چۆنیەتی مامەڵکردن لەگەڵ ئەو هاوسەرانەی هەڵەی خۆیان قبوڵ ناکەن

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-04-30-12:10:00 - کۆدی بابەت: 8443
چۆنیەتی مامەڵکردن لەگەڵ ئەو هاوسەرانەی هەڵەی خۆیان قبوڵ ناکەن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قبوڵ نەکردنی هەڵە لەلایەن هاوسەرەوە یەکێکە لەو کێشانەی کاریگەری زۆری لەسەر پەیوەندی هاوسەرەکان هەیە، بەڵام خانمان دەبێت فێر ببن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بکەن.

نیشانە و چارەسەرەکان

هەمیشە ڕەخنەت لێ دەگرێت

هەندێک کات هاوسەرەکەت زووتر ڕەخنە دەگرێت تا خۆی نەبێتە ئەو کەسەی ڕەخنەی لێ دەگیرێت، واتا ڕەخنەت لێ دەگرێت تاکوو ڕەخنەی لێ نەگریت، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تووشی کێشە ببن.

ئەگەر تێبینیت کرد کە بە درێژای ڕۆژ یان لە هەفتەکەدا چەندین جار دووبارەی دەکاتەوە و ڕەخنەت لێ دەگرێت
دەبێت قسەی لەگەڵ بکەیت، پێی بڵێیت کە ئەم ڕەفتارەی چەند ئازارت دەدات و زیانی بۆتان هەیە، دەبێتە هۆی ئەوەی هەستی نەرێنیتان بەرامبەر خۆتان و ژیانتان هەبێت.

وەڵامت ناداتەوە

ڕەنگە هەندێک پیاوتان بینیبێت کە کاتێک دەبێتە دەمەقاڵە و کێشەیان لەگەڵ خانمەکانیان، وەڵامی پەیام و پەیوەندییەکانی نادەنەوە، ئەنجامدانی ئەم کارە ئەوە دەردەخات کە کەسی بەرامبەر حەزی بە دانپێدانانی هەڵەی خۆی نییە و بەردەوام بیانوو دەهێنێتەوە، دەیەوێت بە بێدەنگی خۆی لە هەڵەکەی خۆی بەدوور بگرێت.

لەم حاڵەتەدا، پێویستە قسە لەگەڵ هاوسەرەکەت بکەیت دەربارەی ئەم بابەتە، پشتگوێ خستنی نامە و پەیوەندییەکانت بە هیچ شێوەیەک کارێکی ڕاست نییە پەیوەندیەکەتان دەخاتە مەترسییەوە.

هەرگیز داوای لێبوردن ناکات 

لە ڕاستیدا بە ئەنجامدانی ئەم کارە دەیەوێت تۆ وەکوو تۆمەتبار نیشان بدات و نیشانی نادات کە هەڵەیەکی کردووە، ئەمەش وای لێدەکات لەسەر هەڵەکەی خۆشی داوای لێبوردن نەکات.

دەتوانیت بۆ هاوسەرەکەتی ڕوون بکەیتەوە کە ئەم فەرامۆشکردنانە چەندە زیانت پێ دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی نادادپەروەری.

سەرزەنشتت دەکات 

لەجیاتی ئەوەی بە سادەیی هەڵەکەی قبوڵ بکات، دەیخاتە ئەستۆی تۆ، بیانوویەکی هەیە و زۆربەی هەڵەکانی بە سەرزەنشتکردنت دەست پێدەکات و کۆتایی پێ دەهێنێت.

کاتێک هاوسەرەکەت وەها ڕەفتار دەکات کە دەیەوێت تۆ سەرزەنشت بکات و شەرمەزارت بکات، واتا چارەسەرێکی هەڵەی بۆ بێ بەریکردنی خۆی دۆزیوەتەوە، هەوڵ بدە بە ڕوونی و بە کورتی بۆ هاوسەرەکەتی ڕوون بکەیتەوە کە هەڵەت نەکردووە، لە ڕووی جەستەیی و سۆزدارییەوە ئاگات لە خۆت بووە و شەرم لە هیچ شتێک مەکە.

وا نیشان دەدات کە یارمەتیت دەدات

سەرەڕای هەموو ڕەخنەکان، هاوسەرەکەت وەک ئەوە ڕەفتار دەکات کە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە و تەنانەت وادەریدەخات کە بانگەشەی ئەوە دەکات هەموو شتێکی بۆ یارمەتیدانی تۆ کردووە، لەجیاتی ئەوەی قبوڵی بکات کە هەڵەیە، دەڵێت لە بەرژەوەندی تۆدایە لە ڕاستیدا بە ئازاردانی هەستەکانت دەیەوێت دەست بەسەر تۆدا بگرێت.

