گابریێل میلیتاو

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-25-14:11:00 - کۆدی بابەت: 8784
گابریێل میلیتاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئێدێر گابریێل میلیتاو (بە ئینگلیزی: Eder Gabriel Militao, بە عەرەبی: ادير ميليتاو). یاریزانی پیشەگەری هێڵی بەرگری یانەی ڕیاڵ مەدرید و هەڵبژاردەیی بەڕازیلە. لە ١٨\١\١٩٩٨ لە شاری سێرتاوزینهۆی هەرێمی ساو پاولۆی وڵاتی بەڕازیل لەدایکبووە.

زانیاری گشتی

ناوی تەواوەتی ئێدێر گابریێل میلیتاو
ناوی کورتکراوە میلیتاو
بەرواری لەدایکبوون ١٨\١\١٩٩٨
شوێنی لەدایکبوون سێرتاوزینهۆ، ساو پاولۆ، بەڕازیل
باڵا ١٨٦ سانتیمەتر
شوێنی یاریکردن ناوەندی بەرگریکردن (سەرەکی)، باڵی ڕاستی بەرگریکردن.

مێژووی یاریکردن لەگەڵ یانە

ساو پاولۆ

بەهۆی ئەوەی میلیتاو لە سێرتاوزیهۆ لەدایکبووە لە ٢٠١٠، سەرەتاکانی ژیانی وەرزشی وەکوو منداڵێک لە یانەی منداڵانی ساو پاولۆ دەستپێکرد. لە ٢\٧\٢٠١٦ یەکەم یاری نافەرمی لەگەڵ یانەی ژمارە یەکی ساو پاولۆ ئەنجامدا.
١٤\٥\٢٠١٧ یەکەم یاری فەرمی خۆی لەگەڵ یانەی ساو پاولۆ ئەنجامدا. لە ٢٢ یاری یانەکەدا بۆ وەرزی ٢٠١٧ - ٢٠١٨ بەژداربوو و یانەکەی لە ڕیزبەندی سێزدەیەم کۆتایی بە وەرزەکە هێنا. لە ٥\٨\٢٠١٨ کۆتا یاری خۆی بۆ یانەکە ئەنجامدا.

گواستنەوەی بۆ پۆرتۆ

لە ٧\٨\٢٠١٨ گرێبەستێکی ٥ ساڵی لەگەڵ یانەی پۆرتۆی پورتوگالی بەست. لە ٢\٩\٢٠١٨ یەکەم یاری خۆی بۆ یانەکە ئەنجامدا. بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە لە ماوەیەکی کەمدا توانی وەکوو یاریزانێکی سەرەکی دەستنیشان بکرێت و ببێت بە دڵی بەرگری یانەکە.
لە ٢٨\١١\٢٠١٨ یەکەم گۆڵی خۆی بۆ یانەکە لە خوولی یانە پاڵەوانەکان تۆمارکرد. لە ٣\١\٢٠١٩ یەکەم گۆڵی خۆی بۆ یانەکە لە خوولی ژمارە یەکی پوتوگالی تۆمارکرد. لە مانگی ٩ـی ٢٠١٨ تاوەکو مانگی ١ـی ٢٠١٩ بۆ چوار جار بەدوایەک خەڵاتی باشترین بەرگریکاری خوولی پورتوگالی پێدرا.

گواستنەوەی بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید

لە ١٤\٣\٢٠١٩ یانەی ڕیاڵ مەدرید ڕایگەیاند کە گرێبەستێکی ٦ ساڵییان بە بڕی ٥٠ ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ میلیتاو کردووە. لە وەرزی ٢٠١٩ - ٢٠٢٠ بەژداری ١٥ یاری یانەکەی کرد.

مێژووی یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردە

لە ٢٠١٨ لەلایەن ڕاهێنەری بەڕازیلی تیتێ بانگهێشتکرا و لە یارییەکی ناوخۆیدا هەڵبژاردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەژداربوو.
لە ٢٠١٩ وەکوو یەکێک لە ٢٣ یاریزانە سەرەکییەکە بۆ جامی کۆپا ئەمریکا دەستنیشانکرا. بەڕازیل توانی نازناوی جامی کۆپا ئەمریکای ساڵی ٢٠١٩ بەدەست بهێنێت.

شێوازی یاریکردن

میلیتاو بەرگریکارێکی خێرایە، دەتوانێت بە خێرایی تۆپ لە یاریزانی بەرامبەر وەربگرێت و یانەکەی لە مەترسی گۆڵ دووربخاتەوە. بەهۆی خێرایی، توانای جەستەیی و هێمن کردنەوەی یاری لە هێڵی بەرگریدا دەتوانێت لە باڵی ڕاستی بەرگریشدا یاری بکات.


سەرچاوەکان



406 بینین