لەنێوان ئەستێرەکاندا (٢٠١٤)

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-05-22-00:15:00 - کۆدی بابەت: 8737
لەنێوان ئەستێرەکاندا (٢٠١٤)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

فیلمی لەنێوان ئەستێرەکاندا (بە ئینگلیزی: Interstellar) یەکێک لە باشترین فیلمەکانی هۆڵیوودە، لە دەرهێنان و نووسینی کریستۆڤەر نۆلانە بە هاوبەشی جۆناسان نۆلان، ئەکتەری سەرەکی ماتیو مەکۆنەهییە، بە بەژداری ئەکتەران جێسیکا چاستەین، ئان هاثاوەی، مایکڵ کەین، کەیسی ئافلێک، مات دەیمن، تیمۆثی شاڵامێ، جۆن لیثگاو و جۆش ستیوارت. کاتی فیلمەکە دوو کاتژمێر و ٤٩ خولەکە، لە سایتی IMDB کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرە لە کۆی ٢٥٠ فیلم ڕیزبەندی ٢٨ـەمین باشترین فیلمی گرتووە و ڕەیتینگی ٨.٦ـی وەرگرتووە براوەی خەڵاتێکی ئۆسکار و ٢٦ خەڵاتی تر و پاڵێوراوی ١٢٢ خەڵاتە. 

چیرۆکی فیلم 

باس لە داهاتوو دەکات لە کاتێکدا کە زەوی کەڵکی ژیانی نەماوە، جوتیارێک و فڕۆکەوانێکی پێشووی ناسا بە ناوی جۆسیف کوپەر ئەرکی فڕینی بۆشایی ئاسمانی لەگەڵ تیمێکی توێژەرەوە پێدەسپێردرێت بە مەبەستی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی و دۆزینەوەی هەسارەیەکی تر بۆ ژیانکردن. 

پوختەی فیلمەکە بەبێ سپۆیل

باس لە ساڵی ٢٠٦٧ دەکات کاتێک زەوی کەڵکی ژیانی نەماوە و سروشت لەگەڵ مرۆڤایەتی شەڕ دەکات، هەموو هەوڵی مرۆڤ بۆ کشتوکاڵکردنە بۆ جەنگان لە پێناو مانەوە، فڕۆکەوان و ئەندازیارێکی پێشووی ناسا بە ناوی جۆسیف کووپەر بێ هاوژینە و خاوەنی کچ و کوڕێکە بە ناوی مۆرف و تۆم، بۆ بژێوی ژیانی خۆی و منداڵەکانی کاری کشتوکاڵ دەکات، هاوکات خۆڵبارینی توند کۆمەڵگایەکی نزیکیان وێران دەکات. لە هەمان کاتدا دیاردە ناسروشتیەکان لە ژووری مۆرف دەردەکەون، پاشان مۆرف و باوکی دەچنە شوێنێکی نهێنی ناسا لەوێ پڕۆفیسۆر ‌بڕاند کە فیزیکزانێکی بەناوبانگە لەگەڵ تیمێک لە ئاسمانەوانان و زانایان کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی هەسارەیەکی نوێ بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤایەتی، بڕاند بە خێرایی کووپەر ڕازیدەکات بۆ بوون بە فڕۆکەوانی کەشتییەکی ئاسمانی و لەگەڵ چەند توێژەرەوەیەک بەرەو بۆشایی ئاسمان دەڕۆن. 

