جارید لێتۆو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-27-22:32:00 - کۆدی بابەت: 8812
جارید لێتۆو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

جارید جۆزێف لێتۆو (بە ئینگلیزی: Jared Leto) نواندنکار و دەرهێنەر و مۆسیقاژەن و گۆرانیبێژێکی ئەمریکییە. بە تواناکەی بۆ بینینی ڕۆڵی جیاواز ناسراوە، لەماوەی سێ دەیەی کارکردنیدا بووە بە براوەی چەندین خەڵات، وەک (خەڵاتی ئۆسکار، خەڵاتی کۆمەڵەی نواندنکارانی سەر ڕوونما، خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب، خەڵاتی فیلمی هەڵبژێردراوی ڕەخنەگران). لەگەڵ ئەمانەشدا بە شارەزایی لە مۆسیقا و ئەندامێکی نائاسایی تیپی مۆسیقای ڕۆکی (سی چرکە بەرەو مەریخ - Thirty Seconds to Mars) ناسراوە.

ژیانی سەرەتایی

لێتۆو لە ٢٦ کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٧١ زایینی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبووە. کاتێک منداڵ بووە دایکی و باوکی جیابوونەتەوە، جارید و برا گەورەکەی بە ناوی (شانۆن) لەگەڵ دایکیان و باپیرە و داپیرەیان ژیاون. باوکی بۆ جارێکی تر هاوسەرگیری ئەنجامداوە، بەڵام کاتێک جارید لە تەمەنی هەشت ساڵیدا دەبێت باوکی کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت. جارید جارجارە لەگەڵ خێزانەکەیدا بە شارەکانی دەوروبەردا دەگەڕان، چونکە باوکی دایکی (باپیری) لە هێزی ئاسمانی بووە، بۆیە ئەم گەڕانەیان وەک خویەکی ئاسایی ژیان وابووە لایان. لێتۆو بەهۆی هاوسەرگیری دووەمی باوکییەوە دوو زڕبرای تری لەخۆی بچووکتری هەیە.
ئەم گەڕانە بەردەوامەی خێزانەکەی لێتۆو هۆکاربوو بۆ ئەوەی خۆی و براکەی بەردەوام لەناو هونەردابن، لەم بارەیەوە لێتۆو وتویەتی: "من لەدەوری چەندین هونەرمەند و مۆسیقاژەن و وێنەکێش و وێنەگر و شانۆکاردا گەورەبووم". لێتۆو لەگەڵ براکەیدا لە تەمەنێکی منداڵیدا دەستیان کردووە بە ژەنینی مۆسیقا، یەکەمین ئامێریش کە ژەنیویەتی پیانۆیەکی شکاو بووە.
دوای ئەوەی لە پۆلی دەیەمدا بۆ ماوەیە لە قوتابخانە دادەبڕێت، بڕیار دەدات بگەڕێتەوە و سەرنجی بخاتە سەر خوێندنەکەی، لە ئەنجامدا لە قوتابخانەی ئامادەیی ئیمێرشن لە واشنتن دەست دەکاتەوە بە خوێندن، دواتر لە زانکۆی هونەر لە فیلادێلفیا دەست دەکات بە خوێندنی بەشی هونەر. دوای ئەوەی کە حەزی بۆ فیلمسازی دەبێت، دەگوازێتەوە بۆ کۆلێژی هونەرە بینراوەکان لە شاری نیویۆرک، لەماوەی خوێندیدا لە ئەم کۆلێژە کورتەفیلمێکی نووسی بە ناوی (گریانی خۆشی - Crying Joy) و هەر خۆشی کاری نواندنی بۆ کرد.

