یاداشتی کۆترە کێوییەک - شێرکۆ بێکەس

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-05-09-22:15:00 - کۆدی بابەت: 8588
یاداشتی کۆترە کێوییەک - شێرکۆ بێکەس

ناوه‌ڕۆك

یاداشتی کۆترە کێوییەک

شاعیر: شێرکۆ بێکەس

بەرهەم: مێرگی زام مێرگی ھەتاو

شیعر: یاداشتی کۆترە کێوییەک

لە ناو ڕیشی دەوەنێکدا خۆم شاردەوە وگوێم گرت لە بەردی ڕەوەزێ
تاقە خەمی بەرد ئەوەبوو: 
ئێستە و دواڕۆژ
لەو شاخەدا هیچ ڕەوەزە بەردێ نەبێ
لە ئاست ئەودا سەر هەڵبڕێ و
لەو بەرزتر! 
لە بەرۆکی ئێوارەدا خۆم شاردەوە و
گوێم گرت لە جۆگەلە ئاوێ
تاقە خەمی ئاو ئەوەبوو: 
ئەم کەی ئەبێ بە لافاوێ و
لەم وەرزەدا
ڕۆژێ زووتر
جۆگەکانی تر قووت ئەدا! 
لەناو قژی تەم و مژدا خۆم شاردەوە و
گوێم گرت لە ڕازی بولبولێ: 
تاقە خەمی ئەم بولبولەیش هەر ئەوەبوو
لە وڵاتی ڕەنگاوڕەنگی گۆرانیدا
ئێستە و دواتر
هەرگیز دەنگێ پەیدا نەبێ
لەخۆی خۆشتر! 
لە پشت ملی کەنتۆرێکدا خۆم شاردەوە و
گوێم گرت لە ئاوێنەی جوانێ
تاقە خەمی ئاوێنەکە هەر ئەوە بوو: 
کوێر بێ و بشکێ و
ورد و خاش بێ و
بەڵام ئەو ڕۆژە نەبینێ
لەبەر ئەودا
لە پەریخانی شاژنی
ژنێکی تر هەبێ جوانتر! 
لە دواییدا، ویستم بچمە پاڵ سنووقە فیشەکێک و
لە سێبەریا خۆم حەشاردەم..
گوێ لە خوێنی مێژووم بگرم
کە هەر مێژووی خۆم کوشتووێتی و بۆتان باسکەم! 
گوێ لە گەردنی پەڕیوی خۆم ڕابگرم
کە هەر دەستی خۆم پەڕاندی و بۆتان باسکەم! 

گوێ لە سێدارەی دەنگی خۆم..
کە هەر خۆم بووم بە سێدارەی..
گوێ لە زیندانی خەونی خۆم
کە هەر خۆم بووم بە زیندانی و بۆتان باسکەم! 
بەڵام تفەنگ.. تفەنگ.. تفەنگ..
پێی زانیم و فریا نەکەوتم هەڵفڕم
بە دوو باڵی شکاوەوە..
لە بەردەمی ئەودا کەوتم! .


سەرچاوەکان



268 بینین