ئاسۆی دەلاک

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-04-30-21:45:00 - کۆدی بابەت: 8448
ئاسۆی دەلاک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاسۆی دەلاک (بە ئینگلیزی: Asoy Dalak)، ناوی تەواوی حەسیب عومەر سابیرە بە شەھید ئاسۆی دەلاکیش ناسراوە، لە ساڵی ١٩٥٧ لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە، بنەماڵەکەی لەبنەڕەتدا خەڵکی گوندی گەبەی تازەی سنووری شارۆچکەی پیرەمەگرونن بەڵام باپیری بە گەنجی چووەتە شاری سلێمانی، ئاسۆ کوڕە گەورەی دایک و باوکی بووە، لە ساڵی ١٩٦٣ چووەتە قوتابخانەی خالیدییە لە سلێمانی و تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە، دواتر دەستیکردووە بە پیشەی سەرتاشی و لەوەوە نازناوی دەلاکی وەرگرتووە، لە ساڵی ١٩٧٥ لە ڕێگەی شەھید جەمالە ڕەشەوە پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە کردووە، پێشمەرگە، کادر و ئەندامی ڕێکخستنی ناوشاری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و دواتریش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە و بەھۆی ئازایەتی، بوێریی و ڕووبەڕووبوونەوەکانی لە ناوشاری سلێمانیدا لەگەڵ گەورە ئەفسەرەکانی ڕژێمی بەعس ناسراوە، لە ساڵی ١٩٧٦ خزمەتی سەربازی ناکات و دەبێت بە پۆلیس، ماوەیەک لە سلێمانی دەبێت و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ سەنگەسەر، لە کۆتایی ئەو ساڵەدا لەگەڵ چەند پۆلیسێکی ئەو مەخفەرەدا ١١ تفەنگ دەبەن و دەچنە ناو ھێزی پێشمەرگەوە و دەبنە پێشمەرگە، لە ئەو کاتەوە شەھید ئاسۆی دەلاک جگە لەئەرکی پێشمەرگایەتی لە شاخ وەک پێشمەرگەیەکی ناوشاریش چالاکی ئەنجامداوە و چەندین جار یان بە تەنیا یاخود لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا چووەتە ناوشاری سلێمانی و چالاکی گرنگی ئەنجامداوە وەک بە سزا گەیاندنی تاوانباران، لەساڵی ١٩٧٧دا لەکاتی رۆیشتنەوەی بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک لە ناو شاری سلێمانی دەستگیردەکرێت، بەڵام لەم کاتەدا ڕژێم لێبوردنی گشتی بۆ پێشمەرگە دەرکردبوو، بۆیە ئاسۆ دەڵێت من بەھۆی لێبوردنەکەوە ھاتومەتەوە و دادەنیشم، دوای ٤٠ شەو لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە وون دەکرێت و نازانرێت ئایا مردووە یاخود کوژراوە.

پێکدادانەکانی لەگەڵ ملازم موحسیندا

ملازم موحسین، ئەفسەرێکی دڕندە و بکوژی بە ڕەگەز عەرەبی فەڵەستینی بوو لە ئەمنی سلێمانی، دەسەڵاتێکی کراوەی پێدرابوو، زۆر کەسی بێتاوانی شەھید کرد و تەرمەکەیانی بەدوای ئۆتۆمبێلدا ڕادەکێشا، لە سەردەمی ئەودا کراسی ڕەش و گۆرەوی سپی و تەنکە ڕیشی گەنجانە لە سلێمانی قەدەغە کرابوو، زۆری کوشت و زۆریشی بێ سەروشوێن کرد، دڕندەیی ملازم موحسین، وای لەئاسۆی دەلاک کرد بڕیاری تەمبێکردنی بدات و زۆرجار لەشاخەوە بۆی دەھاتەوە بۆ ناوشار و چەندین جاریش ڕووبەڕووی یەکتری بوونەتەوە، جگە لەوەش چەند جارێک ئاسۆ وەک جەنگی دەروونی لە چێشتخانە و چایخانەکاندا وەک تەحەدایەک پارەی خواردنەکەی بۆ ملازم محسین داوە، کاژێر ١١ی ڕۆژێکی ھەینی ساڵی ١٩٧٨، لەگەڕەکی بەرخانەقای سلێمانی، ئاسۆ لەگەڵ دوو ھاوڕێیدا رووبەرووی ھێزێکی زۆری قوواتخاسە دەبێتەوە بە سەرپەرشتی ملازم موحسین، لە شەڕێکی دەستەویەخەدا ملازم محسین بریندار دەکات، ڕۆژی ٦ی ئەیلوولی ١٩٧٩دا کاتێک دەیەوێت لەناو سلێمانی چالاکییەک ئەنجام بدات، خیانەتی لێ دەکرێت و بەدیلی دەکەوێتە دەستی ملازم موحسین، لە زینداندا ملازم موحسین خۆی ئەشکەنجەی دەدات و سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکە دەکات، ئەشکەنجەیەکی سەخت و دڕندانە دەدرێت، بەڵام ئاسۆ بەرگە دەگرێت و ھیچ نادرکێنێت بۆیە لەکاتی گیرانی ئەودا ھیچ کەس لەرێکخستنەکان ئاشکرا نەبوون و نەگیران، لەوکاتەوە تا ئێستا ئاسۆی دەلاک بێ سەروشوێنە شایانی باسە برایەکی شەھید ئاسۆ کە پێشمەرگە بوو بە ناوی "شاھۆ"، لە ساڵی ١٩٨٨ بە دیلی کەوتە دەست دوژمن و ئەویش تا ئێستا بێسەروشوێنە، باوکیشی نۆ مانگ لە خوارووی عیراق زیندانی کراوە و تەواوی خێزانەکەشی ئازاردراون و دەربەدەر کراون.


سەرچاوەکان



410 بینین