تاهیر یاروەیسی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-07-22:00:00 - کۆدی بابەت: 8550
تاهیر یاروەیسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تاهیر یاروەیسی (بە ئینگلیزی: Tahir Yarwaisy) (بە فارسی: طاهر یارویسی) ناسراو بە وسا تاهیر، مۆسیقازان و مامۆستای ئامێری تەموورە بوو، لە ساڵی ١٩٤٠ زایینی لە بنەماڵەیەکی یارسان لە شاری گاوارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. 

ژیاننامە

تاهیر یاروەیسی لە تەمەنی دە ساڵیدا دەستی بە ژەنینی تەموورە کردووە، لەلای سەید وەلی حوسەینی خەریکی فێربوونی مەقامەکانی ئەم ئامێرە بووە، کە یەکەمین و کاریگەرترین مامۆستای بوو و یەکێک لە گەورەترین ژەنیارەکانی تەموورە بووە. هەروەها لالۆ بەیرخان یەکێکی تر بووە لە مامۆستاکانی کە یاروەیسی سوودی لە هونەرەکەیان وەرگرتووە. تاهیر یاروەیسی جگە لە ژەنینی تەموورە، لە تاشین و دروستکردنی ئەم ئامێرەش زۆر بەکاربوو، ئەم هونەرە لەلای چەنگیز فەرمانی کە گەورەترین مامۆستای تەموورەتاشی لە کۆمەڵگای یارسان بوو فێربوو. تاهیر یاروەیسی قوتابیی زۆری پەروەردەکرد و ژیانی خۆی بۆ پەروەردەکردنی چڕین و ژەنینی تەموورە تەرخان کردبوو، ژەنیارانێکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکانی کرماشان و تەنانەت شارەکانی تر وەکوو تاران پەروەردەکرد.

فێستیڤاڵەکان

  • فێستیڤاڵی فەرهەنگ و هونەر، ١٩٧٥
  • فێستیڤاڵی ئاوێنە و ئاواز، ١٩٩٤
  • فێستیڤاڵی هۆنراوە و وێژەی شاباد، ٢٠٠١
  • فێستیڤاڵی قەسری شیرین، ٢٠٠١
  • فێستیڤاڵی مۆسیقای شاباد، ٢٠٠١
  • فێستیڤاڵی دابوونەریتی تاران، ٢٠٠١
  • فێستیڤاڵی سنە، ٢٠٠٢
  • فێستیڤاڵی (ذکر و ذاکرین)ی مەشهەد، ٢٠٠٣
  • فێستیڤاڵی تەموورەی سەحنە، ٢٠٠٣
  • فێستیڤاڵی مۆسیقای مەقامیی کرمان، ٢٠٠٣
  • فێستیڤاڵی مۆسیقای مەقامیی کرمان، ٢٠٠٤
  • فێستیڤاڵی ڕامسەر، ٢٠٠٤
  • فەرهەنگسەرای نیاڤەرانی تاران، ٢٠٠٤
  • فێستیڤاڵی مۆسیقای ئایینیی بەرلین لە ئەڵمانیا، ٢٠٠١
  • کۆنسێرت لە تاجیکستان، ٢٠٠٤
  • ژەنینی مەقامەکانی کۆنینەی تەموورە لە کۆنفرانسی زمانی کرماشانی و ئیلامی، لە هەولێری باشووری کوردستان، ٢٠٠٥

ئەلبووم

  • مەجنوونی (مەقامە مەجلیسیەکانی تەموورە)

کۆچی دوایی

تاهیر یاروەیسی لەدوای تەمەنێک چالاکی لە بواری مۆسیقا بەتایبەت ئامێری تەموورە و مۆسیقای یارسان، لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا تووشی نەخۆشی بوو و ماوەیەک لە کۆمادا بوو، لە ١٦ی تەممووزی ٢٠١٩ لە نەخۆشخانەی بێستوونی شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



343 بینین