مووشەک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-13-03:24:00 - کۆدی بابەت: 8997
مووشەک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە زاراوەی سەربازیدا، مووشەک (بە ئینگلیزی: Missile، بە عەرەبی: صاروخ) چەکێکی مەودای ئاسمانییە کە ڕێنمایی کراوە و توانای فڕینی خۆڕایی هەیە بەهۆی بزوێنەری جێت یان بزوێنەری مووشەکی. مووشەکەکان پێنج پێکهاتەی سیستمیان هەیە: ئامانجکردن، سیستمی ڕێنمایی، سیستمی فڕین، بزوێنەر و سەری جەنگی. مووشەکەکان لە چەندین مەبەستی جیاوازدا بەکار دەهێنرێن. ئامێرە تەقەمەنییە ئاسمانییەکان کە پاڵنەریان نییە، ئەگەر لەلایەن پارچە تۆپێکەوە تەقێنران، بە گوللە ناو دەبرێن و ئەگەر لەلایەن فڕۆکەیەکەوە بخرێنە خوارەوە بە بۆمب ناو دەبرێن. هەروەها چەکی بێ ڕێنمایی بە جێت یان مووشەک، بەزۆری بە تۆپخانەی مووشەکی ناو دەبرێن.

لە ڕووی مێژووییەوە وشەی مووشەک ئاماژەیە بۆ هەر هاوێژراوێک کە بەرەو ئامانجێک فڕێ بدرێت، تەقە بکرێت یان پاڵ بخرێت؛ ئەم بەکارهێنانە تا ئەمڕۆش ناسراوە و بەکار دەهێنرێت.

پاشخان

یەکەم مووشەک کە بە شێوەی کرداری بەکارهات، زنجیرەیەک مووشەک بوون کە ئەڵمانیای نازی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا پەرەی پێدا. بەناوبانگترینیان مووشەکی فڕیوی V-1 و مووشەکی V-2 کە هەردووکیان فڕینی خۆکاری میکانیکییان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی مووشەکەکە بە درێژایی ڕێگایەکی پێشوەخت هەڵبژێردراو بفڕێت. کەمتر ناسراو زنجیرەیەک مووشەکی دژە کەشتی و دژە فڕۆکە بوون، کە بە شێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای سیستمێکی سادەی کۆنترۆڵی ڕادیۆیی (ڕێنمایی فەرماندەیی) بوو کە لەلایەن بەڕێوەبەرەوە ئاڕاستە دەکرا. بەڵام ئەم سیستمە سەرەتاییانە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا تەنیا بە ژمارەیەکی کەم دروستکراون.

تەکنەلۆجیا

مووشەکی ڕێنمایی کراو کۆمەڵێک پێکهاتەی جیاوازیان هەیە:

  • سیستمی ڕێنمایی
  • سیستمی ئامانجکردن
  • سیستمی فڕین
  • بزوێنەر
  • سەری جەنگ

سیستمی ڕێنمایی

باوترین شێوازی ڕێنماییکردن بریتییە لە بەکارهێنانی جۆرێک لە تیشکدانەوە، وەک ژێر سوور، لەیزەر، یان شەپۆلی ڕادیۆیی، بۆ ڕێنماییکردنی مووشەکەکە بۆ سەر ئامانجەکەی. ئەم تیشکە لەوانەیە لە ئامانجەکەوە دەربچێت (وەک گەرمی بزوێنەرێک یان شەپۆلەکانی ڕادیۆیی ڕاداری دوژمن)، لەوانەیە لەلایەن خودی مووشەکەکەوە دابین بکرێت (وەک ڕادار)، یان لەوانەیە لەلایەن لایەنی سێیەمی دۆستەوە دابین بکرێت (وەک ڕاداری بنکەی هەڵدانی مووشەکەکە، یان دیاریکەری لەیزەر کە لەلایەن هێزی پیادەوە بەڕێوەدەبرێت). بنکە و دیاریکەری لەیزەر زۆرجار بە "بیتەقێنە و لەبیری بکە" ناسراون چونکە پێویستیان بە هیچ پشتگیرییەک یان کۆنترۆڵێکی زیاتر نییە لە بنکەی وەشاندنەوە تاوەکوو کاربکەن. شێوازێکی تر بریتییە لە بەکارهێنانی ڕێنماییی تەلەڤزیۆن، لەگەڵ ڕووناکی بینراو یان وێنەی ژێر سوور، کە بەرهەم دەهێنرێن بۆ ئەوەی ئامانجەکە ببینرێت.

