خەڵەفان

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-06-17-00:00:00 - کۆدی بابەت: 9052
خەڵەفان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا


خەڵەفان (بە ئینگلیزی: Dementia) دەستەواژەیەکی گشتگیرە بۆ وەسفکردنی کۆمەڵێک نیشانە کە بەتوندی کار لە یادەوەری، بیرکردنەوە، ڕەفتار و توانا کۆمەڵایەتییەکانی تاک دەکەن بەڕادەیەک کە ژیانی ڕۆژانەی پەک دەخەن. خەڵەفان نەخۆشییەکی دیاریکراو نییە بەڵکوو کۆمەڵە نەخۆشییەک دەگرێتەوە کە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی توانای مێشک. بەپێی خەمڵاندنەکان ٪٥٠ی کەسانی سەروو تەمەن ٨٥ ساڵی تووشبووی خەڵەفانن. ئەو چارەسەرانەی کە ئێستا بەردەستن تەنیا یارمەتیی هێواشکردنەوەی کەمبوونەوەی توانای مێشک دەدەن.

هەرچەندە خەڵەفان بە شێوەیەکی گشتی دەبێتە هۆی لەدەستدانی یادەوەری، بەڵام لەدەستدانی یادەوەری خۆی هۆکاری جیاوازی هەیە. لەدەستدانی یادەوەری بەتەنیا واتای ئەوە ناگەیەنێت کەسێک تووشی خەڵەفان بووە، بەڵام زۆرجار دەکرێت نیشانەیەکی سەرەتاییی تووشبوون بە خەڵەفان بێت، هەروەها هەندێک گۆڕان لە یادەوەریدا شتێکی ئاساییە کە بەهۆی چوونە تەمەنەوە ڕوودەدەن، چونکە لەگەڵ زیادبوونی تەمەن دەمارەخانەکانی مێشک ئاسایییانە دەمرن و ئەم جۆرەی لەبیرچوونەوەش کێشەیەک نییە کە ژیانی ڕۆژانەی تاک پەک بخات. خەڵەفان کار لە ژیانی ڕۆژانەی تاک دەکات و پەکی دەخات، خەڵەفان بە واتای ئەوە نایەت کە لەبیری بکەیت کلیلەکەت لەکوێ داناوە بەڵکوو بە واتای ئەوە دێت کە لەبیری بکەیت کلیل بۆچی بەکار دێت، چونکە لە خەڵەفاندا توانای مێشک بەتەواوی کەمدەبێتەوە و ئەمەش بەشێک نییە لە پیربوونی ئاسایییانەی مێشک. لە کۆتا قۆناغەکانی خەڵەفاندا کەسەکە هیچ شتێکی بیر نامێنێت، ناتوانێت هیچ کارێکی خۆی ئەنجام بدات و پێویستی بە یارمەتی و چاودێری بەردەوام دەبێت.

 نەخۆشیی ئەلزەهایمەر باوترین هۆکاری خەڵەفانی پەرەسەندووە لە پێگەیشتووانی بەتەمەن، بەڵام زۆر هۆکاری تری خەڵەفان بوونیان هەیە، هەروەها بەپێی هۆکارەکە هەندێک لە نیشانەکانی خەڵەفان دەکرێت پێچەوانە بکرێنەوە و نەمێنن. شایەنی باسە کە خەڵەفان و نەخۆشیی ئەلزەهایمەر یەک شت نین، دەکرێت کەسێک لە کۆتا قۆناغی ئەلزەهایمەردا تووشی خەڵەفان ببێت، هەروەها خەڵەفان جیاوازی هەیە لەگەڵ وڕێنەش، نیشانەکانی وڕێنە تاڕادەیەک هاوشێوەی خەڵەفانن بەڵام زۆر خێرا ڕوودەدەن و دەردەکەون بەپێچەوانەی خەڵەفان کە چەندان ساڵ دەخایەنێت.

