ئیرەیی لە خانماندا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-04-18:21:00 - کۆدی بابەت: 8899
ئیرەیی لە خانماندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئیرەیی بردن یان حەسوودی ڕەفتارێکە تێیدا کەسێک نیگەرانە بەوەی خەڵکی شتێکیان هەبێت و ئەم نەیبێت، ئەم کەسە ئیرەیی دەبات بە تەواوی دەستکەوتەکانی ئەوانی تر، بەگشتی ئیرەیی بردن لەناو خەڵکیدا باوە، بەڵام ڕێژەکە لە خانماندا زۆر زیاترە، کە کاردەکاتە سەر تەواوی ژیانی ئەو خانمە و پێش هەمووان خۆی ژیانی لێ دەشێوێت.

ئیرەیی بردنی خانمان

خانمان بەگشتی ئیرەیی دەبەن بەڵام ئەمە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی تر جیاوازە و ڕێژەکەی دەگۆڕێت، چەندین جۆری ئیرەیی بردن هەیە، هەر کەسێک ئیرەیی بردن لە ناخیدا زۆر بکات، دەگاتە ڕادەیەک کە ئیرەیی بە هەموو کەس و شتێک ببات و دڵخۆش نەبێت و هەبووەکانی خۆی نەبینێت.

نیشانەکانی ئیرەیی بردنی خانمان

لێت دووردەکەوێتەوە 

ئەو کەسانەی ئیرەیی دەبەن لەناکاو لێت دووردەکەونەوە و ئیتر وەک ڕۆژانی ئاسایی نابن، ئەم جۆرە خانمانە ناتوانن ببنە هاوڕێیەکی باش، چونکە لە هەر کاتێکدا ئەگەر ببیتە خاوەنی دەستکەوێتک بەرگەی بینینی ئەوە ناگرن و لێت دووردەکەونەوە، زۆرجار کاتێک کارێکی باش دەدۆزیتەوە، یاخود هاوسەرگیری دەکەیت ئەو کەسە هاوڕێیەتیت ناکات و پەیوەندییەکەتان دەپچڕێنێت بەبێ هۆکار، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ ئیرەیی.

کاتێک ئامۆژگاری دەکەیت تووڕە دەبێت 

کاتێک پێکەوە لە شوێنێکدا کار دەکەن، ئەگەر پێشنیارێکی بۆ بکەیت یاخود ئامۆژگاری بکەیت تووڕە دەبێت و نایەوێت ئەوەت لێ وەربگرێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئیرەیی دەبات بە توانا و زیرەکی تۆ.

بە شێوازێکی تر باست دەکەن

ئەم خانمانە بەشێوەیەک باست دەکەن کە تووشی سەڕسوڕمان دەبیت و گومان دەکەیت لە خۆت، بەردەوام لە پشتە سەرتەوە باست دەکات و ڕەخنەت لێ دەگرێت و بوختانت بۆ دەکات، هەموو ئەوانە دەڵێت کە بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە لە بەردەم خۆتدا بیڵێت.

بە درۆخستنەوەی ڕاستییەکان

کاتێک جوانترین جل لەبەردەکەیت و هەمووان پێیان جوانە، ئەو ڕەخنەی لێ دەگرێت و پێی وایە جوان نییە و ئەم کارە دەکات چونکە ئیرەیی دەبات و ناتوانێت جوانیت ببینێت، دەیەوێت متمانە بەخۆبوونت لەدەست بدەیت و ببیتە کەسێکی لاواز.

دڵخۆشە بە نیگەرانی تۆ

کاتێک هەواڵێکی خراپ لەبارەی تۆوە دەبێت، ئەو کەسەی کە ئیرەیی دەبات خۆشحاڵ دەبێت، ئەم کەسانە تەنها چاوەڕێی ئەوەن شکست بهێنیت لە ژیانتدا، تەنانەت لەوانەیە هەوڵی ئەوەش بدەن کە زیانت پێ بگەیەنن و کارێک بکەن تاکوو دڵخۆش نەبیت.

