ترشی فیڕولیک و پێست

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-22-17:09:00 - کۆدی بابەت: 8748
ترشی فیڕولیک و پێست

ناوه‌ڕۆك

ترشی فیڕولیک چییە؟

ترشی فیڕولیک یان فیرولیک (بە ئینگلیزی: ferulic acid) دژەئۆکسانێکی ڕووەکییە کە زیاتر لە بەرهەمەکانی گرنگیدان بە پێستی تایبەت بە دژەپیربووندا بەکاردێت. بەشێوەیەکی سروشتی لە چەندین جۆری جیاوازی خواردندا بوونی هەیە، وەک:

ترشی فیڕولیک بەهۆی توانای بەرەنگاربوونەوەی تەنۆلکە سەربەستەکانەوە چەندین بەکارهێنانی هەیە، هەروەها دەتوانێت کاریگەری دژەئۆکسانەکانی تری وەک ڤیتامین A و C و E بچەسپێنێت. لە کاتێکدا کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە بەرهەمەکانی گرنگیدان بە پێستدا بەکاردێت، بەڵام شارەزایان کار لەسەر ئەوە دەکەن کە بزانن ئایا ئەم ترشە سوودی تەندروستی تری هەیە یان نییەتی.

بەکارهێنان

ترشی فیڕولیک بە هەردوو شێوەی تەواوکەری خۆراکی و پێکهاتەی ناو سیڕەمی دژەپیریی بوونی هەیە. بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەنۆلکە سەربەستەكان بەکاردێت، کە ئەم تەنۆلکە سەربەستانە ڕۆڵیان هەیە لە تووشبوون بە کێشەکانی پێستی وەک پەڵەی تەمەن و چرچبوونی پێست.
هەندێک لە توێژینەوەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەم ترشە یارمەتیدەرەبێت بۆ ئەو کەسانەی تووشبووی نەخۆشی شەکرە یان بەدەست تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکانی دڵ و سییەکانەوە دەناڵێنن.
هەرچەند ترشی فیڕولیک بەشێوەی تەواوکەری خۆراکی و سیڕەمی ڕووخسار بوونی هەیە، بەڵام تەواوکەری خۆراکیی ترشی فیڕولیک هەمان ئەو توانا و کاریگەرییەی نییە لەسەر تەندروستی پێست کە سیڕەمەکەی هەیەتی.
ترشی فیڕولیک وەک ماددەی پارێزەری خۆراکییش بەکاردێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە پیشەسازی دەرماندا بۆ دروستکردنی هەندێک جۆری دەرمان بەکاردێت.

سوودەکان

لە سیڕەمەکانی تایبەت بە پێستدا ترشی فیڕولیک لەگەڵ پێکهاتە دژەئۆکسانەکانی تردا (بەتایبەت لەگەڵ ڤیتامین C) کاریگەریی بەسوودی دەبێت. ڤیتامین C پێکهاتەیەکی باوە لە زۆربەی بەرهەمەکانی دژەپیربووندا، بەڵام ئەم ڤیتامینە خۆی بە تەنها زۆر جێگیر نییە، بەتایبەت کاتێک کە تیشکی خۆری بەربکەوێت زۆر بەخێرایی لەناودەچێت. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە سیڕەمەکانی ڤیتامین C ئاساییانە لە بوتڵی ڕەنگداردان، تاکوو تیشکی خۆر کاریان لێنەکات.
ترشی فیڕولیک یارمەتیدەرە بۆ جێگیرکردنی ڤیتامین C، لە هەمان کاتدا توانای پاراستنی دژی تیشکی خۆر زیاد دەکات، واتە ڕێگری دەکات لە زیان پێگەیشتنی پێست بەهۆی تیشکی خۆرەوە.

کاریگەریی لاوەکی

بەشێوەیەکی گشتی ترشی فیڕولیک بۆ زۆربەی جۆرەکانی پێست گونجاوە، بەڵام ئەگەر تۆ کەسێکیت خاوەنی پێستێکی هەستیاریت، ئەوا باشترە سەرەتا لەسەر بەشێکی بچووکی پێستت تاقی بکەیتەوە، ئەم تاقیکردنەوەیە نەک تەنها بۆ ئەم بەرهەمە، بەڵکوو هەوڵ بدە بۆ هەموو جۆرە بەرهەمەکانی تایبەت بە پێست ئەنجامی بدەیت.
هەروەها ئەگەری تووشبوون بە هەستیاریی بەهۆی کاردانەوە بۆ ترشی فیڕولیک هەیە، دەکرێت بەهۆی ئەو سەرچاوانەوە بێت کە ئەم ترشەیان لێدەردەهێنرێت. بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک هەستیاری بە کەپەک هەبێت، دەکرێت بەرانبەر ترشی فیڕولیکیش هەستیار بێت.
ئەگەر لەدوای بەکارهێنانی ترشەکە تێبینی هەریەک لە ئەم کاریگەرییە لاوەکییانەت کرد، ئەوا لە بەکارهێنانی بوەستە:

  • سووربوونەوە
  • هەڵدانی پێست
  • خوران
  • لیروو
  • پەڵەی سووری سەر پێست

پوختە

ترشی فیڕولیک جۆرێکی دژەئۆکسانە کە کاردەکات بۆ چەسپاندنی کاریگەری دژەئۆکسانەکانی تر. کاتێک لە بەرهەمێکی گرنگیدان بە پێستدا بەکاردێت، بە کەمکردنەوەی دروستبوونی خەتی تەمەن و چرچبوونی ڕووخسار و پەڵەی پێست یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی گشتیی پێست لە پیربوون.
ئەگەر حەزت لە بەکارهێنانی سیڕەمی ترشی فیڕولیکە، دەتوانیت سیڕەمێک بەکاربهێنیت کە ئەم ترشە و دژەئۆکسانی تری تێدابێت.


سەرچاوەکان



415 بینین