بەربڵاوی 

لە سەرتاسەری جیهاندا، نزیکەی ٥٥ ملیۆن کەس خەڵەفانیان هەیە کە نزیکەی ٪٦٠ـیان لە وڵاتانی کەمدەرامەت و مامناوەندن، هەروەها بەپێی خەمڵاندنەکانیش پێشبنی دەکرێت کە بۆ ساڵی ٢٠٣٠ ئەم ڕێژەیە بگاتە ٧٨ ملیۆن و بۆ ساڵی ٢٠٥٠ـش بگاتە ١٣٩ ملیۆن تووشبوو.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی پێنج ملیۆن تووشبووی ئەلزەهایمەر و خەڵەفانی ئەلزەهایمەر هەن و پێشبینی دەکرێت ڕێژەکە بۆ ساڵی ٢٠٥٠ بگاتە ١٤ ملیۆن تووشبوو. ئەلزەهایمەر کە باوترین هۆکاری خەڵەفانە، شەشەم هۆکاری مردنە لە ئەمریکادا.

نیشانەکان

نیشانەکانی خەڵەفان بەپێی هۆکارەکەی دەگۆڕێن، بەڵام نیشانە و هێما هاوبەشەکان بریتین لە:


گۆڕانی هزری

  • لەدەستدانی یادەوەری کە زۆرجار لەلایەن کەسێکی ترەوە تێبینی دەکرێت، وەکوو لەبیرکردنی ڕووداو و زانیارییە نوێیەکان.
  • زەحمەتی لە قسەکردن و پەیوەندیکردن لەگەڵ دەوروبەر، دووبارەکردنەوەی هەمان قسە و پرسیار لەماوەیەکی زۆر کورتدا.
  • زەحمەتی لە کردنی ئەو کارانەی پێویستیان بە بینین هەیە لە شوێنی کراوەدا، بۆ نموونە ونبوون لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا.
  • زەحمەتی لە بیرکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەدا.
  • زەحمەتی لە بەجێگەیاندنی ئەرکە ئاڵۆزەکان، وەکوو ددانشوشتن، گرتنەوەی قاوە.
  • زەحمەتی لە پلاندان و ڕێکخستن.
  • زەحمەتی لە جووڵە و ڕێکخستنی کەلوپەلدا، وەکوو دانانی شتەکان لە شوێنی هەڵە.
  • شڵەژان و سەرلێشێوان لەبارەی کات و شوێن، وەکوو نەزانینی وەرز، مانگ و ساڵ. 

گۆڕانی دەروونی

هۆکار 

خەڵەفان بەهۆی زیانپێگەیشتن و لەناوچوونی دەرمارەخانەکان یان نەمانی پەیوەستیی نێوان دەرمارەخانەکان لە مێشکدا ڕوودەدات، بەپێی ئەو شوێنەی مێشک کە زیانی پێ دەگات خەڵەفانەکە دەکرێت بەشێوازی جیاواز کار لە کەسانی تووشبوو بکات و نیشانەی جیاواز دروست بکات. خەڵەفان دەست پێ دەکات کاتێک ئەو بەشانەی مێشک کە بەرپرسن لە فێربوون، یادەوەری، بڕیاردان و زمان بەهۆی نەخۆشییەکەوە یانیش تووشبوونێکی میکرۆبییەوە زیانیان پێ دەگات. خەڵەفان دەکرێت بەهۆی نەگەیشتنی خوێن بە مێشک و کەمیی ئۆکسجین و ماددەی خۆراکیی پێویستیش ڕووبدات، چونکە ئەمانەش دەبنە هۆی مردنی خانەکانی مێشک. 

خەڵەفان هۆکاری زۆری هەیە کە باوترینیان ئەلزەهایمەرە و بەپێی هۆکارەکانیش جۆرە جیاوازەکانی خەڵەفان دیاری دەکرێن وەکوو خەڵەفانی ئەلزەهایمەر، خەڵەفانی تەنی لووی، خەڵەفانی هەنتینتن و خەڵەفانی پارکینسن و ...هتد کە هەر جۆرێک بە شێوەیەک کاردەکاتە سەر لەناوچوونی دەمارەخانەکانی مێشک لە بەشە جیاوازەکانی مێشکدا، بۆ نموونە لە نەخۆشیی ئەلزەهایمەردا بەرزبوونەوەی ئاستی پڕۆتینێکی دیاریکراو لە مێشکدا دەبێتە هۆی ئەوەی دەمارەخانەکان نەتوانن بە تەندروستی بمێننەوە و پەیوەندییان لەگەڵ یەکدا هەبێت. ئەو بەشەی مێشک کە پێی دەوترێت (Hippocampus) ناوەندی فێربوون و یادەوەرییە لە مێشکدا و زۆربەی جاریش دەمارەخانەکانی ئەو بەشە یەکەمجار زیانیان پێ دەگات، هەر بۆیەش زۆرجار یەکەمین نیشانەی ئەلزەهایمەر، لەدەستدانی یادەوەرییە. 