ژیانی هونەری

کارە سەرەتاییەکان (ساڵی ١٩٩٢-١٩٩٨)

لە ساڵی ١٩٩٢ لێتۆو گواستییەوە بۆ لۆس ئەنجلس بۆ دەستپێکی کارکردن وەک دەرهێنەر و لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵگێڕان لە چەند فیلمێکدا. لە ئەنجامدا لە زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکاندا چەند ڕۆڵێکی لاوەکی دەستکەوت،  لە هەمان ساڵدا لە فیلمێکی تەلەڤزیۆنیدا بە ناوی (Cool and the Crazy) ڕۆڵی گێرا. یەکەمین ڕۆڵگێڕانی لە فیلمی سینەماییدا لە ساڵی ١٩٩٥ لە فیلمی درامیی (How to Make an American Quilt) ڕۆڵی گێڕا. دواتر لە ساڵی ١٩٩٦ لەگەڵ کریستینا ڕیکی ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمی (The Last of the High Kings)دا گێڕا.
لە ساڵی ١٩٩٧ لە فیلمی ژیاننامەیی (پریفۆنتەین - Prefontaine) ڕۆڵی ستیڤ پریفۆنتەینی بەشداربووی هیواداری ئۆڵۆپیکی گێڕا. بۆ ئەوەی خۆی بۆ ڕۆڵگێرانەکە ئامادەبکات لێتۆو خۆی لە ژیانی ڕاکەرەکاندا نقوومکرد، بۆ ماوەی شەش هەفتە ڕاهێنانی کرد و لەگەڵ هاوڕێ و خێزانی پریفۆنتەیندا چاوپێکەوتنی ئەنجامدا. بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر تێکەڵی شێوازی ژیانی پریفۆنتەین بوو و لاسایی دەنگ و شێوازی ڕاکردنی دەکردەوە. لە ئەنجامدا ڕۆڵگێڕانەکەی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بۆچوونی ئەرێنی لەسەردرا، ئەمەش زۆرجار بە سەرەتای سەرکەوتنەکانی لێتۆو دادەنرێت.
لە ساڵی ١٩٩٨ لە فیلمی جەنگی (The Thin Red Line)دا لێتۆو ڕۆڵی نواندنکاری پاڵپشتی بینی، کە بۆچوونەکان لەسەر ڕۆڵەکەی ئەرێنی بوو و تا ڕادەیەک سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لێتۆو پاڵێوراوی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بوو و توانی چەند خەڵاتێک بباتەوە.

ساڵی ١٩٩٨-٢٠٠٢ 

لێتۆو لە ساڵی ١٩٩٨ تیپی مۆسیقای ڕۆکی (سی چرکە بەرەو مەریخ)ـی لە لۆس ئەنجلس و کالیفۆڕنیا لەگەڵ شانۆنی برایدا دروستکرد، کاتێک سەرەتا تیپەکە دروست بوو لێتۆو نەیهێشت شوێنی وەک نواندنکار لە هۆڵیوود بۆ بەرەوپێشبردنی تیپەکە بەکاربێت. بۆ ماوەی دوو ساڵ کاریان لە دروستکردنی ئەلبوومەکەیاندا کرد و لێتۆو چەندین گۆرانی سەرەکی ئەلبومەکەی نووسی. کارەکانیان سەرکەوتوو بوو و چەندین کەس سەرسامی گۆرانییەکانیان بوون.
لە ساڵی ١٩٩٩ لێتۆو ڕۆڵی مامۆستایەکی ئامادەیی هاوڕەگەزبازی بینی لە فیلمی (Black and White)، هەروەها لە هەمان ساڵدا ڕۆڵی لاوەکی لە فیلمی (Fight Club)دا بینی.
لە ساڵی ٢٠٠٠ لە فیلمی دەروونی و تاوانکاری (American Psycho) ڕۆڵی لاوەکی بینی، کە هەریەک لە ئەم دوو فیلمەی کۆتایی یەکێکن لە فیلمە سەرکەوتووەکانی مێژووی هۆڵیوود.

