بەیان سەلمان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-16-21:20:00 - کۆدی بابەت: 8673
بەیان سەلمان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەیان سەلمان (بە ئینگلیزی: Bayan Salman) (بە عەرەبی: بیان سلمان)، شاعیر، ڕۆماننووس و وەرگێڕی کوردە، کە بە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و فەڕەنسی بەرهەمی بڵاوبووەتەوە. لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦١ زایینی لە شاری کەرکووک لە باشووری کوردستان لەدایکبووە. یەکەم بەرهەمی بەیان سەلمان لە ساڵی ١٩٩٦ نامیلکە هۆنراوەیەکی کوردی بەناوی (نامۆیی سەر وهەرەسی دیمەنەکان)ـە.

ژیاننامە

بەیان سەلمان هەر لە شاری کەرکووک خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بە زمانی عەرەبی تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٨١ بۆ ١٩٨٦ لە زانستگای بەغداد، کۆلێجی ئابووری و بازرگانی تەواوکردوە، لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩١ لە ئامادەیی بازرگانی ڕانیە مامۆستا بووە. لە ساڵی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٨ لە ڕێکخراوە مرۆڤایەتییەکاندا کاری کردووە و هەر لە هەمان ساڵدا لە مانگی نیساندا بەهاوشانی هاوسەرەکەی کۆچیان کرد بۆ دەرەوەی وڵات، بەیان لە شاری پاریسی پایتەختی وڵاتی فەڕەنسادا دەژی. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ خەڵاتی ڕۆماننووسینی لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەندێشە پێ بەخشرا.

خوێندن

لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ساڵی ٢٠٠١ دیبلۆمی ئەدەبی هاوچەرخی لە زانکۆی پاریس (سۆربۆن هەشت) (Université Paris-VIII) بەدەست هێنا. لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٢ دیبلۆمی لیسانسی بەدەست هێنا. لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٤ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەدەبی هاوچەرخ و ئەدەبی فەڕەنسی، تایبەتمەندێتی لە ئەدەبی ژیاننامە و ژیاننامە و ئۆتۆفیکشن بەدەستهێنا. لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦ بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبی هاوچەرخ و ئەدەبی فەڕەنسی، تایبەتمەندێتی لە ئەدەبی خەیاڵی بەدەست هێنا.

بەرهەمەکان

  • ساڵی ١٩٩٦ نامیلکە هۆنراوەیەکی کوردی بەناوی نامۆیی سەر وهەرەسی دیمەنەکان
  • ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٤ چەند خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی ئەدەبی بۆ ڕۆمانەکانی سەلیم بەرەکات بە زمانی عەرەبی لە گۆڤاری (الکرمل) ولە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ لە (رۆژنامەی السفیر والنهار)
  • ساڵی ٢٠٠٦ دیوانێکی هۆنراوە بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (انا کما فی حکایات الجنیة) کە لە چاپخانەی ڕەنج لە کوردستان چاپکراوە
  • ساڵی ٢٠٠٨ ژیاننامەیەکی کۆچ بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (تلک الغیمة الساکنة) لە خانەی چاپەمەنی الزمان لە سووریا چاپکراوە.
  • ساڵی ٢٠٠٨ وەرگێڕانی ڕۆمانێکی سەلیم بەرەکات لە زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی فەڕەنسی بە ناونیشانی (کهوف هایدا هوداهوس) لە خانەی چاپەمەنی Actes Sud لە فەڕەنسا چاپکراوە.
  • ساڵی ٢٠٠٨ ڕۆمانێک بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (بوراق) لە خانەی چاپەمەنی الزمان، لە وڵاتی سووریا چاپکراوە.
  • ساڵی ٢٠٠٩ لێکۆڵینەوەیەک بە زمانی فەڕەنسی و عەرەبی و کوردی لەژێر ناونیشانی (دەنگی شاراوەی ژنان) ئەم لێکۆڵینەوەیە لە زانکۆی ئۆسلۆ لە نەرویج و لە شاری بیرگن لە ئۆسڵۆ پێشکەشکرا.
  • ساڵی ٢٠١١ چاپکردنی ڕۆمانی (نەوەکانی مادایی)، دەزگای کۆنسێپت، چاپخانەی یاد.
  • ساڵی ٢٠١٢ چاپکردنی ڕۆمانی (بەسەرهاتەکانی خەزنە مەملووک)، دەزگای کۆنسێپت، چاپخانەی یاد.
  • ساڵی ٢٠١٣ چاپکردنی ڕۆمانی (لە بەرزایی شووراکانەوە)، چاپخانەی بەڕیوبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان.
  • ساڵی ٢٠١٤ وەرگێڕانی کتێبی (کاندید)ـی نووسەر ڤۆلتێر لە فەڕەنسییەوە بۆ کوردی، دەزگا و چاپی ئەندێشە. کوردستان/ سلێمانی.
  • ساڵی ٢٠١٥ چاپکردنی ڕۆمانی (شەوانی ئادەم) دەزگا و چاپی ئەندێشە. کورستان/ سلێمانی.
  • ساڵی ٢٠١٦ چاپکردنی ڕۆمانی (شەقامی دوکانە تاریکەکان)، پاتریک مۆدیانۆ، وەرگێرانی لە فەڕەنسییەوە بۆ کوردی، لە دەزگا و چاپی ئەندێشە. کورستان/ سلێمانی.
  • ساڵی ٢٠١٨ ڕۆمانی کوردی یاداشتی (عەتر و ئاگر) دەزگا و چاپی ئەندێشە. کورستان/ سلێمانی.
  • ساڵی ٢٠١٩ (میتامۆرفۆس، ئۆڤید، چیرۆکی ئەفسانەکانی لاتین و گریک)، وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە، بۆ دەزگا و چاپی ئەندێشە. کورستان/ سلێمانی.
  • ساڵی ٢٠١٩ دیوانێکی هۆنراوەی کوردی بە ناونیشانی (ئەڤین و جەنگ). بۆ دەزگا و چاپی ئەندێشە. کورستان/ سلێمانی.
  • ساڵی ٢٠٢٠ ڕۆمانی (دەریا و خەونە شاراوەکەی مەرجان) دەزگا و چاپی ئەندێشە. کورستان/ سلێمانی.
  • ساڵی ٢٠٢٠ شانۆگەری (یەک شاخ (کەرکەدەن) یۆژین یونیسکۆ)، وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە. چاپخانەی سەردەم. کورستان/ سلێمانی.
  • ساڵی ٢٠٢٠ کتێبی (کڕۆنیک) کە کۆمەڵە وتارێکن، چاپخانەی ژیان. کورستان/ سلێمانی.

بەرهەمی ئامادە بۆ چاپ

  • بە هاوکاریی حامید درودی و فیلیپ دولارب فەرهەنگۆکی (بە فەڕەنسی بدوێ)، چاپ و بڵاوکراوەکانی دەزگای سەردەم.
  • ئەو هەورە کپە، ژیاننامەیەکی کۆچ، بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (تلک الغیمة الساکنة). وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە، کاروان بازیان، چاپی دەزگای ئەندێشە.
  • ڕۆمانی (باڵندەکانیش دەنیشنەوە) دەزگا و چاپی ئەندێشە. کوردستان/ سلێمانی.


سەرچاوەکان



317 بینین