لە کاتێکدا کە زۆربەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە مێشکدا ڕوودەدەن و دەبنە هۆی خەڵەفان، گۆڕانی هەمیشەیین و بەتێپەڕبوونی کاتیش خراپتر دەبن، بەڵام بیرکردنەوە و کێشەکانی یادەوەری کە بەهۆی هەندێک لە نەخۆشییەکانی ترەوە دروست دەبن دەکرێت پێچەوانە بکرێنەوە و باش ببن بە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان کە بریتین لە:

  • خەمۆکی
  • کاریگەریی لاوەکیی دەرمان
  • کەمیی ڤیتامینەکان
  •  زۆر بەکارهێنانی کحول
  • کێشەکانی سایرۆیدەڕژێن

جۆرەکانی خەڵەفان

خەڵەفان بەپێی هۆکارەکانی دابەش دەبێت بۆ سێ کۆمەڵە:

  • خەڵەفانی سەرەتایی: ئەو نەخۆشییانە دەگرێتەوە کە خەڵەفان تێیاندا نەخۆشیی سەرەکییە.
  • خەڵەفانی دووەمی: ئەو خەڵەفانەیە کە بەهۆی نەخۆشییەکی ترەوە دروست دەبێت.
  • نیشانە هاوشێوەکانی خەڵەفان کە پێچەوانە دەبنەوە کە بە هۆی نەخۆشیی ترەوە دروست دەبن.

خەڵەفانی سەرەتایی

جۆرەکانی خەڵەفانی سەرەتایی بریتین لە:

نەخۆشیی ئەلزەهایمەر (Alzheimer's disease): ئەلزەهایمەر باوترین جۆری خەڵەفانە کە حاڵەتێکی پەرەسەندووە و لە کۆتا قۆناغیدا کەسەکە تووشی خەڵەفان دەبێت، لەم نەخۆشییەدا دوو جۆری نائاساییی پڕۆتین لە مێشکدا دروست دەبن کە بریتین لە پڕۆتینەکانی تاو و ئەمیلۆید، ئەم پڕۆتینانە پەیوەستی و پەیوەندیی نێوان دەمارەخانەکان لە مێشکدا ناهێڵن و دەمارەخانەکان دەمرن، سەرەتا لە یەک بەشدا ڕوودەدات دواتر دەمارەخانەی بەشەکانی تریش دەمرن، نیشانەکانی ئەم خەڵەفانە بریتین لە لەدەستدانی یادەوەریی کورتخایەن، شڵەژان و گۆڕانی کەسایەتی و ڕەفتار. بیرهاتنەوەی ڕووداوە دوورەکان، کێشە لە قسەکردن و ڕۆشتنیش لە قۆناغەکانی کۆتایی نەخۆشییەکەدا ڕوودەدەن. نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بە گشتی تووشی کەسانی بەتەمەن دەبێت و بەپێی خەمڵاندنەکان ٪١٠ی کەسانی سەروو تەمەن ٦٥ ساڵی و ٪٥٠ی کەسانی سەروو تەمەن ٨٥ تووشبووی ئەلزەهایمەرن.

