حسێن نازم

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-05-30-22:50:00 - کۆدی بابەت: 8850
حسێن نازم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حسێن نازم یان حسێن نازمی (بە ئینگلیزی: Hussen nazmi)، گەورە پیاو، ڕووناکبیر، مێژوونووس‌ و ڕۆژنامەنووس، کوڕی‌ عەبدولفەتاح کوڕی‌ وەستا ئەحمەدی‌ خەیات بووە، برازای‌ ئەمین موفتی‌ شاعیر بووە، لە ساڵی‌ ١٨٧٠ لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی‌ گۆیژە‌ لەدایکبووە، لە تەمەنی‌ شەش ساڵیدا لای‌ خواجە ئەفەندی‌ خراوەتە بەر خوێندن، لە ‌شوباتی‌ ساڵی ١٩٢١ـدا بووە بە بەڕێوەبەری‌ ناحیەی‌ مەرگە‌، پاشان گوێزراوەتەوە بۆ قەزای ماوەت و بووە بە بەڕێوەبەری‌ ناحیەکە، لە ٢٠/ ٩/ ١٩٢٣ لە ‌شاری‌ سلێمانی‌ رۆژنامەی‌ ئومێدی‌ ئیستقلالی دەرکرد، لە ژمارە ١٥ هەتاوەکوو دوا ژمارەی‌ کە ‌ژمارە ٢٥ بوو حسێن نازم سەرنووسەر و بەڕێوەبەری‌ بووە، کتێبخانە گەورەکەی‌ حسێن نازم ڕۆڵی‌ گەورەی‌ بینیووە لە ڕۆشنبیرکردن‌ و پێگەیاندنی دەیان نووسەر و ڕووناکبیردا، بۆ نموونە‌ ڕەشید نەجیب هەر لە ڕێی‌ خوێندنەوە‌ی ئەو کتێبانەی کتێبخانەکەیەوە شارەزاییەکی‌ تەواوی‌ لەزمانەکانی‌ عەرەبی، فارسی، کوردی‌ و ئینگلیزی‌ پەیداکردووە، لە ‌کۆتایی‌ ساڵی‌ ١٩٢٩ دا بووە بە سەرنووسەری‌ ڕۆژنامەی‌ ژیان هەتاوەکوو ئەو کاتەی لە ٦\٥\ ١٩٣٢ دا کۆچی دوایی‌ کرد.

حسێن نازم و کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس

حسێن نازم راوێژکار و دڵسۆزی مەلیکی کوردستان بووە، دۆستی ئازیز و بە ئەمەکی مامۆستایانی خوالێخۆشبوو، ئەمین زەکی بەگ، تۆفیق وەهبی، ڕەفیق حیلمی و پیرەمێرد و چەندین کەسایەتی تر، خاوەن و نووسەری مێژووی بابان و ماوەت و دەیان نووسینی سیاسی، مێژوویی و کۆمەڵایەتییە، ئەمانە و زۆری تریش کەرەستەی لەبار و زیندوون بۆ لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاوی سەنگین و تەرخانکردنی کتێبێکی تایبەتی، دیارە لێرەدا ئەو مەودایە نەڕەخساوە کە بتوانرێ تیشکێکی سەرتاپاگێڕی بهاوێژرێتە دووتوێی مەبەستەکان، بەڵام ئەو ڕێیەش نەبەستراوە کە ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی پیادا گوزەر بکەین سەبارەت بە ڕۆڵی شایستەی حسێن نازمی ساڵی 1919 لە ئامادەکردن و نووسینی نامە و ڕێکخستنی مەزبەتەی ناوچە کوردییەکان بۆ کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس.


سەرچاوەکان



307 بینین