خۆیان بەبێ تاوان پیشان دەدەن

ئەم کەسانە بۆ ئەوەی بتوانن لێت نزیک ببنەوە و زیانت پێ بگەیەنن، هەندێک کات بەشێوەی بێ تاوانێک دێنە ژیانتەوە، بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن واتێبگەیت کە جێی بەزەیین و لە خۆتییان نزیک دەکەیتەوە تاکوو زیانت پێ دەگەیەنن.

پیرۆزباییت لێ ناکەن

یەکێک لە نیشانە باوەکان ئەوەیە ئەم کەسانە خۆشحاڵ نابن بە سەرکەوتن و دەستکەوتەکانت و بەهیچ شێوەیەک پیرۆزباییت لێ نەکەن و دڵخۆش نابن.

مێشکت سەرقاڵ دەکات

ئەم کەسانە مێشکت سەرقاڵ دەکەن بە کۆمەڵێک بابەتی لاوەکییەوە تاکوو بابەتە گرنگەکانی ژیانت لەبیر بچێتەوە، ئەمەش ڕێگایەکە بۆ ڕێگریکردن لە بەرەوپێش چوون و سەرکەوتنت.

هۆکارەکان

زۆرینەی خانمان کەمی متمانە بەخۆبوون وایان لێ دەکات ئیرەیی ببەن بە کەسی بەرانبەر، کاتێک کەسێکی جوانتر، ماڵێکی جوانتر، یاخود هەر شتێکی تر دەبینن خۆیان بە کەم دەبینن کە نەیاتوانیوە ئەوەیان هەبێت.
هەروەها ئەو ئافرەتانەی هاوسەرگیرییان کردووە زۆرجار ئیرەیی دەبەن بە هەر ئافرەتێک ئەگەر سەرنجی مێردەکەیان ڕابکێشێت، یاخود جوانتر بێت، لە کۆتاییدا گەورەترین هۆکاری ئیرەیی بردن کەمی متمانە بەخۆبوونە.

چارەسەر

متمانە بەخۆبوون

یەکێک لە ڕێگا گرنگەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە ئیرەیی بردن، هەر کارێک لەدەستت دێت ئەنجامی بدە تاکوو متمانە بەخۆبوونت زۆر زیاد بکات.

تواناکانت بناسە

زیاتر گرنگی بە خۆت بدە و بزانە لە کام بواردا دەتوانیت سەرکەوتووبیت، بۆیە برەوی پێ بدە و خۆت سەرقاڵ بکە و تواناکانی خۆت بدۆزەرەوە، ئەمە وادەکات زیاتر سەرقاڵ بیت و گوێ نەدەیتە کاروباری خەڵکانی تر.

دڵخۆشبە

دڵخۆشی وشەیەکی سادەیە کە هەمووان ئارەزووی دەکەن و کەمن ئەوانەی بتوانن دڵخۆشی بدۆزنەوە لە هەر کارێکیاندا، کاتێک بەرامبەر هەبووەکانت خۆشحاڵیت و هەر هۆکارێکی بچووکی ڕۆژەکەت خۆشحاڵت دەکات، وردە وردە ڕادێیت کە نرخی هەموو شتێک بزانیت و دڵخۆش بیت بەوەی کەسانی تریش ئەم هەستەیان هەبێت و دوور دەبیت لە ئیرەیی.

خۆت بە کەسانی تر بەراورد مەکە 

لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا خۆت بەراورد مەکە بە کەسانی تر، چونکە ئەمە وادەکات ئیرەیی بردنت زیاد بکات، خۆت و ژیانت خۆش بوێت و شانازی بکە بە هەبوو و نەبووەکانتەوە و هەرگیز خۆت بەراورد مەکە، چونکە هیچ کەسێک هەموو شتێکی نییە و هەمووان لە هەموو ڕوویەکەوە کامڵ نین تاکوو جێگای ئیرەیی پێ‌بردن بن.

سوپاسگوزاربە

نرخی هەموو دەستکەوتەکانت بزانە، بۆ بچووکترین بەشی ژیانت سوپاسی خوا بکە، گلەیی مەکە لە نەبووەکانت، چونکە یاخود خۆت بەباشی هەوڵت بۆ نەداوە، یان دەبێت ڕێگایەکی تر هەڵبژێریت.


سەرچاوەکان



734 بینین