زانیاری گشتی 

کات ٢ کاتژمێر و ٤٩ خولەک
زمان ئینگلیزی
ڕەیتینگ
٨.٦
ژانەر خەیاڵی زانستی، سەرکێشی، خەیاڵی
تێچوو    
١٦٥،٠٠٠،٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی
داهات ٦٧٧،٤٧١،٣٣٩ دۆلاری ئەمریکی
بەرواری بڵاوکردنەوە ٢٦ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤
نووسەر کریستۆڤەر نۆلان، جۆناسان نۆلان
دەرهێنەر کریستۆڤەر نۆلان
بەرهەمهێنان ئێما تۆماس، کریستۆڤەر نۆلان، لیندا ئۆبست
سینەماتۆگرافی هۆیتێ ڤان هۆیتێما
دەستکاریکردن لی سمس
مۆسیقا هانس زیمەر
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان پاراماونت پیکچەرز، وارنەر برۆس، لیندا ئۆبست پڕۆداکشنس، لێجیندەری پیکچەرز، سینکۆپی
بڵاوکردنەوە پاراماونت پیکچەرز، وارنەر برۆس

دەربارەی فیلمەکە

کریستۆڤەر نۆلان و جۆناسانی برای هەستان بە نووسینی چیرۆکی فیلمەکە، سەرەتا جۆناسان نۆلان دەقەکەی نووسیوە و لە ساڵی ٢٠٠٧ پەرەیپێدرا، کریستۆڤەر نۆلان و ئێما تۆماسی هاوسەری لەلایەن کۆمپانیای بەرهەمهێنانی سینکۆپی و لەگەڵ لیندا ئۆبست لەلایەن لیندا ئۆبست پرۆداکشنس کاری دەرهێنانیان بۆ کردووە. کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ لە ئەلبێرتا، ئایسلەندا و لۆس ئەنجلس دەستی پێکرد. لەنێوان ئەستێرەکاندا کاریگەری بچووککردنەوەی فراوانی تێدا بەکارهێنراوە و هەروەها کۆمپانیای دەبڵ نەگەتیڤ کاری ڤیژوەڵ ئیفێکتی بۆکردووە. داهاتەکەی ٦٧٧ ملیۆن دۆلار بوو بووە دەیەمین فیلمی پڕ داهاتی ساڵی ٢٠١٤.

بڵاوکردنەوە و خەڵاتەکان 

فیلمەکە لەلایەن کۆمپانیاکانی پاراماونت پیکچەرز و وارنەر برۆسەوە بڵاوکراوەتەوە بە هاوبەشی لێجیندەری پیکچەرز. لە ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ لە لۆس ئەنجلسی کالیفۆڕنیا نمایشکرا.  ڕەخنەی ئەرێنی بۆ سکرینپلەی، ئاڕاستە، ڕووکارەکان، ڤیژوەڵ ئیفێکت، مۆسیقا و نواندن وەرگرت. هەروەها ستایشی دروستی زانستی و بیردۆزی فیزیکی ئەستێرەناسی وەرگرت. براوەی ٨٧ـەمین خەڵاتی ئۆسکارە بۆ باشترین ڤیژوەڵ ئیفێکت و براوەی خەڵاتی بافتا بۆ باشترین ڤیژوەڵ ئیفێکت و پاڵێوراو و براوەی چەندەها خەڵاتی تر. 

کارەکتەرەکان 

  • ماتیو مەکۆنەهی لە ڕۆڵی جۆسیف کووپەر
  • جێسیکا چاستەین لە ڕۆڵی مۆرف کووپەر
  • مەکێنزی فۆی لە ڕۆڵی مۆرف کوپەری مێرمنداڵ
  • ئان هاثاوەی لە ڕۆڵی ئیمیلیا بڕاند
  • مایکڵ کەین لە ڕۆڵی جۆن بڕاند
  • تیمۆثی شاڵامێ لە ڕۆڵی تۆم کووپەری مێرمنداڵ
  • کەیسی ئافلێک لە ڕۆڵی تۆم کووپەر
  • مات دەیمن لە ڕۆڵی مان
  • جۆن لیثگاو لە ڕۆڵی دۆناڵد
  • جۆش ستیوارت بە دەنگی کەیس
  • دەیڤد گیاسی لە ڕۆڵی ڕۆملی


سەرچاوەکان



827 بینین