دووکەڵی گوڵگرتوو - شێرکۆ بێکەس

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-05-01-22:40:00 - کۆدی بابەت: 8464
دووکەڵی گوڵگرتوو - شێرکۆ بێکەس

ناوه‌ڕۆك

دووکەڵی گوڵگرتوو

شاعیر: شێرکۆ بێکەس

بەرهەم: مێرگی زام مێرگی ھەتاو

شیعر: دووکەڵی گوڵگرتوو

مەگەر ڕۆح باڵندەی ئەفسانە و.. وڵاتی خەو نییە؟ ! بۆ ئەوەی پێت بگەم، بچمە ناو تەلیسمی چاوتەوە
بۆ ئەوەی کاژی «شوێن» فڕێدەم
وەک سەعات
زەمانیش ورد و خاش بکەم و لەوپەڕی گەردووندا
هەواری ڕەهایی هەڵبدەم..
هەنووکە وام لە پشت گەواڵە هەورێکی نارنجیی شیعرەوە
وەستاوم، کاکۆڵم: گزنگە و تەوێڵم: ئاوێنەی داستان و
بەژنم: تەم. 
من پەنجەی خواوەندی گومان و دوودڵی پەنجەمە و
سیحری تۆ دەفتەرمە و
بە نووری عەشقێکی دۆزەخیی و
بە نووکی ئەستێرەی مەرگی خۆم ئەنووسم. 
ئەوەتا بمبینە: تێکەڵم لە گوڵ و خۆڵەمێش
لە بەرد و لە دار و، شنەبا و، لە باهۆز
ئاوێتەم: ئاوم و ئاگرم و خاک و خۆڵ
شەختەم و ئەسووتێم. 
دووکەڵم و گوڵ ئەگرم. 
ڕقێکم نیان و خۆرێکم تاریک و
شەوێکم سپی و سۆڵ. 
گوناهم و لە نوێژی ئەویندا ئەکوژرێم! . 
مەگەر ڕۆح باڵندەی ئەفسانە و.. وڵاتی خەونییە؟ ! 
مەگەر من دەروونم ئاسمانی مەحاڵ و کیشوەری ئازار و
چاوانم دووباڵی فڕینی
نەهێنیی شەو نییە؟ ! 
لێرەوە «زمان»ێ ئەڕوێنم
یەک و سەد نوێ ببڕێ..
لەم کێڵگەی خەیاڵ و فەرهەنگە شینەدا، 
بەرد ڕاکا و باڵ بگرێ
لە چاوما مانگ بنوێ
لەسەرما بارانی ڕەنگاڵە داکات و
لە ژوورما منداڵییم بە شانی
ئیستەمدا هەڵگەڕێ
مەگەر ڕۆح باڵندەی ئەفسانە و.. وڵاتی خەونییە؟ 
مەگەر تۆ رۆحم نیت؟ !


سەرچاوەکان



212 بینین