شێرپەنجەی کۆڵۆن

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2022-05-05-16:52:00 - کۆدی بابەت: 8506
شێرپەنجەی کۆڵۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێرپەنجەی کۆڵۆن (بە عەرەبی: سرطان القولون، بە ئینگلیزی: Colonic Cancer) یەکێکە لە جۆرەکانی شێرپەنجە و لە ڕیخۆڵە ئەستوورە (کۆڵۆن)ەوە دەست پێدەکات، کۆڵۆن کۆتا بەشی جۆگەی هەرسە. بەشێوەیەکی گشتی شێرپەنجەکە تووشی کەسە بەتەمەنەکان دەبێت، بەڵام دەکرێت ئەم نەخۆشییە لە هەموو تەمەنێکدا دەرکەوێت، سەرەتا لە شێوەی خانەیەکی بچووکی بێزیانی دەرپەڕیو لەنێو کۆڵۆندا دەردەکەوێتا.
لەبەر ئەوەی ترسی گۆڕانی هەیە بۆ خانەی شێرپەنجەیی، پزیشکان پشکنینی ساڵانەیان بە کارێکی زۆر پێویست داناوە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی شێرپەنجەکە بۆ هەموو لەش لە حاڵەتی ڕوودانی شێرپەنجەکەدا.  
کاتێک شێرپەرنجەی کۆڵۆن تووشی کەسێک دەبێت چەند چارەسەرێک هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی، لەوانە نەشتەرگەری، تیشک، دەرمانی کیمیایی و چارەسەری بەهێزکردنی بەرگری لەش.

نیشانەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن

-  تێکچوونی فەرمانی ئاسایی ڕیخۆڵەکان بۆ نموونە سکچوون، یاخود قەبزی، یاخود گۆڕانی ماوەی دانیشتن و چوونە توالێت.
-  هاتنەدەرەوەی خوێن لەگەڵ پیسایی.
-  ناڕەحەتی لە ناوەوەی سکدا، پێچهاتن بە سکدا و باکردن، ئازار.
-  هەستکردن بە خاڵی نەبوونەوەی ڕیخۆڵەکان.
-  لەدەستدانی کێشی لەشی هۆکار نادیار.
زۆرینەی ئەوانەی کە تووشی ئەم جۆرەی شێرپەنجە دەبن هیچ نیشانەیەکیان لێ دەرناکەوێت لە قۆناغەکانی سەرەتای نەخۆشییەکەدا، کاتێکیش کە نیشانەکان دەرکەوتن، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و دەرکەوتنەکەی پشت دەبەستێت بە قەبارەی گرێ شێرپەنجەییەکە و شوێنەکەی لە ڕیخۆڵە ئەستوورەدا.

هۆکارەکان

پزیشکان دڵنیا نین لە هۆکاری سەرەکی شێرپەنجەی کۆڵۆن، بە شێوەیەکی گشتی شێرپەنجەکە ئەو کاتە دەست پێدەکات کە خانەکانی کۆڵۆن بۆماوەماددەی DNA بازدانی بەسەردا دێت، DNA لە خانەدا پێکهاتەیەکی پێچخواردووی هەیە کە فەرمان بە خانەکە دەکات بۆ ئەو کارەی کە مێشک فەرمانی پێدەکات.
خانە تەندروستەکان بەشێوەیەکی ڕێکخراو دابەش دەبن و گەشە دەکەن تاکوو لەش بە تەندروستی بهێڵنەوە، بەڵام کاتێک بۆماوەماددەی خانەکە تێکدەچێت و دەبێتە شێرپەنجەیی، تەنانەت لە حاڵەتی ناپێویستیشدا  خانەکە بەبەردەوامی دابەش دەبێت ، کاتێکیش خانە ناتەندروستەکان کەڵەکە دەبن دەبنە لوو یاخود گرێی شێرپەنجەیی. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات خانە شێرپەنجەییەکان توانای ئەوەیان بۆ پەیدا دەبێت هێرش بکەنە سەر خانەکانی دەورووبەری خۆیان و تێکیان بشکێنن، هەروەها دەتوانن بەناو لەشدا بڵاوببنەوە. 

ئەوانەی زیاتر تووشی شێرپەنجەی کۆڵۆن دەبن

- کەسە بەتەمەنەکان: هەموو تەمەنێک ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییەکە هەیە، بەڵام تەمەنی ٥٠ ساڵ و زیاتر ئەگەری تووشبوونیان زۆرترە، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەکە لە تەمەنی خوار ٥٠ ساڵ بەبەردەوامی زیاد دەکات بەڵام پسپۆڕان تاکوو ئێستا هۆکارەکەی نازانن.
- نەتەوە: ئەمریکی و ئەفریقییەکان ئەگەری تووشبوونیان زیاترە لە نەتەوەکانی تر.
- مێژووی توشبوون: ئەو کەسانەی مێژووی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە و کۆم هەیە.
- هەوکردنەکانی ڕیخۆڵە: هەوکردنە درێژخایەنەکانی کۆڵۆن بەتایبەت (برینی کۆڵۆن و نەخۆشی کرۆن)، مەترسیی تووشبوونەکە زیاددەکەن.
- کۆنیشانە بۆماوەییەکان: لەوانەیە هەندێک بازدانی بۆماوەماددە لە نێوان ئەندامەکانی خێزاندا بگوێزرێتەوە و نەوە بۆ نەوە بمێنێتەوە، بەشێکی کەمی شێرپەنجەی کۆڵۆن بۆماوەییە لەوانەش شێرپەنجەی کۆم.
- ژەمە خۆراکی کەم ڕیشاڵ یاخود زۆر چەور: توێژینەوەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لە نێوان ژەمی چەور (گۆشتی سوور) و شێرپەنجەی کۆڵۆندا درک پێکردووە. 
- شێوازی ژیان: ئەو کەسانەی کەم جووڵەن ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاترە.
- شەکرە.
- قەڵەوی: ئەو نەخۆشانەی کێشیان زۆرە، ئەگەری تووشبوون و مردنیان بە شێرپەنجەکە زۆر زیاترە لەو کەسانەی کێشیان ئاساییە.
- جگەرەکێشان.
- خواردنەوەی ئەلکهول.
- چارەسەری تیشک: ئەو تیشکەی وەک چارەسەر بەکاردێت بۆ شێرپەنجەکانی تر و ئاراستەی سک دەکرێت ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاتر دەکات.

پشکنینی شێرپەنجەی کۆڵۆن

پزیشکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کەسانی پەنجا ساڵ بەسەرەوە بچنە پشکنینی ساڵانەی تایبەت بە شێرپەنجەی کۆڵۆن، هەروەها ئەو کەسانەی نەخۆشییەکە لە خێزانەکانیاندا بوونی هەیە دەبێت ئەو پشکنینە ئەنجام بدەن.

گۆڕینی شێوازی ژیان بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون 

- خواردنی هەمەچەشنی میوە و دانەوێڵە و سەوزەواتەکان، بەهۆی بوونی ئەو پێکهاتە دەوڵەمەندەی کە هەیانە ڕێگرن لە گەشەکردنی خانەی شێرپەنجەیی.
- دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی کهول.
- وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە جگەرەگێشان.
- وەرزشکردنی ڕۆژانە بۆ ماوەی زیاتر لە 30 خولەک.
- کەمکردنەوەی کێشی لەش.


سەرچاوەکان



1984 بینین