زنجیرەفیلمی هەناسە مەدە

له‌لایه‌ن: - لاوێن سامان لاوێن سامان - به‌روار: 2022-05-24-15:01:00 - کۆدی بابەت: 8770
زنجیرەفیلمی هەناسە مەدە

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی بەشی یەکەمی فیلمەکە

فیلمی هەناسە مەدە (بە ئینگلیزی: don’t breathe) بەشی یەکەمی فیلمەکە بەرهەمی ساڵی ٢٠١٦ـی وڵاتی ئەمریکایە و لە چەشنی ترسناک و هەست بزوێنە. زمانی فیلمەکە ئینگلیزییە.
کاری دەرهێنانی لەلایەن (فێدێ  ئالڤەراز) بۆ کراوە و بە هاوبەشی لەگەڵ (ڕۆدۆ سایاگێس) کاری نووسینی فیلمەکەیان کردووە، کاری بەرهەمهێنانیشی لەلایەن ( فێدێ ئالڤەراز، سام ڕایمی و ڕۆبێرت تەیپێرت) بۆ کراوە. کاری سینەماتۆگرافی لەلایەن (پێدرۆ لوکێ) بۆ کراوە.
کاتی فیلمەکە ٨٨ خولەکە بە بەشداری هەریەکە لە ئەکتەران جەین لیڤی، ستیفن لانگ، دیلان مینێت و دانیاڵ زۆڤاتۆ. لە پێگەی IMDB تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرە نمرەی ٧.١/١٠ ی وەرگرتووە و لە پێگەی تەماتە ڕزیوەکانیش ٪٨٨ ی وەرگرتووە.
تێچووی فیلمەکە ٩.٩ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و داهاتەکەشی بە ١٥٧.٨ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت. براوەی حەوت خەڵاتە و بۆ ٢١ خەڵاتی جیاواز پاڵێوراوە.

چیرۆکی بەشی یەکەمی فیلمەکە

ڕۆکی و ئەلێکس و مەنی سێ تاوانباری دانیشتووی دیترۆیتن، کە بژێوی ژیانیان لەسەر دزی و تاڵانکاری لە ماڵی خەڵک بەڕێوە دەبەن.
ڕۆکی دەیەوێت لەگەڵ خوشکە بچووکەکەی بە ناوی دیدی، بڕۆن بۆ کالیفۆڕنیا و لە ژێر دەستی دایکە خراپەکەیان و خۆشەویستە سەرخۆشەکەی ڕزگاریان ببێت.
سیانەکە بەوە دەزانن کە جەنگاوەری جەنگی کەنداو، نۆرمان نۆردستۆرم، بڕی ٣٠٠.٠٠٠ دۆلاری لە ماڵەکەیدا هەیە، کە دەکەوێتە گەڕەکێکی چۆڵکراوەوە لە شاری دیترۆیت. 
خاوەنی پارەکە ئافرەتێکە بە ناوی سیندی ڕۆبێرتس، کە لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا کچەکەی نۆرمانی کوشتووە. پاشان سیانەکە دەست دەکەن بە سیخوڕی کردن بەسەر ماڵەکەوە و بۆیان دەردەکەوێت کە پیاوەکە نابینایە.

دەربارەی بەشی دووەمی فیلمەکە

بەشی دووەمی فیلمەکە بەرهەمی ساڵی ٢٠٢١ـی وڵاتی ئەمریکایە و لە چەشنی ترسناک و هەست بزوێنە. زمانی فیلمەکە ئینگلیزییە.
کاری دەرهێنانی لەلایەن (ڕۆدۆ سایاگێس) بۆ کراوە و بە هاوبەشی لەگەڵ (فێدێ ئالڤەراز) کاری نووسینی فیلمەکەیان کردووە، بەهەمان شێوەی بەشی یەک، کاری بەرهەمهێنانی لەلایەن (فێدێ ئالڤەراز، سام ڕایمی و ڕۆبێرت تەیپێرت) بۆ کراوە.
کاری سینەماتۆگرافی لەلایەن (پێدرۆ لوکێ) بۆ کراوە. کاتی فیلمەکە ٩٩ خولەکە بە بەشداری هەریەکە لە ئەکتەران ستیفن لانگ، مادلین گرەیس و برێندن سێکستنی سێیەم.

لە پێگەی IMDB تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرە نمرەی ٦/١٠ـی وەرگرتووە و لە پێگەی تەماتە ڕزیوەکانیش ٪٤٤ ی وەرگرتووە.
تێچووی فیلمەکە ١٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و داهاتەکەشی بە ٤٧.٣ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت. تەنها بۆ یەک خەڵات پاڵێوراوە.

چیرۆکی بەشی دووەمی فیلمەکە

هەشت ساڵ دوای ڕووداوەکانی بەشی یەکەمی فیلمەکە، پیاوە کوێرەکە، نۆرمان نۆردستۆرم، لەگەڵ کچێکی تەمەن ١١ ساڵ بە ناوی فینیکس و سەگەکەی بە ناوی شادۆ، لە قەراغ شاری دیترۆیت دەژین. نۆرمان بە فینیکسی گوتووە کە دایکی لە خانووەکەی پێشوویان بەهۆی ئاگر کەوتنەوەوە مردووە.

زانیاری دەربارەی هەردوو بەشی فیلمەکە

⁃ ستیفن لانگ، کە ڕۆڵی نۆرمانی کوێری دەبینی، contact lense یاخود هاوێنەی چاوی بەکار دەهێنا، کە توانای بینینی کەم کردبووەوە، بە تایبەتی لە ڕووناکی کەمدا. ئەکتەرەکانی تریش لەو دیمەنانەی کە لە ناو تاریکیدا بوون، هاوێنەیان لە چاو دەکرد کە ڕەشێنەی چاویان وا دەردەکەوت گەورەتر بووە، بە هەمان شێوە ئەوانیش توانای بینینیان کەم دەبووەوە.

⁃ لە بەرامبەر کاری پێشووی بۆ فیلمی مردووی بەدکار (٢٠١٣) (Evil dead 2013) ، دەرهێنەر  فێدێ ئالڤەراز، بڕیاری دا ئەم فیلمە خوێنی کەمتر، چیرۆکێکی ڕەسەن، دڵەڕاوکێی زیاتری تێدابێت و پشت نەبەستێت بە هیچ هێزێکی ترسناکی سەروو سروشت، کە پێی وایە لە ڕادە بەدەر بەکار هێنراون.

⁃ ئەو شەقامەی کە پیاوە نابیناکەی تێدا دەژی لە بەشی یەکەمی فیلمەکەدا، پێی دەگوترێت “buena vista”، بە زمانی ئیسپانی بە واتای دیمەنی جوان دێت.

⁃ لە فیلمەکەدا سندوقی پیاوە نابیناکە بە کۆدی ٢٩٧٨ دەکرێتەوە، کە بەرواری لەدایک بوونی دەرهێنەر فێدێ ئالڤەرازە، ٩/٢/١٩٧٨.

⁃ فیلمەکە لە سەرەتادا ناوی “A man in the dark” بوو، واتە “پیاوێک لە تاریکیدا”. لە بەڕازیل و کۆریای باشووریش بەو جۆرە ناوی دەبەن.

⁃ لە ماوەی دوو هەفتەی سەرەتای پەخشکردنی بەشی یەکەمی فیلمەکە، بەردەوام لە پلەی یەکەمی بۆکس ئۆفیسدا بوو، هەروەها بۆ ماوەی شەش هەفتەش لە ١٠ یەکەمەکاندا بوو.


سەرچاوەکان



545 بینین