گۆڕ

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-29-22:23:00 - کۆدی بابەت: 8836
گۆڕ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گۆڕ، ئارامگە، گڵکۆ یان قەبر (بە ئینگلیزی: grave) (بە عەرەبی: قبر) شوێنێکە کە لەشی مردووی تێدا دەنێژرێت، ئاساییانە لەشی مرۆڤێکی مردووە و هەندێک جاریش لەشی ئاژەڵ لەدوای ئامادەکردنی دەخرێتە گۆڕەوە. گۆڕ ناوچەی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت و تەرمی مردوو لە هەموو شوێنێکدا نانێژرێت، ئەو شوێنەی کە تایبەتە بە گۆڕ پێی دەوترێت گۆڕستان.
وردەکارییەکانی گۆڕێک وەکوو دۆخی تەرمەکەی و هەر شتێک کە لەگەڵ جەستەی مردووکەدا دۆزرابێتەوە، دەکرێت بەسوود و زانیاریبەخش بێت بۆ شوێنەوارناسان دەربارەی ئەوەی مردووەکە چۆن ژیاوە، واتە دەتوانرێت بزانرێت مردووەکە لە چی سەدەیەک و چی کولتوورێکدا ژیاوە. لە هەندێک کولتووردا باوەڕ وایە کە لەشی مردوو دەبێت بسووتێنرێت یان بکرێت بە خۆڵەمێش تاکوو ڕۆحەکەی لێ ڕزگار ببێت.

هەڵکەندنی گۆڕ

ئەو کەسەی کە گۆڕ هەڵدەکەنێت پێی دەوترێت گۆڕهەڵکەن، هەرچەند کە لە سەردەمی پێشکەوتوودا گۆڕ بە ئامێری تایبەت هەڵدەکەندرێت، بەڵام ئەم دەستەواژەیە لەناو زۆربەی کولتوورەکاندا هێشتا ماوە، چونکە گۆڕهەڵکەن بەرپرسە لە هەڵکەوتەی گۆڕەکە و قووڵی و درێژی و پانی گۆڕەکە، بەرپرسیارێتی تەنها هەڵکەندنی گۆڕ نییە، بەڵکوو دەبێت دڵنیا بێتەوە لەوەی کە شوێنی گۆڕەکە گونجاوە و پێش ئەوەشی کە کەسوکاری مردووەکە و تەرمی مردووەکە بگەن دەبێت پڕۆسەی هەڵکەندنی گۆڕەکەی تەواو کردبێت، ئەو کەرەستانە لە نزیکی گۆڕەکە دوور بخاتەوە کە زیانبەخشن و مەترسی ئەوەیان هەیە لەلایەن کەسوکاری مردووەکەوە بە مەبەستی زیان بەخۆ گەیاندن بەکاربێن. لەدوای ناشتنی تەرمی مردووەکە دەبێت دڵنیا بێتەوە لەوەی کە تەرمی مردووەکە بەباشی داپۆشراوە.

گۆڕستان

گۆڕستان یان شوێنی مردووان شوێنێکە کە تایبەتە بە گۆڕی کەسانی مردوو، زەوییەکە کە بە پانتاییەکی فراوان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک تاکوو زۆرترین تەرمی تێدا بنێژرێت ڕێکدەخرێت. لەشی مرۆڤی مردوو بە ساغی یان پاشماوەی دوای سووتاندنی دەخرێتە گۆڕەوە، کە پێی دەوترێت تەرم، کێلی گۆڕەکە و شێوازی گۆڕستانەکە لە ئایین و کولتوورێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە.

جۆرەکانی گۆڕ

چەندین جۆری ناشتنی مردوو و شێوازی کێلی گۆڕ و گۆڕ بوونی هەیە کە بریتیین لە:

بەشی پاشماوەی خۆڵەمێش

لە زۆربەی وڵاتاندا لە گۆڕستانەکاندا بەشێکی تایبەت تەرخانکراوە بۆ ئەو کولتوور و ئایینانەی کە مردووەکانیان بە سووتاوی دەنێژن. ئەم گۆڕستانە ئەم یاسا و مەرجانەی هەیە: 

  • بەرزی و پانی کێلەکەی نابێت لە نیو مەتر زیاتر بێت. بنچینەی کێلەکەش نابێت لە نیو مەتر پانتر و لە 0.3 مەتر قووڵتر بێت.
  • دوو گوڵدان دەبێت لەسەر بنچینەی کێلەکە دابنرێن یان لەناویدا دروست بکرێن.
  • نابێت کێلەکان لە دار یان کانزا دروست بکرێن
  • نابێت هیچ ڕووەکێک لە ئەو بەشەدا بڕوێنرێت کە بۆ لاشەی مردووەکە دانراوە (واتە لەسەر گۆڕەکە).
  • هیچ پەرژین و چواردەورێکی کۆنکرێت بە دەوری گۆڕەکەدا ڕێگە پێدراو نییە، بەڵکوو تەنها کێل و بنچینەکەی ڕێگەپێدراوە.