دەکرێت وێنەی ئامانجەکە لەلایەن بەڕێوەبەرێکی مرۆییەوە بەکاربهێنرێن کە مووشەکەکە دەباتە سەر ئامانجەکەی یان کۆمپیوتەرێک کە هەمان کار دەکات. هەروەها هەندێک لە مووشەکەکان توانای خۆییان هەیە بۆ ئەوەی خۆیان ڕێنمایی بکەن بۆ سەرچاوەیەکی دەردانی ڕادار. زۆرێک لە مووشەکەکان تێکەڵەیەک لە دوو شێواز یان زیاتر بەکاردەهێنن بۆ باشترکردنی وردبینی و ئەگەری سەرکەوتنی پێکانی ئامانج. 

سیستمی ئامانجکردن

شێوازێکی تر بریتییە لە ئامانجکردنی مووشەکەکە بە زانینی شوێنی ئامانجەکە و بەکارهێنانی سیستمێکی ڕێنمایی وەک INS، TERCOM یان ڕێنمایی مانگی دەستکرد. ئەم سیستمە ڕێنماییە بە زانینی شوێنی ئێستای مووشەکەکە و شوێنی ئامانجەکەی، پاشان هەژمارکردنی رێڕەوێک لە نێوانیاندا، ڕێنمایی مووشەکەکە دەکات. هەروەها دەتوانرێت ئەم کارە تا ڕادەیەک بە شێوەیەکی خام لەلایەن ئۆپەراتۆرێکی مرۆییەوە ئەنجام بدرێت کە دەتوانێت ئامانجەکە و مووشەکەکە ببینێت و ڕێنمایی بکات بە بەکارهێنانی یان کۆنترۆڵی دوور لەسەر بنەمای کەیبڵ یان ڕادیۆیی، یان بە سیستمێکی ئۆتۆماتیکی کە دەتوانێت لە یەک کاتدا شوێنپێی ئامانجەکە و مووشەکەکە بگرێت. جگە لەوەش هەندێک لە مووشەکەکان ئامانجکردنی سەرەتایی بەکاردەهێنن، کە سەرەتا ئامانجەکە دیاری دەکەن و بۆیان هەڵدەدرێن، لە ڕێی بەکارهێنانی ڕادار یان تیشکی ژێرسوور بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکە. 

سیستمی فڕین

مووشەکی ڕێنماییکراو چ سیستمی ئامانجکردن یان سیستمی ڕێنمایی یان هەردووکیان بەکاربهێنێت، پێویستی بە سیستمی فڕین هەیە. سیستمی فڕین داتاکانی سیستمی ئامانجکردن یان ڕێنماییکردن بەکاردەهێنێت بۆ مانۆڕکردنی مووشەکەکە لە کاتی فڕیندا، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەبوونی ڕوونی و وردیی لەناو مووشەکەکە و و شوێننەکەوتنی ئامانجی تری جووڵاو. دوو سیستمی سەرەکی هەیە: پاڵنانی ڤێکتەری (بۆ ئەو مووشەکانەی کە بە درێژایی قۆناغی فڕینیان کاردەکەن) و مانۆڕی ئایرۆداینامیک (باڵ، بالە، کانارد).

