئەم پشکنینە بەڕێگەی تایتەریش ئەنجام دەدرێت کە ئەنجامەکان بە ڕێژە دەدات بەدەستەوە. ڕێژەی ئاسایی پشکنینەکە لە تاقیگەیەکەوە بۆ تاقیگەیەکی تر بەگوێرەی شێوازی ئەنجامدان و ئامێری بەکارهاتوو دەگۆڕێت.


سەرچاوەکان



613 بینین