خەڵەفانی لوولەیی (Vascular dementia): ئەمەیان دووەم باوترین جۆری خەڵەفانە، بەهۆی حاڵەتەکانی وەکوو جەڵتەی مێشک یان  ڕەقبوونی خوێنبەرەکان کە دەبێتە هۆی گیران و  زیانگەیاندن بە لوولەخوێنەکانی مێشک. نیشانەکانی بریتین لە کێشەی یادەوەری، شڵەژان، کێشە لە سەرنجدان و بەجێگەیاندنی ئەرکەکان. کەمبوونەوەی توانای مێشک دەکرێت لەناکاو ڕووبدات (لەدوای جەڵتەیەکی سەرەکیی مێشک) یانیش هەنگاو بە هەنگاو ڕووبدات (لەدوای ڕوودانی چەند جەڵتەیەکی بچووکی مێشک). هۆکارە جێی مەترسییەکانی ئەم حاڵەتە بریتین لە بەرزی پەستانی خوێن، شەکرە و بەرزی ئاستی کۆلیستڕۆڵ. نزیکەی ٪١٥ بۆ ٪٢٥ی تووشبووانی خەڵەفان، لە جۆری خەڵەفانی لوولەیین.

خەڵەفانی تەنی لووی (Lewy body dementia): ئەم حاڵەتە بریتییە لە تۆپەڵبوونی پڕۆتینێک بەناوی تەنی لووی لە دەمارەخانەکانی مێشکدا و تەنەکانی لووی دەمارەخانەکانی مێشک لەناو دەبەن. نیشانەکانی بریتین لە کێشەی جووڵە و هاوسەنگی، گۆڕان لە شێوازی خەو، لەدەستدانی یادەوەری، زەحمەتی لە پلاندانان و چارەسەرکردنی کێشەکان و هەلوەسەی بینین و وەهم. نزیکەی ٪٥ بۆ ٪١٠ی تووشبووانی خەڵەفان، لەجۆی خەڵەفانی تەنی لوویین.

خەڵەفانی ناوچاوان و لاجانگی (Frontotemporal dementia (FTD)): ئەم خەڵەفانە بەهۆی زیانگەیشتن بە ناوچاوانە پل و لاجانگە پلی مێشک دروست دەبێت بەهۆی کۆبوونەوەی پڕۆتینی نائاسایی لەم بەشانەی مێشکدا. ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی گۆڕان لە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕانی کەسایەتی و گۆڕان لە جووڵە و ڕێکخستدا لەگەڵ لەدەستدانی توانای زمان (قسەکردن، تێگەیشتن و لەبیرکردنی مانای وشە باوەکان). FTD هۆکارێکی باوی خەڵەفانی زوو یان پێشوەختەیە و زۆرجار لە کەسانی تەمەن ٤٥ بۆ ٦٥ ساڵاندا ڕوودەدات. نزیکەی ٪٦ی تووشبووانی خەڵەفان لە جۆری خەڵەفانی FTDـن.

خەڵەفانی تێکەڵ (Mixed dementia): ئەمەیان ڕوودانی دوو جۆر یان زیاتری خەڵەفانە بەیەکەوە، باوترین یەکگرتنیش نەخۆشیی ئەلزەهایمەر و خەڵەفانی لوولەیییە، زیاتر لە کەسانی سەروو تەمەن ٨٠ ساڵیدا باوە، زۆرجار دەستنیشانکردنی زەحمەتە چونکە نیشانەکان پێکدادەچن. کەمبوونەوەی توانای مێشک لە کەسانی تووشبوو بە خەڵەفانی تێکەڵ زۆر خێراترە لەو کەسانەی تەنیا تووشی یەک جۆری خەڵەفان دەبن.

خەڵەفانی دووەمی

هۆکارەکانی تری خەڵەفان بریتین لە:

نەخۆشیی هەنتینتن (Huntington's disease): ئەم نەخۆشییەی مێشک بەهۆی تاکە بۆهێڵێکی ناتەواوەوە دروست دەبێت، نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی دەمارەخانەکانی مێشک، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشە لە کۆنتڕۆڵکردنی جووڵەی جەستە، کێشە لە بیرکردنەوە، بیرکەوتنەوە و بڕیاردان لەگەڵ گۆڕانی کەسایەتی.

نەخۆشیی پارکینسن (Parkinson's disease): زۆر کەس لە کۆتا قۆناغەکانی نەخۆشیی پارکینسن تووشی خەڵەفان دەبن، نیشانەکان بریتین لە کێشە لە بیرکردنەوە و یادەوەری، هەلوەسە و وەهم، خەمۆکی و کێشە لە قسەکردن.

