محەمەدوو ویلد سەڵاحی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-16-14:49:00 - کۆدی بابەت: 9035
محەمەدوو ویلد سەڵاحی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەمەدوو ویلد سەڵاحی (بە ئینگلیزی: Mohamedou Ould El-Salahi) ئەندازیارێکی پەیوەندیی مۆریتانییە، لە ٣١ی کانوونی دووەمی ١٩٧٠ لەدایکبووە و لە ساڵی ٢٠٠٢ـەوە لە بنکەی سەربازی گوانتانامۆ تاوەکوو مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ زیندانی بووە. بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە قاعیدە لە کاتی دەستگیرکردنی لە تشرینی دووەمی ٢٠٠١دا، محەمەدوو لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە بەپێی مۆڵەتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی تیرۆریستان دەستگیرکرا.

دەسەڵاتدارانی مۆریتانیا لە تشرینی دووەمی ٢٠٠١دا محەمەدوویان دەستبەسەر کرد و دواتر دوای لێپرسینەوە ڕادەستی ئوردنیان کرد، لەوێشەوە دوای هەشت مانگ لێپرسینەوە بۆ بنکەی سەربازی باگرام لە ئەفغانستان و لەوێشەوە بۆ کەنداوی گوانتانامۆ گواسترایەوە. کەسوکاری محەمەدوو ویلد ئەلسەڵاحی تا چەند مانگێک دوای گواستنەوەی لە مۆریتانیا ئاگادار نەبوون، تاوەکوو ئەوەی براکەی لە ئەڵمانیا، چیرۆکێکی لە ڕۆژنامەی "سپیگێل"ـی ئەڵمانی خوێندەوە سەبارەت بە گواستنەوەی محەمەدوو بۆ گوانتانامۆ.

ژیان

محەمەد ویلد سەڵاحی لە ئەڵمانیا ئەندازیاریی پەیوەندییەکانی خوێندووە، لە ساڵی ١٩٩٠ دەڕواتە ئەفغانستان بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژی ڕووسەکان، بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا و لەوێ خوێندنی تەواو کردووە. حکوومەتی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە محەمەدوو لە کاتی دەستگیرکردنیدا سەر بە قاعیدە بووە؛ بەڵام ناوبراو ئەمەی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە دوای دوا گەشتی دوو مانگەی بۆ ئەفغانستان هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە پچڕاندووە.

لیژنەی تایبەت بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی دەستگیرکراوەکانی گوانتانامۆ لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٦ گوێی لە محەمەدوو گرت، و لە ١٦ی تەممووز دوای ١٤ ساڵ لە دەستبەسەرکردن بەبێ تۆمەت پێشنیاری ئازادکردنی کرد. دوای پێشنیارکردنی ئازادکردنی، کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤی مۆریتانیا داوایان لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کرد هەوڵەکانیان دوو هێندە بکەن بۆ خێراکردنی ڕێکارەکانی ڕادەستکردنەوەی ویلد سەڵاحی؛ بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆرتر لە دەستبەسەردا نەمێنێتەوە. 

دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا ڕاسپاردەیان بۆ ئازادکردنەکەی پەسەند کرد و لە حەڤدەی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦دا محەمەدوویان ئازاد کرد، هەمان ڕۆژ گەیشتە نواکشۆتی پایتەختی مۆریتانیا.

بیرەوەرییەکانی گوانتانامۆ

دۆسیەی محەمەدوو ویلد سەڵاحی دوای ئەوەی بە یارمەتی پارێزەرەکەی کتێبێکی بەناوی "بیرەوەرییەکانی گوانتانامۆ" بڵاوکردەوە، ناوبانگی دەرکرد. ئەم كتێبە دوای بڵاوكردنەوەی لە پلەی یەكەمی لیستی پڕفرۆشترین كتێبەكانی ئەمریكادا بوو. ئەو كتێبە كە پێش ئەوەی ڕێگە بدرێت بڵاوبكرێتەوە، زۆرێك لە وشەكانی لەلایەن بەرپرسانی ئاسایشەوە سڕدراونەتەوە، باس لە چیرۆكی دەستبەسەركردنی محەمەدوو و ئەو ئەشكەنجانە دەکات کە تووشی بووە لە زیندانی گوانتانامۆدا. 

لە ١٩ـی شوباتی ٢٠٢١، فیلمی ئەمریکی-مۆریتانی کە لەسەر بنەمای کتێبەکە بوو، نمایشکرا و ڕۆڵەکەی لەلایەن ئەکتەری فەڕەنسی تاهر ڕەحیمەوە بەرجەستە کرا.

زیندان

لە گوانتانامۆ، سەڵاحی ناسنامەی دەستگیرکراوی ژمارە ٧٦٠ـی پێدرا و سەرەتا لە کەمپی دەلتا ڕاگیرا. بەرپرسانی سەر بە CSIS لە شوباتی ٢٠٠٣ چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سەڵاحی ئەنجامدا، ئەو لەنێو ١٤ پیاودا بوو کە وەک دەستگیرکراوی بەنرخ پۆلێنکرابوون، دۆناڵد ڕامسفێڵد وەزیری بەرگریی ئەوکاتی ئەمریکا ڕێگەی بە بەکارهێنانی ئەو ئەشکەنجانە دا کە پێیان دەگوترا شێوازی لێکۆڵینەوەی بەرزکراوە لە دژی محەمەدوو. تا مانگی یەکی ساڵی ٢٠٠٣، لێکۆڵەرە سەربازییەکانی ئەمریکا فشاریان خستە سەر بۆ ئەوەی سەڵاحی بکەنە دووەم "پڕۆژەی تایبەت"ـی خۆیان، پلانێکی لێکۆڵینەوەیان داڕشت وەک ئەوەی کە دژی محەمەد قەحتانی بەکارهات. بەڵگەنامە نهێنییەکان دەریدەخەن کە سەڵاحی لە نزیک کۆتایی مانگی ئایاردا گواستراوەتەوە بۆ خانەیەکی دابڕان و لەگەڵیدا لێکۆڵینەوەی سووکایەتیپێکردن دەستی پێکردووە. وەک تووشکردنی بە سەرما و ژاوەژاوێکی زۆر، بێخەویی درێژخایەن، وەستاندنی زۆرەملێ بۆ ماوەی زۆر، هەڵواسینی بە پێچەوانەوە بۆ ماوەی زۆر، خواردنی پیسایی، هەڕەشە لە خێزانەکەی، دەستدرێژی سێکسی.


سەرچاوەکان



368 بینین