هەر لە ساڵی ٢٠٠٠ وەک ئالوودەبوویەکی هێرۆیین لە فیلمی (Requiem for a Dream)دا ڕۆڵی بینی، لێتۆو بۆ خۆ ئامادەکردنی بۆ ئەم ڕۆڵە بۆ ماوەی دوو مانگ پێش وێنەگرتنی فیلمەکە لەسەر شەقامەکانی نیویۆڕک ژیا و خۆی لە سێکس بە دوورگرت و خواردنی کەم کردەوە. لە ئەمجامدا ٢٨ پاوەندی لە کێشی خۆی دابەزاند بۆ ئەوەی ڕۆڵی کەسایەتییەکی ئالوودەی هێرۆیین بگێڕێت. ئەم ڕۆڵگێرانەی لێتۆو لەلایەن زۆربەی ڕەخنەگرانەوە بەهۆی توانا ناوازەکەی بۆ دەرخستنی هەست و سۆز و داڕووخانی جەستەیی و دەروونی کەسایەتییەکەوە بەرز نرخێنرا.
لەدوای ئەم ماوەیە لێتۆو زیاتر سەرنجی دەخستە سەر کارە مۆسیقییەکانی، کاری لەسەر ئەلبوومی تیپی مۆسیقی سی چرکە بەرەو مەریخ کرد و لە ٢٧ ئابی ٢٠٠٢ ئەلبوومەکەیان بڵاوکردەوە. کە ئەم ئەلبوومە سەرکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی و زۆربەی بیروبۆچوونی خەڵکی و ڕەخنەگران لەسەری ئەرێنی بوو، هەروەها لە تەواوی جیهاندا نزیکەی ٢ ملیۆن لەبەرگیراوەی لێفرۆشرا.

ساڵی ٢٠٠٢ - ٢٠٠٥

لێتۆو لە ساڵی ٢٠٠٢ بە ڕۆڵگێڕانی لە فیلمی هەستبزوێنی (Panic Room) گەڕایەوە بۆ کاری نواندنکاری، فیلمەکە سەرکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە بینی و ڕای زۆربەی ڕەخنەگران لەسەری ئەرێنی بوو، داهاتی نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاربوو لە هەموو جیهاندا.
فیلمی داهاتووی لێتۆو فیلمێکی ژیاننامەیی بوو بە ناوی (Alexander) لە ساڵی ٢٠٠٤، فیلمەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شکستی هێنا، ڕۆڵەکەی لێتۆوش بە لاواز وەسفکرا، بەڵام بەشێوەیەکی نێودەوڵەتی فیلمەکە سەرکەوتوو بوو و داهاتی نزیکەی ١٦٧ دۆلاربوو لە هەموو جیهاندا.
ساڵی دواتر لێتۆ لەگەڵ نیکۆڵاس کەیج لە فیلمی هەستبزوێن و تاوانکاری (Lord of War) ڕۆڵی گێڕا، بۆچوونی ڕەخنەگران لەسەر فیلمەکە ئەرێنی بوو و سەرکەوتنێکی مامناوەندی بەخۆیەوە بینی.
بۆ ماوەی دوو ساڵ بە ئەلبوومی دووەمی تیپی مۆسیقای سی چرکە بەرەو مەریخ بە ناوی (A Beautiful Lie) سەرقاڵبوو، ئەم تیپە لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا بەهۆی ڕۆڵبینینەکانی لێتۆووە گەشتیان بۆ چوار وڵاتی جیاواز کرد. ئەلبوومی تیپەکە لە ٣٠ ئابی ٢٠٠٥ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوبوویەوە، فرۆشی گەشتە زیاتر لە چوار ملیۆن لە هەموو جیهاندا و سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

ساڵی ٢٠٠٦ - ٢٠٠٨ 

لەساڵی ٢٠٠٦ لێتۆو کاری دەرهێنانی بۆ گۆرانی (The Kill) کرد کە لەلایەن تیپی مۆسیقیی سی چرکە بەرەو مەریخ بڵاوکرایەوە، مۆسقای گۆرانییەکە لە مۆسیقای فیلمی دەروونی و ترسناکی (The Shining)ی دەرهێنەری ناودار ستانلی کوبریکەوە وەرگیرابوو. دواتر لێتۆو کاری دەرهێنانی بۆ کورتەفیلمی (From Yesterday) کرد، فیلمەکە لە شارێکی پشتگوێخراو کاری وێنەگرتنی بۆ کرا و لێتۆو بیرۆکەی ئەم کورتەفیلمەی لە فیلمی مێژووی و درامیی The Last Emperor (1987) بۆ هاتبوو.
ساڵی ٢٠٠٧ لێتۆو لە فیلمی ژیاننامەیی (Chapter 27) ڕۆڵی بینی، ڕۆڵی بکوژێکی دەبینی بە ناوی ماڕک دەیڤد چاپمان. بۆ ئەوەی لێتۆو خۆی بۆ ڕۆڵەکەی ئامادە بکات سەیری هەموو چاوپێکەوتنەکانی چاپمانی کرد و گوێی لە هەموو تۆمارە دەنگییەکانی گرت. هەروەها بۆ ئەوەی شێوەی زیاتر لە چاپمان بچێت ٦٧ پاوەندی لە کێشی خۆی زیاد کرد. ئەم زیادکردنە لە ناکاوەی کێشیی تووشی نەخۆشی کرد، لەبەر ئەو پەستانە زۆرەی بەهۆی زیادکردنی کێشییەوە لەناکاو کەوتبووە سەر لەشی دەبوو کورسی کەمئەندامان بەکاربهێنێت. دوای تەواو بوونی وێنەگرتنی فیلمەکە بەخێرایی دەستی کرد بە پارێزی تەندروست. لە ئەنجامدا بۆچوونی زۆربەی ڕەخنەگران دەربارەی ڕۆڵی لێتۆو لە فیلمەکەدا ئەرێنی بوو.