نەخۆشیی کروتزفێڵد یاکۆب (Creutzfeldt-Jakob disease): ئەم نەخۆشییە زۆر دەگمەنەو لە یەک ملیۆن کەسدا تووشی یەک کەس دەبێت، هۆکاری نەخۆشییەکە بریتییە لە تۆپەڵبوونی پڕۆتینێکی نائاسایی لە مێشک کە پێی دەوترێت پریۆن و دەمارەخانەکانی مێشک لەنێو دەبات. نیشانەکان بریتین لە کێشە لە یادەوەری، بیرکردنەوە، پەیوەندیکردن، پلاندانان و بڕیاردان، شڵەژان، گۆڕانی ڕەفتار، هەژین و خەمۆکی.

کۆنیشانەی ڤێرنیکا کۆرساکاف (wernicke korsakoff syndrome): ئەم نەخۆشییەی مێشک بەهۆی کەمبوونەوەی توندی ڤیتامین B1 دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون لەو بەشانەی مێشک کە پەیوەندییان بە یادەوەرییەوە هەیە. بەزۆری بەهۆی خواردنەوەی کحول ڕوودەدات بەڵام دەکرێت بەهۆی بەدخۆراکی و تووشبوونی میکرۆبیی درێژخایەنیشەوە ڕووبدات. نیشانەکان بریتین لە جووتبینی، لەدەستدانی جڵەوی ماسولکەکان، زەحمەتی لە پڕۆسەکردنی زانییارییەکان و فێربوونی شتی نوێ و شت بیرکەوتنەوە.

برینی مێشک بەهۆی زەبرەوە (Traumatic brain injury): بریتییە برینداربوونی مێشک بەهۆی بەرکەوتنی زەبرێکی توند، بەزۆری لە یاریزانانی تۆپی پێ، بۆکسباز، سەرباز و کەسانی تووشبوو بە ڕووداوی هاتوچۆدا ڕوودەدات، نیشانەکانی خەڵەفان کە دوای چەند ساڵێکی زۆر لە ڕووداوەکە دەردەکەون بریتین لە لەدەستدانی یادەوەری، گۆڕانی میزاج و ڕەفتار، سەرئێشە و ناتەواوی لە قسەکردن.

خەڵەفان بە هۆکاری پێچەوانەبووەوە

هەندێک نەخۆشی دەتوانن ببنە هۆکاری نیشانەی هاوشێوەی خەڵەفان کە دەکرێت ئەو نیشانانە بە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە نەمێنن و پێچەوانە بکرێنەوە، ئەم نەخۆشییانە بریتین لە: 

پەستانی ئاساییی شلەی مێشک (NPH): ئەم نەخۆشییە کاتێک ڕوودەدات کە شلەی دڕکەپەتک و مێشک لە بۆشایی مێشکدا کۆدەبێتەوە، ئەمەش زیان بە مێشک دەگەیەنێت، NPH دەکرێت بەهۆی تووشبوونی میکرۆبیی مێشک، برینی مێشک، خوێنبەربوونی مێشک یان نەشتەرکاریی مێشکەوە ڕوو بدات، نیشانەکان بریتین لە نەمانی هاوسەنگی، لەبیرکردن، کێشە لە سەرنجدان، گۆڕانی میزاج، بەربوونەوەی بەردەوام و لەدەستدانی جڵەوی میزڵدان. ئەم حاڵەتە بە دەرهێنانی شلە زیادەکەی ناو مێشک دەکرێت چارەسەر بکرێت. 

کەمیی ڤیتامین: کەمیی ڤیتامین B12 ،B6 ،B1 و ڤیتامین E دەکرێت نیشانەی هاوشێوەی خەڵەفان دروست بکات و بە وەرگرتنیان حاڵەتەکە چارەسەر دەبێت.

تووشبوونی میکرۆبی (Infection): ئەو تووشبوونە میکرۆبییانەی کە نیشانەی هاوشێوەی خەڵەفان دروست دەکەن بریتین لە تووشبوون بە HIV، سیفلیس و نەخۆشی لایم. ئەو نیشانانەی کە بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە تۆمارکراون بریتین لە تەمی مێشک و وڕێنەی کورتخایەن، چونکە کۆڤید ١٩ هەوکردن و مەترسیی جەڵتەی مێشک زیاد دەکات. 