بزوێنەر

مووشەکەکان بە بزوێنەرێک کاردەکەن، بەگشتی یان جۆرێکە لە بزوێنەری مووشەک یان بزوێنەری جێت. مووشەکەکان بەگشتی لە جۆری سووتەمەنی بەستوو (solid propellant) بۆ ئاسانکاری لە چاککردنەوە و بڵاوکردنەوەی خێرا، هەرچەندە هەندێک لە مووشەکی بالیستی گەورەتر مووشەکی سووتەمەنی شل (liquid propellant) بەکاردەهێنن. بزوێنەری جێت بەگشتی لە مووشەکی کروزدا بەکاردەهێنرێت، کە زۆرترین جار لە جۆری تۆربۆجێتە، بەهۆی سادەیییەکی ڕێژەیی و کەمیی ڕووبەری پێشەوەی. تۆربۆفان و ڕامجێت تاکە جۆری تری باوی پاڵنەرەکانی بزوێنەری جێتن، هەرچەندە لە ڕووی تیۆریەوە دەتوانرێت هەر جۆرە بزوێنەرێک بەکاربهێنرێت. مووشەکە دوور مەوداکان لەوانەیە چەندین قۆناغی بزوێنەریان هەبێت، بەتایبەتی لەوانەی کە لە ڕووی زەویەوە هەڵدەدرێن. ئەم قۆناغانە ڕەنگە هەموویان لە جۆری هاوشێوە بن یان لەوانەیە تێکەڵەیەک لە جۆرەکانی بزوێنەر لەخۆ بگرن، بۆ نموونە، مووشەکە کروزەکانی سەر زەوی زۆرجار بەرزکەرەوەی مووشەکیان هەیە بۆ هەڵدان و بزوێنەری جێتیان هەیە بۆ فڕینی بەردەوام. ڕەنگە هەندێک لە مووشەکەکان لە کاتی هەڵدانیدا لە سەرچاوەیەکی ترەوە پاڵنەرێکی زیادەیان هەبێت؛ بۆ نموونە، V1 بە کاتاپڵتێک هەڵدەدرا، و MGM-51 Shillelagh لە تانکێکەوە دەتەقێنرا (بە بەکارهێنانی بارگاوییەکی بچووکتر لەوەی کە بۆ تۆپێک بەکاردەهێنرێت). 

سەری جەنگ

بەگشتی مووشەکەکان یەک یان چەند سەرێکی تەقینەوەیان هەیە، هەرچەندە ڕەنگە جۆرەکانی تری چەکیش بەکاربهێنرێن. سەری جەنگی مووشەکێک هێزی تێکشکێنەری سەرەکی خۆی دابین دەکات (زۆرێک لە مووشەکەکان هێزی تێکدەری لاوەکی بەرفراوانیان هەیە بەهۆی وزەی جووڵەی بەرزی چەکەکە و سووتەمەنی نەسووتاو کە لەوانەیە لەناو فڕۆکەکەدا بێت). سەری جەنگ زۆرترین جار لە جۆری تەقینەوەی بەرزە، زۆرجار بارگەی شێوەدار (shaped charge) بەکاردەهێنرێت بۆ بەکارهێنانی وردی چەکێکی ڕێنماییکراو بۆ لەناوبردنی ئامانجە ڕەقەکان. جۆرەکانی تری سەری جەنگ بریتین لە (تەقەمەنی بچووک، سووتێنەر، چەکی ناوکی، چەکی کیمیایی، چەکی بایۆلۆجی، تیشکدەر یان دزەپێکەری وزەی جووڵەیی). زۆرجار مووشەکی بێ سەری جەنگ بۆ مەبەستی تاقیکردنەوە و مەشقکردن بەکاردەهێنرێت.

ڕۆڵی بنەڕەتی مووشەک

بەگشتی مووشەکەکان بەپێی سەکۆی هەڵدانی و ئامانجی مەبەستدار پۆلێن دەکرێن. بە شێوەیەکی فراوانتر، مووشەکەکان لە یەکێک لە زەوی، ئاسمان یان ئاوەوە هەڵدەدرێن، و پاشان بەپێی مەودا و جۆری ئامانجی ورد (وەک دژە تانکی یان دژە کەشتی) پۆلێن دەکرێن. زۆرێک لە چەکەکان بە شێوەیەک دروستکراون کە لە هەردوو ڕووی زەوی و ئاسمانەوە هەڵبدرێن، چەند چەکێکیشیان بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە سەرزەویەکان یان ئاسمانییەکان دروستکراون (وەک مووشەکی ADATS). زۆربەی چەکەکان پێویستیان بە هەندێک گۆڕانکاری هەیە بۆ ئەوەی لە ئاسمانەوە یان لە ڕووی زەویەوە هەڵبدرێن، وەک زیادکردنی پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ وەشانی هەڵدانی سەر ڕووی زەوی.