بەشی سەوز

زۆر شوێن هەیە لە گۆڕستاندا کە ناوچەیەکی سەوز و پڕ لە گژوگیایە. لە ئەم گۆڕستانانەدا لە نزیکترین کاتی دوای ناشتنی تەرمی مردووەکەدا، حکوومەت تۆوی گژوگیای تێدا بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی سەوز ببێت. مەرجەکانی ئەم گۆڕستانە:

  • هیچ پەرژین و چواردەورێکی کۆنکرێت ڕێگەپێدراوە نییە
  • ڕوواندنی هیچ درەخت و دەوەنێک لە هیچ بەشێکی گۆڕستانەکەدا ڕێگەپێدراو نییە.
  • بۆشایی سەر گۆڕەکە نابێت هەڵبکەنرێت و هیچ شتێکی تێدا دابنرێت.
  • کێلی گۆڕەکە نابێت بەرزی لە یەک مەتر زیاتر و پانی لە نیو مەتر زیاتر بێت، هەروەها ئەستووریەکەی دەبێت لەنێوان سێ بۆ شەش ئینجدا بێت.
  • نابێت کێلەکەی لە دار یان کانزا دروست بکرێت

بەشی گۆڕی سروشتی

  • لە ئەم گۆڕستانەدا هەموو گۆڕەکان بەپێی پێویست هەڵدەکۆڵرێن
  • لە کاتێکی گونجاو لەدوای تەواوبوونی مەڕاسیمی ناشتنی مردووەکە، کاتێک خاکەکەی نیشت و شوێنی خۆی گرت، لە کاتی گونجاوی ساڵدا ناوچەی گۆڕەکە تۆوی گژوگیا و گوڵی کێوی تێدا بڵاودەکرێتەوە، 
  • تەنها درەخت و دەوەن وەک بیرخەرەوەیەکی تایبەتی مردووەکە ڕێگەپێدراون، دانانی هیچ جۆرێکی تر لە یادگاری و بیرخەرەوەی تایبەت لەسەر گۆڕەکە ڕێگەپێدراو نییە.
  • جۆرەکانی تری بیرخەرەوەی وەک کتێبی بیرخەرەوە ڕێگەپێدراوە، ئەم یاسایانە لە گۆڕستانێک بۆ یەکێکی تر جیاوازە و لە ئۆفیسی سەرەکی گۆڕستان وردەکاری زیاتر دەدرێت بە سەردانیکەران.
  • تەنها ئەو دارەمەیتانەی کە بە ئاسانی شیدەبنەوە ڕێگەپێدراون، ئەمە یاسایە تایبەتە بە کاتێک کە مردووەکە لەناو دارەمەیتەکەیدا بنێژرێت.
  • دەتوانرێت ناوچەی چواردەورەی گۆڕەکە داگیربکرێت، واتە بە ئەندازەی گۆڕێکی تر لە تەنیشت گۆڕەکەوە لەلایەن کەسێکی خۆشەویستی مردووەکەوە داگیر بکرێت، تاکوو دوای مردنی لە تەنیشت گۆڕی مردووەکە بنێژرێت.
  • دروستکردن و بنادنانی بەشی زیادە لەسەر گۆڕەکە ڕێگەپێنەدراوە.

بەشی منداڵان

  • دەتوانرێت پەرژین یان چواردەوری کۆنکرێتی بۆ بکرێت، بەڵام نابێت درێژییەکەی لە یەک مەتر و پانییەکەی لە نیو مەتر زیاتر بێت
  • هەر یادگاری یان بیرخەرەوەیەک کە دادەنرێت، دەبێت لە بۆشایی گۆڕەکەدا بێت و شوێنی تر داگیر نەکات، دەتوانرێت لە ئەو بنچینەی کێلەدا دابنرێت کە تایبەتە بە بیرەوەری.


سەرچاوەکان



814 بینین