ئەتڵەس

ئەتڵەس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-06-14-15:52:00 - کۆدی بابەت: 9010
ئەتڵەس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەتڵەس (بە ئینگلیزی: atlas) (بە عەرەبی: أطلس) بریتییە لە کۆمەڵێک نەخشە کە بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵێک نەخشەی زەوی یان ناوچەیەکی زەوییە.

ئەتڵەسەکان بە شێوەیەکی نەریتی لەسەر شێوەی پەرتووک لە بەرگێکدا ڕێکخراون، بەڵام ئەمڕۆ زۆرێک لە ئەتڵەسەکان بە شێوەی ڕێکخستنە ماڵتی میدیایەکانن، ئەوانیش بەرنامەی کۆمپیوتەریین کە وێنە، فیلم، دەنگ و هەروەها دەق لەخۆدەگرن. زۆرجار ئەتڵەسەکان جگە لە خستنەڕووی تایبەتمەندییە جوگرافییەکان و سنوورە سیاسییەکان، ئاماری جیۆپۆلەتیکی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و ئابوورییەکانیش پیشان دەدەن. هەروەها زانیارییان لەسەر نەخشەکە و شوێنەکانی سەر نەخشەکە تێدایە.

لەڕووی وشەزانییەوە

مێژووی بەکارهێنانی وشەی (ئەتڵەس) لە چوارچێوەیەکی جوگرافیدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٩٥ زایینی، کاتێک جوگرافیزانی ئەڵمانی فەلەمنگی (گێرھاردس میرکەیتەر) (ئەتڵەسەکان یان تێڕامانە گەردوونییەکان لەسەر دروستکردنی گەردوون و گەردوون وەکوو دروستکراوە)ـی بڵاوکردەوە. بەپێی ئەم ناونیشانە پێناسەی میرکەیتەر بۆ وشەی ئەتڵەس وەکوو وەسفێکە بۆ دروستکردن و فۆڕمی تەواوی گەردوون، نەک تەنها وەکوو کۆمەڵێک نەخشە. ئەو بەرگەی کە ساڵێک دوای مردنی بڵاوکرایەوە، دەقێکی بەرفراوانە و چەندین بابەت لەخۆ دەگرێت، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی چاپەکانیدا، بوو بە کۆمەڵێک نەخشە و هەر بەو شێوازەی کە وشەکە لە ناوەڕاستی سەدەی ١٧ بەکارهات. ئەو نیۆلۆجیزمەی کە میرکەیتەر دایڕشت، نیشانەیەک بوو بۆ ڕێزگرتن لە تیتان، ئەتڵەس، (پاشای مۆریتانیا)، کە بە یەکەم جوگرافیزانی گەورەی دەزانی.

مێژووی ئەتڵەسەکان

یەکەم کار کە نەخشەی ڕێکخراوی قەبارە یەک شێوە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لەخۆیگرتبوو نوێنەرایەتی یەکەم ئەتڵەسی مۆدێرن دەکات، کە لەلایەن نەخشەکێشی ئیتاڵی (پیترۆ کۆپۆ) لە سەرەتای سەدەی ١٦ ئامادەکرابوو، لەبەرئەوەی لەو کاتەدا بڵاو نەکراوەتەوە، بۆیە بەشێوەیەکی ئاسایی بە یەکەم ئەتڵەس دانانرێت. بەڵکوو، ئەو نازناوە دەبەخشرێت بەو کۆمەڵە نەخشانەی کە لەلایەن نەخشەکێشی برابانتی (ئەبراهام ئۆرتیلیەس)ـەوە لە ساڵی ١٥٧٠ چاپکراوە. هەرچەندە ئەو ئەتڵەسانەی لە ئێستادا بڵاودەکرێنەوە تەواو جیاوازن لەوانەی کە لە سەدەی ١٦ تاکوو ١٩ بڵاوکرانەوە. بە پێچەوانەی ئەمڕۆوە، زۆربەی ئەتڵەسەکان پێکەوە لە بەرگێکدا نەبەسترابوون و ئامادە نەبوون تا کڕیار بیانکڕێت، بەڵام پێکهاتە ئەگەرییەکانیان بەجیا لەسەر ڕەفەکان دانرابوون. کڕیار دەیتوانی ناوەڕۆکەکان بە ئارەزووی خۆی هەڵبژێرێت، و نەخشە ڕەنگاوڕەنگ یان ئەو نەخشانە داوا بکات کە بەرگێکی تەنکی زێڕینیان هەبوو یان نەخشە سادەکان داوا بکات. پاشان ئەتڵەسەکە بەیەکەوە بەسترایەوە. بەم شێوەیە دەکرێت ناونیشانی ئەتڵەسە چاپکراوە سەرەتاییەکان لە ناوەڕۆکدا جیاواز بن.

جۆرەکانی ‌ئەتڵەس

چوار جۆر ئەتڵەس هەیە کە هەر یەکەیان بە مەبەستێکی تایبەت بەکاردێن.

  1. ئەتڵەسی گەشتیاری: بە مەبەستی ئاسان بەکارهێنان لە کاتی گەشتکردن دروستکراوە، و زۆرجار وایەرێکی پێچاوپێچی بەردەوام بە کونەکانی یەک لای پەرتووکەدا تێدەپەڕێت بۆیە لەوانەیە تەخت بێت (بۆ نموونە ئەتڵەسی بەناوبانگی A–Z ی کۆمپانیای نەخشەی A-Zی جوگرافیزانان). نەخشەکانی ئەم ئەتڵەسە گەورەکراون بۆیە دەتوانرێت بەئاسانی پێداچوونەوە بە نەخشەکاندا بکرێت. هەروەها ڕەنگە ئەتڵەسی گەشتیاری بە نەخشەی ڕێگا ناوببرێت.
  2. دێسک ئەتڵەس: هاوشێوەی پەرتووکی سەرچاوە دروست دەکرێت. لەوانەیە بە شێوەی پەرتووکی بەرگ ڕەق یان بە شێوەی پەرتووکی بەرگ نەرم بێت.
  3. لە کۆمەڵەی خۆریشدا ئەتڵەسی هەسارەکانی تر و مانگە دەستکردەکان هەن.
  4. ئەتڵەسی توێکاریزانیش هەیە، کە نەخشەی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ یان زیندەوەرانی تر پیشان دەدات.


سەرچاوەکان

34 بینین