بالیستیک

مووشەکی بالیستیک بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ ئەرکەکانی هێرشی وشکانی بەکاردەهێنرێت. هەرچەندە بە شێوەیەکی ئاسایی پەیوەندی بە چەکی ناوکییەوە هەیە، بەڵام هەندێک مووشەکی بالیستیکی بە شێوەیەکی ئاسایی لە خزمەتدان، وەک MGM-140 ATACMS. مووشەکی V2 نیشانی دا کە مووشەکی بالیستیکی دەتوانێت سەرێکی جەنگی بگەیەنێتە شارێکی ئامانجدار لە شارێکی ترەوە و هیچ ئەگەرێکی ڕێگریکردنیان نییە.

وردی ئەم سیستمانە تاڕادەیەک خراپ بوو، بەڵام گەشەسەندنی دوای جەنگ لەلایەن زۆربەی هێزە سەربازییەکانەوە چەمکی بنەڕەتی سیستمی سست تاوتوێ کرا و ڕێکخرایەوە، تا ئەوەی توانرا مووشەکی کیشوەربڕ دروست بکرێت کە هەزاران کیلۆمەتر بفڕێت، وەک لێدانی چەکدارانی داعش لە سووریا لەلایەن ڕووسیاوە لە وڵاتی دووەمدا.

ئەمڕۆ مووشەکی بالیستیک نوێنەرایەتی تاکە رێگری ستراتیجی دەکات لە زۆربەی هێزە سەربازییەکان؛ بەڵام هەندێک مووشەکی بالیستی بۆ ڕۆڵی ئاسایی دەگونجێندرێت، وەک مووشەکی ئیسکەندەری ڕووسی یان مووشەکی بالیستیکی دژە کەشتی DF-21Dی چینی. مووشەکی بالیستیک بە پلەی یەکەم لە سەر زەوی هەڵدەدرێت نەک سەکۆی دەریایی و ژێردەریایی و کەشتییەکان. مووشەکی تۆپۆل ئێم (SS-27 Sickle B)ی ڕووسی یەکێکە لە خێراترین مووشەکە بالیستیکەکان کە تواناکەی (٧,٣٢٠ م/چ)ـە.

کروز

مووشەکی کروز بەگشتی پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنەکانی هێرشی وشکانییەوە هەیە، بەڵام ڕۆڵێکی گرنگی هەیە وەک چەکی دژە کەشتی. بە پلەی یەکەم لە سەکۆی ئاسمانی، دەریایی یان ژێردەریاییەوە هەڵدەدرێن، هەرچەندە هەڵدانی وشکانیش هەن. بەگشتی مووشەکی کروز زیاتر دابەش دەکرێن بەسەر چەکی ژێر دەنگی یان سەروو دەنگی، چەکی سەروو دەنگی وەک BrahMosـی هیندستان و ڕووسیا کە ئەستەمە بخرێنە خوارەوە، لە کاتێکدا چەکی ژێر دەنگی زۆر سووکتر و هەرزانترە، ئەمەش ڕێگە دەدات زیاتر بتەقێنرێت.

دژە کەشتی و دژە ژێردەریایی

پرۆژەیەکی تری گەورەی پەرەپێدانی مووشەکی ئەڵمانیا پۆلی دژە کەشتیوانی بوو (وەک Fritz X و Henschel Hs 293)، کە مەبەست لێی وەستاندنی هەر هەوڵێک بوو بۆ داگیرکردن لەڕێی ئاوییەوە. بەڵام بەریتانییەکان توانیان بە جامکردنی ڕادیۆکانیان سیستمەکانیان بێسوود بکەن و ئەو مووشەکانەی کە ڕێنمایی وایەریان هەبوو تاوەکوو ڕۆژی  (D-Day) ئامادە نەبوون. دوای جەنگ، چینی دژە کەشتیوانی هێواش هێواش گەشەی کرد و بوو بە چینێکی سەرەکی لە ساڵانی شەستەکاندا بە هێنانەکایەی مووشەکی کروز کە بە جێت یان مووشەکی نزم دەفڕێت و بە "sea-skimmers" ناسراون. ئەمانە لە کاتی جەنگی فۆلکلانددا بەناوبانگ بوون، کاتێک مووشەکێکی ئێکسۆسێتی ئەرجەنتین کەشتییەکی تێکدەری هێزی دەریایی بەریتانیای لەکارخست. هەروەها ژمارەیەک مووشەکی دژە ژێردەریاییش هەن؛ ئەم جۆرە زیاتر بۆ گەیاندنی سیستمێکی تری چەک و تەقەمەنی وەک تۆرپیدۆ یان بارگاویکردنەوەی قووڵن، کە چەکەکە دەگەیەننە شوێنی ژێردەریاییەکە، لەو خاڵەدا چەکەکەی تر قۆناغی ژێر ئاوی ئەرکەکە ئەنجام دەدات. 