٢٠٠٩ - ٢٠٠١١

لە ساڵی ٢٠٠٨ جارێکی تر تیپی مۆسیقای سی چرکە بەرەو مەریخ دەستیان کردەوە بە تۆمارکردنی ئەلبووم، ئامانجیان ئەوەبوو بە بڵاوکردنەوەی سێیەم ئەلبوومیان ئاستێکی بەرزتر بەدەست بهێنن. دوای هەوڵ و کۆسپێکی زۆر لە ئەنجامدا لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەلبوومەکەیان بڵاوکردەوە، ئەم ئەلبوومە ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد و بوو بە براوەی چەندین خەڵاتی هونەری جیاواز.
فیلمی داهاتووی لێتۆو فیلمی درامی و زانستی و ئاڵۆزی (Mr. Nobody) بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوبوویەوە، بەهۆی چیرۆکی فیلمەکەوە لێتۆو دەبوو ڕۆڵی کەسێکی ٣٤ ساڵ ببینێت تاکوو دەبێتە ١١٨ ساڵ، بۆیە ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە ٦ کاتژمێر ئارایشتی بۆ دەکرا و دەنگی دەگۆڕی بۆ پیاوێکی بە تەمەن. ئەم فیلمە سەرکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی و ڕەخنەگران ڕۆڵی لێتۆویان بەرز نرخاند. لە هەمان ساڵدا لێتۆو کاری نووسین و وتنی گۆرانی بۆ کلیپێکی تری تیپە مۆسقییەکەی کرد، کە پاڵێورا بۆ چەندین خەڵاتی هونەری. 
لە ساڵی ٢٠١٠ لێتۆ فیلمێکی بەڵگەنامەیی لەسەر تیپە مۆسیقییەکەی دروستکرد و بڵاوی کردەوە.

٢٠١٢ - ٢٠١٣

لە ساڵی ٢٠١٢ لێتۆو یەکەمین کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی بەڵگەنامەیی Artifact کرد. لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٣ تیپی مۆسیقای سی چرکە بۆ مەریخ چوارەمین ئەلبوومی خۆیان بە ناوی Love, Lust, Faith and Dreams بڵاوکردەوە، ئەلبوومەکە لەلایەن لێتۆووە کاری بەرهەمێنانی بۆ کرا، ئەلبوومەکە سەرکەوتنێکی باشی بە خۆیەوە بینی و لە زیاتر لە ٥٠ وڵاتدا لە ڕیزبەندی دە گۆرانی یەکەم بوو.
هەر لە ساڵی ٢٠١٣ لێتۆو سێ کورتە فیلمی تری بە ناوەکانی (Up in the Air و Do or Die و City of Angels) بڵاوکردەوە، کە هەر سێ کورتە فیلمەکەی سەرکەوتوو بوون و بوون بە براوە و پاڵێوراوی چەندین خەڵاتی جیاواز.
دوای پێنج ساڵ دوورکەوتنەوە لە ڕۆڵبینین، لێتۆو بە ڕۆڵبینینی لە فیلمی (Dallas Buyers Club) لە ساڵی ٢٠١٣ گەڕایەوە بۆ کرای نواندنکاری. لە ئەم فیلمەدا ڕۆڵی خانمێکی ڕەگەزگۆڕاوی ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەر کە تووشبووی ئایدز بوو دەگێڕا، بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەواوی ڕۆڵەکەی بەرجەستە بکات، لێتۆو ١٣٫٦ کیلۆگرامی لە کێشی خۆی دابەزاند و مووی تەواوی جەستەی لێکردەوە. ئەم فیلمە سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و براوەی سێ خەڵاتی ئۆسکار بوو، کە یەکێک لەوانە لێتۆو بوو کە براوەی خەڵاتی ئۆسکار و گۆڵدن گڵۆب بوو بۆ باشترین نواندکاری پاڵپشت، هەروەها بوو بە پاڵێوراو و براوەی چەندین خەڵاتی جیاواز.