نەخۆشییەکانی کوێرەڕژێنەکان و کێشە مێتابۆلیکییەکان: ئەو حاڵەتانەی نیشانەی هاوشێوەی خەڵەفانیان دەبێت بریتین لە نەخۆشیی ئەدیسۆن، کۆنیشانەی کوشین، دابەزینی ئاستی شەکری خوێن، بەرکەوتن لەگەڵ کانزا قورسەکانی وەکوو ئارسنیک و جیوە، بەرزیی ئاستی کالسیۆمی خوێن، بەڕیشاڵبوونی جگەر و کێشەکانی سایرۆید. 

کاریگەریی لاوەکیی دەرمان: هەندێک دەرمان دەبنە هۆی نیشانەی هاوشێوەی خەڵەفان لە هەندێک کەس کە بریتین لە حەبەکانی خەوتن، دژەدڵەڕاوکێیەکان، دژەخەمۆکییەکان، دژەگەشکەکان، دژەپارکینسنەکان، هێورەکەرەوە نابێنزۆدایەزیپاینەکان، ئازارشکێنە نارکۆتیکییەکان، ستاتینەکان و دەرمانی تریش.

هۆکارە جێی مەترسییەکان

تەمەن: بەهێزترین هۆکاری جێی مەترسییە، هەلی تووشبوون بە خەڵەفان لەگەڵ زیادبوونی تەمەن زیاد دەکات و زۆربەی حاڵەتەکان لە کەسانی سەروو تەمەن ٦٥ ساڵی ڕوودەدەن. 

مێژووی خێزانی: هەبوونی دایک و باوک یان خوشک و برایەک کە تووشبووی خەڵەفان بن هەلی تووشبوون زیاتر دەکات. 

کۆنیشانەی مەنگۆلی: مەنگۆلی ئەگەری تووشبوون بە ئەلزەهایمەری پێشوەختە زیاد دەکات.

خراپیی تەندروستیی دڵ: بەرزیی ئاستی کۆلیستڕۆڵ، بەرزەپەستانی خوێن، ڕەقبوونی خوێنبەرەکان و جگەرەکێشان هاوکات لەگەڵ شەکرە زیان بە لوولەکانی خوێن دەگەیەنن، دەبنە هۆی جەڵتەی مێشک و ئەگەری تووشبوون بە خەڵەفان زیاد دەکەن.

ڕەگەز: ڕەش پێستەکان ئەگەری تووشبوونیان بە خەڵەفان دوو ئەوەندەی سپی پێستەکانە.

برینی مێشک: تووشبوون بە برینی توندی مێشک مەترسیی خەڵەفان زیاد دەکات.

دەستنیشانکردن 

دەستنیشانکردنی خەڵەفان شتێکی زەحمەتە، چونکە زۆر نەخۆشی و حاڵەت دەبنە هۆی خەڵەفان و زۆرێک لە نیشانەکانی خەڵەفانیش هاوشێوەن لەگەڵ نیشانەی هەندێک نەخۆشیی تر. بەگشتی پزیشک ئەم پرسیارانە دەکات:

  • پرسیارکردن لەبارەی ماوەی هەبوونی نیشانەکان.
  • پرسیارکردن لەبارەی مێژووی نەخۆشی.
  • پێداچوونەوە بۆ دەرمانە بەکارهێنراوەکان.
  • پرسیارکردن لەبارەی مێژووی خێزانی بە خەڵەفان و نەخۆشییەکانی تر.

پشکنینەکان

پشکنینی تاقیگەیی

پشکنینەکانی تاقیگە نەخۆشییەکانی تر جیادەکەنەوە و دەکرێت هۆکاری خەڵەفانەکەش دیاری بکەن، وەکوو تووشبوونی میکرۆبی، هەوکردن، کێشەی سایرۆیدی و کەمیی ڤیتامین بەتایبەتیش ڤیتامین B12. هەندێک جاریش پزیشکەکان پشکنینی شلەی دڕکەپەتک دەکەن بۆ دیاریکردنی نەخۆشییە دەماریی و خۆیەبەرگرییەکان.