دژە تانک

مووشەکی ڕێنماییکراوی دژە تانک (ATGM)، مووشەکی دژە تانک، چەکی ڕێنماییکراوی دژە تانک (ATGW)، یان چەکی ڕێنماییکراوی دژە زرێپۆش، مووشەکێکی ڕێنماییکراوە کە بە پلەی یەکەم بۆ لێدان و لەناوبردنی ئۆتۆمبێلە سەربازییە زرێپۆشە قورسەکان دروستکراوە. قەبارەی ATGM گەورەترە لە چەکی شان، کە دەتوانرێت لەلایەن یەک سەربازەوە بگوازرێتەوە، تا دەگاتە چەکی گەورەتر کە لەسەر سێ پایە دانراون، کە پێویستیان بە تیمێک هەیە بۆ گواستنەوە و تەقەکردن، تا دەگاتە سیستمی مووشەکی ئۆتۆمبێل و فڕۆکەکان. 

تا کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی، هەموو هێزەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان مووشەکی بێ ڕێنمایییان بە سەری جەنگییەوە دژی تانکەکان بەکار دەهێنا، وەک پانزێرفۆست (Panzerfaust) و بازووکا (Bazooka). بەڵام ئەمانە مەودای بەسوودی سنوورداریان هەبوو کە ١٠٠ م یان زیاتر بوو و ئەڵمانییەکان بەدوای درێژکردنەوەی ئەم مەودایە بوون بە بەکارهێنانی مووشەکێکی ڕێنمایی وایەر، کە ناوی X-7 بوو.

دژە فڕۆکە

مووشەکێکە کە لە زەوی یان لە کەشتییەکەوە دەتەقێنرێت بۆ بەرگریکردن لە هێرشی ئاسمانی. تا ساڵی ١٩٤٤ هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا خەریکی ناردنی بەلەمی ئاسمانی زەبەلاح بوون بەسەر ئەورووپای داگیرکراودا، ئەمەش فشارەکانی لەسەر هێزە شەڕکەرەکانی شەو زیاد دەکرد. ئەڵمانییەکان حەزیان دەکرد جۆرێک لە سیستمی دژە فڕۆکەی بەسوود دروست بکەن کە لەسەر بنەمای زەمینی بێت. چەندین سیستم لە قۆناغی پەرەپێدان بوون، بەڵام هیچیان پێش کۆتایی هاتنی جەنگ نەگەیشتبووە ئاستی ئۆپەراسیۆن.

هه‌روه‌ها هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ی كامیكازی ده‌ستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی موشه‌كی كرد. تا ساڵی ١٩٥٠، سیستمەکان لەسەر بنەمای ئەم لێکۆڵینەوە سەرەتاییە دەستیان کرد دروستکردنی یەکەمین نموونە بەسوودەکان، لەوانە مووشەکی MIM-3 نایک ئەجاکسی سوپای ئەمریکا و "3T's"ی هێزی دەریایی (تالۆس، تێریر، تارتار)، دوای ئەوان یەکێتیی سۆڤیەت S-25 Berkut و S- 75 دڤینای دروستکرد، سیستمی فەڕەنسی و بەریتانییش هاتنە ئاراوە.

مووشەکی دژە فڕۆکە بۆ بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەکرێت لە هەموو سەکۆیەکەوە هەڵبدرێت. 