٢٠١٥ - ٢٠٢١

لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ لێتۆو دەستی کرد بە نواندن لە ڕۆڵی جۆکەر لە فیلمی Suicide Squad کە لە ساڵی ٢٠١٦ بڵابوویەوە، بەشێوەیەکی گشتی بۆچوونی ڕەخنەگران دەربارەی فیلمەکە نەرێنی بوو، لە کاتێکدا کە لێتۆو دەرکەوتنی لە فیلمەکەدا بۆ ماوەیەکی کەم بوو، بەڵام ڕۆڵبینینەکەی بەرز نرخێنرا. لە ساڵی ٢٠٢٠ باس لەوە کرا کە دووبارە وەک جۆکەر لە فیلمی Zack Snyder's Justice League ڕۆڵ دەبینێت.
لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٦ تیپی مۆسیقای سی چرکە بەرەو مەریخ ڕایانگەیاند کە کار لەسەر گۆرانی نوێ دەکەن. لەهەمان مانگدا لێتۆو هەڵبژێردرا بۆ ڕۆڵگێڕان لە فیلمی Blade Runner 2049 کە لە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوبوویەوە. 
لە ٦ نیسانی ٢٠١٨ تیپی مۆسیقای سی چرکە بەرەو مەریخ ئەلبوومی پێنجەمیان بڵاوکردەوە، کە لەگەڵ ئەم ئەلبوومەدا لێتۆو کاری دەرهێنانی بۆ کورتەفیلمی A Day in the Life of America کرد و لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ بڵاوی کردەوە.

٢٠٢١ - ٢٠٢٢

لە ساڵی ٢٠٢١ لێتۆو لە فیلمی The Little Things ڕۆڵی بینی، بەهۆی ئەم فیلمەوە لێتۆو وەک باشترین نواندکاری پاڵپشتی پاڵێورا بۆ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب.
لە هەمان ساڵدا لە فیلمی House of Gucci ڕۆڵی بینی کە بەهەمان شێوە بوو بە پاڵێوراوی چەندین خەڵاتی جیاواز.

خۆشەویستی و خێزان

لێتۆو لە ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ خانمە نواندنکار کامیرۆن دیاز ژووانی بەست و لە ساڵی ٢٠٠٠ هاوسەرگیریان کرد، لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەم دوو هاوسەرە جیابوونەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٤ باس لە پەیوەندی جارید لێتۆو لەگەڵ خانمە نواندنکار سکارلێت جۆهانسن دەکرا، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بوونی نەبوو و نواندنکارەکانیش هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەبوو. لە ساڵی ٢٠١٢ ئەم دوو نواندنکارە بۆ ماوەیەکی کورت دەبینران کە دەستی یەکتریان دەگرت و لەیەکتر نزیک دەبوونەوە، بەڵام زۆری نەخایاند.
جارید لە ساڵی ٢٠٠٦ تاکوو ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ چەندین خانمە مۆدێل و نواندکاری تردا پەیوەندی بەست، بەڵام هیچیان زۆری نەخایاند. لەدوای ساڵی ٢٠١٥ بەردەوام پەیوەندی جارید لێتۆو لەگەڵ کچە مۆدێلی ڕووسی ڤالێری کاوفمان باس دەکرێت، زۆربەی ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم خانمە مۆدێلە تاکە خانمە کە لە ژیانی جاریددا بوونی هەیە.


سەرچاوەکان



338 بینین