پشکنینە تیشکییەکان

سی تی سکان و ئێم ئاڕ ئای سکانی مێشک بۆ دڵنیابوونەوە لە هەبوونی جەڵتەی مێشک، خوێنبەربوون، گرێ و شلەی ناو مێشک.

سکانی FDG-PET، ئەمەیان سکانێکی تایبەتی مێشکە کە یاریدەرە لە دیاریکردنی فرمانەکانی مێشک و کەمبوونەوەی توانای هزریی مێشک.

پشکنینی هزریی دەماری

ئەم پشکنینە بۆ هەڵسەنگاندنی توانستی مێشک بەکاردێت لەڕێی تاقیکردنەوەی ئەم توانایانە:

  • چارەسەرکردنی کێشە
  • فێربوون
  • بڕیاردان
  • یادەوەری
  • پلاندانان
  • بیرکردنەوە
  • زمان

هەڵسەنگاندنی دەروونی

هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دەروونیی کەسەکە وەک هەبوونی نیشانەکانی خەمۆکی، گۆڕانی میزاج یان هەر حاڵەتێکی تری دەروونی کە دەکرێت بووبێتە هۆی لەدەستدانی یادەوەری.

لێکەوتەکان

مێشک هەموو فرمانەکانی جەستە کۆنتڕۆڵ دەکات، کاتێک توانا و فرمانەکانی مێشک کەمبدەبنەوە ئەوا تەواوی تەندروستیی کەسەکە لە مەترسیدا دەبێت، لە ئەنجامی هەبوونی خەڵەفان زۆر نەخۆشی تر دەکرێت ڕووبدەن، وەکوو:

  • وشکبوونەوە و بەدخۆراکی
  • برینی پێست 
  • برینداربوون و شکانی ئێسک بەهۆی کەوتنەوە
  • جەڵتەی دڵ
  • پەککەوتنی گورچیلە
  • هەوکردنی سییەکان
  • گەنینی خوێن (بەهۆی تووشبوونی میکرۆبییەوە)

چارەسەر

چارەسەری خەڵەفان لەسەر هۆکارەکەی بەندە، خەڵەفانەکانی نەخۆشییە لەناوبەرە دەمارییەکانی وەکوو ئەلزەهایمەر چاکبوونەوەیان نییە، بەڵام هەندێک دەرمان هەن کە یارمەتیی پاراستنی مێشک دەدەن و نیشانەکانی وەکوو دڵەڕاوکێ و گۆڕانی ڕەفتار باشتر دەکەن، توێژینەوەکان لەسەر پەرەپێدانی دەرمانی نوێ و کاریگەر هێشتا بەردەوامن.

دەرمانەکانی پەسندکراو بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر لەلایەن پزیشکانەوە بەکاردەهێنرێن بۆ ڕێکخستنی خەڵەفانی ئەلزەهایمەر و هەندێک لە خەڵەفانەکانی تر، ئەم دەرمانانە ناتوانن پەرەسەندنی نەخۆشییەکە بوەستێنن یان بنبڕی بکەن، تەنیا دەتوانن پەرەسەندنەکە هێواش بکەنەوە، ئەوانیش بریتین لە:

  • ڕێگرەکانی کۆلینئیستەرەیس، وەکوو گالانتامین، ڕیڤاستیگیمن و دۆنپێزیل
  • دژمنی وەرگری نمدا، وەکوو مێمانتین
  • دژەتەنی دژەئەمایلۆید، وەکوو ئەدوکانوماب

ڕێگریکردن

خەڵەفان ناتوانرێت ڕێگری لێ بکرێت، بەڵام شێوازی ژیانی تەندروست دەتوانێت مەترسیی تووشبوون کەمبکاتەوە، ئەو ستراتیجییانەی مەترسیی تووشبوون کەم دەکەنەوە بریتین لە:

  • وەستان لە جگەرەکێشان
  • پەیڕەوی خواردنی تەندروست
  • ڕاهێنان و وەرزش
  • خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ 
  • خەوی تەندروست 
  • هێشتنەوەی مێشک بەچالاکی
  • چالاکبوونی کۆمەڵایەتی
  • چارەسەرکردنی کێشە تەندروستییەکانی وەکوو کێشەی بیستن
  • وەرگرتنی ڤیتامینە پێویستەکان


سەرچاوەکان



792 بینین