ئەو بەم کارەی دەیەوێت خۆی بە پاڵەوانی ژیانت نیشان بدات و بڵێت چەند یارمەتیت دەدات، بەڵام  ئەمە کارێکی ڕاست نییە چونکە هەستێکی نەرێنی زۆر لە تۆدا دروست دەکات.

کە لە حاڵەتێکی وادا دەبێت قسە لەگەڵ هاوسەرەکەت بکەیت، باسی ئەو هەستە نەرێنییانەی بۆ بکەیت کە لە تۆدا دروست بووە.

هەرگیز هەڵەی خۆی قبوڵ ناکات

یەکێک لە دیارترین نیشانەکان ئەوەیە کە کەسی بەرامبەر خۆی دەدزێتەوە، بەرەنگاری ئەوە دەبێتەوە کە هەڵەکانی قبوڵ بکات، لەلایەکی ترەوە بۆ ئەم کارە دەست دەکات بە بەراوردکردنت لەگەڵ ئەوانی تر و بەبیرهێنانەوەی هەڵەکانت هەندێک جار بێدەنگی، یان ئەوەندە خۆشەویستی دەردەبڕێت تۆ کێشە سەرەکییەکە لەبیر دەکەیت.

ئەگەر بزانیت هاوسەرەکەت ئەو هەڵەیە قبوڵ ناکات، لەبری ئەوە هەڕەشەت لێ دەکات و هەموو شتێک دەخاتە ئەستۆی تۆ، واتا سنووری تۆی پێشێل کردووە و زیانی جەستەیی و دەروونیت لێ دەدات، لەم حاڵەتەدا پێویستە یارمەتی لەو کەسانە وەربگریت کە دەتوانن پشتگیریت بکەن، چارەی دووەم ئەوەیە کە بزانیت کە هاوسەرەکەت لە چ کاتێکدا ئەو ڕەفتارانەی دەبێت، لێی دوور بکەویتەوە.

بەردەوام ڕەفتاری دەگۆڕێت

هەندێک جار هاوسەرەکەت ئەوەندە ڕەفتارەکانی لەگەڵت دەگۆڕێت (ساتێک لێت بێزار نابێت و هەموو شتەکانی ژیان نایابە، ساتێکی تر ڕقی لێت دەبێتەوە و گلەییت لێ دەکات بۆ هەموو ئەو هەڵانەی لە ژیانیدا هەیە) کە ئەم ڕەفتارە سەرتان لێ دەشێوێنێت و تێناگەی کە کێشەکانی ئێوە لە کوێوە دێن، بە ئەنجامدانی ئەو کارە، دەیەوێت وا لە تۆ بکات کە کێشەی سەرەکی لەبیر بکەیت و بەم شێوەیە خۆی ئازاد بکات. 

دەبێت بزانیت چی بووەتە هۆی گۆڕانی هەڵسوکەوتی، ئەگەر هەست دەکەیت کاتێک که تووشی فشار و ناڕێکی زۆر دەبێت تووشی ئەم کێشەیە دەبێت، دەبێت گۆڕانکاری دروست بکەیت، ئەگەر ئەم ڕەفتارە خراپتر بێت، ئەوە نیشانەی نەخۆشی دەروونییە کە پێویستە بە شێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر بکرێت.

دەنگی بەرز دەکاتەوە

هەندێک جار لایەنی بەرامبەر دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە تۆ هەڵەیت بە بەرزکردنەوەی دەنگی بە سەرتدا، ئەمەش وا دەکات کە نەتوانیت بەرگری لە خۆت بکەیت و دەبێت واز لە گفتوگۆکردن بهێنیت.

تۆ نابێت ڕێگە بە هاوسەرەکەت بدەیت کە دەنگی بەسەرتدا بەرز بکاتەوە یان شتێکت بەسەردا بسەپێنێت یان بتترسێنێت، بەبیری بهێنەوە کە هیچ کەسێک جگە لە خۆت ناتوانێت بڕیارە گرنگەکانی ژیان بدات و بە تەواوی جدی بە لەسەر ئەم بابەتە.


سەرچاوەکان



381 بینین