دژە بالیستیک

وەک زۆربەی مووشەکەکان، ئێس-٣٠٠، ئێس-٤٠٠، بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو و MIM-104 پاتریۆت بۆ بەرگریین لە مووشەکی کورت مەودا و هەڵگری سەری جەنگی. لە حاڵەتی خێراییی گەورەدا، مووشەکی بەبێ تەقەمەنی بەکاردەهێنرێت؛ چونکە تەنیا پێکدادانی بەسە بۆ لەناوبردنی ئامانجەکە. وەک (RIM-161 Standard Missile 3، Arrow 3، Kinetic Energy Interceptor (KEI)).

هەوا بۆ هەوا

مووشەکی هەوا بۆ ئاسمان (AAM) مووشەکێکە کە لە فڕۆکەیەکەوە ئاراستە دەکرێت بە مەبەستی لەناوبردنی فڕۆکەیەکی تر. AAM بە شێوەیەکی گشتی لەلایەن یەک یان چەند ماتۆڕێکی مووشەکییەوە کاردەکات، بەزۆری سووتەمەنی ڕەقیان پێدەدرێت بەڵام هەندێک جار سووتەمەنی شلەیان پێدەدرێت. ئەم جۆرەی مووشەک کە لە ئاسمانەوە بۆ ئاسمان هەڵدەدرێت، بۆ یه‌كه‌م جار له‌ هاوینی ١٩٣٩ له‌ شه‌ڕی خه‌ڵخین گۆڵ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌وانه‌كانی سۆڤیه‌ته‌وه‌ به‌كارهاتووه‌. لە ٢٠ی ئابی ١٩٣٩دا، فڕۆکەی جەنگی ناکاجیما کی-٢٧ی ژاپۆنی لەلایەن فڕۆکەی شەڕکەری سۆڤیەت پۆلیکارپۆڤ ئای-١٦ـی پێشەنگ زبۆنارێڤا پێکرا، پێکانەکە بەهۆی مووشەکێکەوە بوو لە دووری نزیکی کیلۆمەترێک و بەهۆیەوە فڕۆکەی Ki-27 کەوتە خوارەوە بۆ سەر زەوی.

مووشەکی هەوا بۆ هەوا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دوو گرووپدا دابەش دەکرێت. ئەوانەی بۆ ئەوەی فڕۆکەی نەیار لە مەودای کەمتر لە ٣٠ کم بخەنە خوارەوە، بە مووشەکی کورت مەودا یان "لە ناو مەودای بینراو" (SRAAMs یان WVRAAMs) ناسراون و هەندێک جار پێیان دەوترێت مووشەکی "شەڕی سەگ" چونکە بۆ باشترکردنی چالاکییان دروستکراون نەک مەودایان. زۆربەیان ڕێنمایی ژێر سوور بەکاردەهێنن و پێیان دەوترێت مووشەکی گەڕان بەدوای گەرمیدا. لە بەرامبەردا مووشەکی مەودای مامناوەند یان دوور (MRAAMs یان LRAAMs) کە هەردووکیان دەکەونە ژێر پۆلی مووشەکی مەودای دەرەوەی بینراو (BVRAAMs)، مەیلیان هەیە پشت بە ڕێنمایی ڕادار ببەستن، کە چەندین شێوەیان هەیە.

دژە مانگی دەستکرد

چەکی دژە مانگە دەستکردەکان (ASAT) بریتین لە چەکی بۆشایی ئاسمان کە بۆ بێتوانایی یان لەناوبردنی مانگە دەستکردەکان بۆ مەبەستی ستراتیجی یان تاکتیکی دروستکراون. چەندین نەتەوە خاوەنی سیستمی ASAT کارایان هەیە. هەرچەندە هێشتا هیچ سیستمێکی ASAT لە شەڕدا بەکارنەهێنراوە، بەڵام چەند وڵاتێک (چین، هیندستان، ڕووسیا و ئەمریکا) بە سەرکەوتوویی مانگە دەستکردەکانی خۆیان خستۆتە خوارەوە بۆ ئەوەی تواناکانی ASATـی خۆیان نیشان بدەن.


سەرچاوەکان



607 بینین