جاسمێ جەلیل

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-10-17:42:00 - کۆدی بابەت: 8963
جاسمێ جەلیل

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جاسم جەلیل (بە کرمانجی: Casimê Celîl(بە ئینگلیزی: Jasime Jalil) نووسەر و شاعیرێکی کورد بوو. لە بەرواری ٢٥ی ئابی ١٩٠٨ زایینی لە ئەرمەنستان لەدایکبووە. جاسمێ جەلیل لە بوارەکانی ئەدەبیات، کەلەپوور، و مێژووی کوردستان کاری کردووە و بەرهەمی هەبووە، هەروەها هەردوو کوڕەکەی (ئۆردیخانێ جەلیل، جەلیلێ جەلیل) و کچەکەی (جەمیلە جەلیل) لەسەر فۆلکلۆ و مێژووی کورد کاریان کردووە.

ژیاننامە

ناوی باوکی جاسم کە جەلیل بوو، لە دواییدا بوو بە ناسناو بۆ منداڵی جاسم و نەوەی ئەو. لەگەڵ کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی لە ساڵی ١٩١٨ و بەزینی سوپای عوسمانی لە جەنگدا، سەربازە تورکەکان هێرشیان بردە سەر  گوندی قزل قولی و ئاوەدانییەکانی دیکەی دەوروبەری (کە هەموویان کوردی ئێزدی بوون لە عەشیرەتەکانی ئوتی و چیلی سەر بە عەشیرەتی سیپکی بوون) بۆ ئەوەی شوێنەواری کوردی تێدا نەهێڵن. هەموو خەڵکی ناوچەکە کەوتنەخۆ بۆ ڕزگارکردنی گیانیان، سەربازە تورکەکان بەدوایانەوە بوون. لە دوای کوشتارێکی زۆر، ئەو خەڵکەی لە ژیان مابوون گەیشتنە ئاوەدانییەک لە قەراغ ڕووباری ئاواڕەش لە نزیک ئەلەگەز. پاشان خەڵکەکە لە گوندەکانی ناوچەی ئەشتەرەک نیشتەجێ بوون. لەم کارەساتەدا جاسم لە کەسوکاری دابڕا، هەرگیز نەیتوانی کەسیان بدۆزێتەوە. لەو جێیەدا و بێ‌لانە (پەناگە) بوو، لە شوێنێک بۆ شوێنێک لەدوای پاروویەک نان دەگەڕا. لە ساڵی ١٩١٩ ڕووی کردە شاری ئەلێکساندراپۆڵ و لەوێ هەتیوخانەیەکی ئەمریکی لێ بوو. ئەمە دەستکەوتێکی گرنگ بووە لە ژیانیدا. هەر لەو ساڵەدا  لە هەتیوخانەی قوتابخانەکەدا دەستیکرد بەخوێندن. لە ساڵی ١٩٢٣ زایینی هەتیوخانەکە گواسترایەوە بۆ شاری ستیپانەڤان، لە ساڵی ١٩٢٥ جاسم پێنج ساڵی سەرەتایی خوێندبوو. لەو ساڵەدا دەسەڵاتی تازەی سۆڤیەتییەکان هەتیوخانەکەی لە ئەمریکایییەکان سەندەوە. لەو ماوەیەدا جاسم ناچاربوو کارێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە. بوو بە شاگردی میکانیکی کارەبا. بەهۆی ئەم کارەبایەوە وەکو کرێکارێک توانی خۆی لە پارتی کۆمۆنیست (شیوعیەت) نزیک بکاتەوە. لە ساڵی ١٩٢٧ ناردیانە باکۆ بۆ خوێندن لە قوتابخانەی سوپایی پڕوپاگەندەی پارتی کۆمۆنیست و تا ساڵی ١٩٣٠ لەوێ مایەوە. بۆ چەند مانگێکیش چووە شاری تفلیس و خوێندنی لەوێ تەواوکرد. لە ساڵی ١٩٣١ گەڕاوەتەوە یەریڤان و بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەی کوردی پێ سپێردراوە، زۆر لەم کارەیدا نەماوەتەوە. لە ساڵی ١٩٣٢ خەریکی لایەنی تەکنیکی دەرهێنانی چاپەمەنی بووە.

لە ساڵی ١٩٣٨ – ١٩٤١ بووە بە قوتابی ئامۆژگای مامۆستایان لە یەریڤان. لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی دووەمی جیهانی، وازی لە خوێندن هێنا. لە ساڵی ١٩٤٢ لە چاپخانەی زانکۆی یەریڤان بە کارگەری تەکنیکی دامەزرا. دواتر لە ساڵی ١٩٤٣ بوو بە موچەخۆر لە دادگا، تا ساڵی ١٩٥٣ لەو کارەیدا بەردەوام بوو. لە ساڵی ١٩٥٤ کە بەشی کوردی لە ڕادیۆی ئەرمەنستان کرایەوە، بەشی مۆسیقا و گۆرانی و فۆلکلۆر بە جاسم سپێردرا. لەبەر ئەوەی شارەزای مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی بوو و بلوێرژەنێکی چاک بوو و لەگەڵ تیپی مۆسیقا بلوێری دەژەنی. تا کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیستەم پەیوەندی بەم دەزگا ڕاگەیاندەیەوە مابوو. جاسم ٩٠ ساڵ ژیاوە، بۆیە ماوەی خانەنشینییەکەی درێژ بووە.

بەرهەم

لە ١٩٥٤ پەرتووکەکەی بە ناوی (ئەلەگەز) لە یەریڤان چاپکرا. لە ١٩٦٠ کتێبێکی تری بە ناوی (ڕۆژا من) نووسی.

کۆچی دوایی

لە ٢٤ی ئابی ١٩٩٨ لە یەریڤان کۆچی دوایی کردووە. 


سەرچاوەکان



456 بینین