تای خوێنبەربوون چییە؟

له‌لایه‌ن: - سازان عەدنان سازان عەدنان - به‌روار: 2022-05-22-18:20:00 - کۆدی بابەت: 8751
تای خوێنبەربوون چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تای خوێنبەربوون (بە ئینگلیزی: Crimean-Congo hemorrhagic fever) کورتکراوەکەی (CCHF)، یەکێکە لە نەخۆشییە ڤایرۆسییە درمە کوشندەکان کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٤٤ لە نیمچە دوورگەی کرایمییا لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا سەریهەڵدا و بە (Crimean hemorrhagic fever) ناسرا دواتر لە ساڵی ١٩٦٩ دووبارە لە کۆنگۆ دەستنیشانکرایەوە.

هۆکاری ڕوودانی نەخۆشییەکە

ئەم نەخۆشییە بەهۆی ڤایرۆسێک لە خێزانی Bunyaviridae لە ڕەگەزی Nairovirus بڵاودەبێتەوە و لەڕێگەی جۆرێکی تایبەت لە گەنە کە بە (Hyalomma) ناسراوە بۆ ئاژەڵی وەکوو مانگا و بزن و مەڕ دەگوازرێتەوە. 
ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی گەزینی مێروو یاخود بەرکەوتن و خواردنی ئەو ئاژەڵانەی کە توشبوون بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە پاشانیش لەڕێگەی دەردراوەکانی لەشەوە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر دەگوازرێتەوە و نەخۆشییەکە بڵاودەبێتەوە. 
ئەم نەخۆشییە کوشندەیە و ڕێژەی مردن تێیدا بەنزیکەیی بە (١٥٪‏ - ٣٠٪‏) لە سەدا دادەنرێت.

نیشانەکان

نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون زۆر بە خێرایی دەردەکەون بە گشتی ماوەی نێوان تووشبوون و دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە دوو تا چواردە ڕۆژ دەخایەنێت، لە سەرەتادا چەند نیشانەیەکی نەخۆشییەکە وەکوو سەرئێشە، تایەکی بەرز، ئازاری پشت، ئازاری جومگەکان، ئازاری گەدە، ڕشانەوە، سووربوونەوەی چاوەکان و سوور هەڵگەڕانی ڕوخسار هەستی پێدەکرێت پاشان سەردەکێشێت بۆ هەندێک نیشانەی زۆر توند وەکو خوێنبەربوونی دەم و لووت، هەروەها گرنگترین نیشانە بریتییە لە خوێنبەربوونێکی زۆر توند لەژێر پێست کە بەتەواویی لەشی کەسی تووشبوو شین هەڵدەگەڕێت.

دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە

لە ڕێگەی هەندێک پشکنینی تاقیگەوە وەکوو کارلێکی زنجیرەیی پۆلیمەرەیز (PCR) هەروەها (ELISA) دەتوانین لە هەبوونی ئەم ڤایرۆسە دڵنیا ببینەوە ئەویش بەوەی ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکان ئەرێنی دەرچوون ئەوا پێمان دەڵێت کەسەکە تووشی ڤایرۆسەکە بووە.

کێن ئەو کەسانەی مەترسی تووشبوونیان بەم ڤایرۆسە زیاترە؟

ئەو کەسانەی ئاژەڵدارن و بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵ هەیە، یاخود ئەو کەسانەی لە کوشتارگەی تایبەت بە سەربڕینی ئاژەڵ کاردەکەن مەترسی تووشبوونیان بەم نەخۆشییە زیاترە چونکە لە کاتی سەربڕینی ئەو ئاژەڵانەی کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن ڕەنگە خوێنی ئاژەڵەکە بەر پێستی کەسەکە بکەوێت و لەوێوە ڤایرۆسەکەی بۆ دەگوازرێتەوە.

چارەسەر

تاکوو ئێستا هیچ چارەسەرێک یاخود پێکوتەیەک بۆ بنەبڕکردنی نەخۆشییەکە بوونی نییە، تەنها دەتوانرێت نیشانەکانی نەخۆشییەکە وەکوو خوێنبەربوون و تای بەرز بە بەکارهێنانی دەرمان کەم بکرێتەوە، بۆیە باشترین چارەسەر خۆپاراستنە. 
دەرمانی ڕیباڤرین وەکوو چارەسەر تا ئێستا سوودی لێبینراوە.

چۆن خۆمان لەم نەخۆشییە بپارێزین؟

  • پێویستە ئەو کەسانەی ئاژەڵدارن و بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵ هەیە هەمووکات دەرمانی دژە مێروو بەکاربهێنن بۆ ئەو بەشانەی پێستیان کە بەر ئاژەڵەکە کەوتووە، هەروەها دەستەوانە و پۆشاکی پارێزەر لەکاتی نزیک بووەنەوە لە ئاژەڵی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە بەکاربهێنن. 
  • پێویستە هاوڵاتیان ئاگاداربن لە کڕینی گۆشت و تەنها ئەو گۆشتانەی کە مەرجەکانی سەلامەتی تەندروستی تێدا پەیڕەوکراوە بۆ خواردن بەکاربهێنن.
  • پێویستە لەکاتی هەستکردن بە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکرێت. 
  • دوورکەوتنەوە لەو کەسانەی کە نیشانەکانی ڤایرۆسەکەیان تێدا بەدیدەکرێت، چونکە ڤایرۆسەکە زۆر بە خێرایی لە ڕێگەی خوێن و دەردراوەکانی لەشەوە بڵاودەبێتەوە.


سەرچاوەکان



716 بینین