مستریۆ

له‌لایه‌ن: - لاوێن سامان لاوێن سامان - به‌روار: 2022-06-17-21:21:00 - کۆدی بابەت: 9061
مستریۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مستریۆ (بە عەرەبی: میستریو، بە ئینگلیزی: Mysterio) ناوی ڕاستی کوێنتن بێکە، کەسایەتییەکی خەیاڵییە و یەکێکە لە گەورە خراپەکارەکان. لە کتێبە کۆمیکە ئەمریکییەکاندا دەردەکەوێت کە لەلایەن کۆمپانیای کۆمیکی مارڤڵەوە بڵاودەکرێتەوە. دوژمنی سەرەکی هەردوو کەسایەتی پاڵەوان سپایدەرمان و دێردێڤڵە. مستریۆ خاوەنی هیچ توانایەکی سەرووسروشت نییە، بەڵام خەیاڵکەر، ئەکتەر و هونەرمەندێکی وێنەی جووڵاوە، کە دەتوانێت ئەم بەهرانەی بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی تاوان. دامەزرێنەری تیمی تاوانکاری Sinister sixــە.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

بەروار و ساڵی لەدایکبوونی مستریۆ نەزانراوە. لە شاری ڕیڤێرساید لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە دایک و باوکێک بە ناوی ئێلمۆر و هێنریتا بێک لەدایک دەبێت. هەر لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە خۆشەویستی بۆ فیلم و وێنەی جووڵاو هەیە.
هاوڕێی زۆر نزیکی ئامۆزاکەیەتی بە ناوی مەگوایێر بێک. مەگوایێری ئامۆزای هەمیشە پێی دەڵێت کە باوکی کوێنتن کەسێکی دواکەوتوو و دۆڕاوە، بەڵام باوکی مەگوایێر وەک پاڵپشتییەک بۆ برازاکەی، یەکەم کامێرای ڤیدیۆیی وەک دیاری پێشکەش بە کوێنتن دەکات. کوێنتن هەنگاو بە هەنگاو دەستی کرد بە تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە ماڵەکەی خۆیاندا و فێری چۆنییەتی دروستکردنی وێنەی جووڵاو دەبێت. بەڵام باوکی کوێنتن پێی وایە کوڕەکەی کاتی خۆی بەفیڕۆ دەدات، لەبەر ئەم هۆکارە کامێراکەی دەشکێنێت، بەڵام ئەمە کوێنتن ناوەستێنێت لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە خەونەکەی. دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، لە پەیمانگای تەکنەلۆجیای ماسەچوسێست دەست بە خوێندن دەکات. توانی زانیارییە تەکنیکییەکانی پەرە پێبدات کە یارمەتیدا لە پیشەکەیدا بەرەوپێش بچێت. کاتێک گەورە دەبێت، دەبێت بە پسپۆڕێکی لێهاتوو لە وێنەی جووڵاودا. بەڵام کوێنتن بێزار دەبێت لە بەردەوامبوون لەسەر ئەم پیشەیەی، لەبەرئەوەی هیچ کەسێک کارەکانی بەرز نانرخێنێت. بۆ ئەوەی ناوبانگ بەدەست بهێنێت هەوڵیدا ببێت بە ئەکتەر، بەڵام شکستی هێنا.
لە کاتێکدا کە ناوبانگی سپایدەرمان تەواوی ناوچەکەی گرتەوە، بریکارەکەی سپایدەرمان بە ناوی ماکسی شیفمن، کوێنتن بە کرێ دەگرێت بۆ ئەوەی وەک شارەزایەک لە وێنەی جووڵاودا کاریان بۆ بکات لە دەرکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا.
هەرچەندە کوێنتن پێی وایە کە شیفمن کەلوپەل و جوڵەی ساختە بەکار دەهێنێت، بەڵام کۆمپانیای بەرهەمهێن مەترسی ڕاستیان دەوێت لە نمایشەکەدا. کوێنتن ڕازیدەبێت و هۆشیاریان پێدەدات کە بەرپرسە لەهەر ڕووداوێک کە ڕووبدات.
لەکاتی نمایشدا، سپایدەرمان دوادەکەوێت بۆ مەشق کردن، لە ناکاو ئامادەبووان بە هۆکارێک نزیک دەبێت لەوەی کە بریندار ببن و ئازاریان پێبگات، بەڵام سپایدەرمان دێت و ڕزگاریان دەکات. لەم کاتەدا یەکێک لەو کەسانەی لەوێدا کاردەکات، بە گاڵتەوە دەڵێت، کوێنتن دەیەوێت ببێت بە دوژمنی سپایدەرمان، لەبەر ئەم هۆکارەیە هەوڵیداوە بەهۆی وێنە جووڵاوەکانییەوە سپایدەرمان بکوژێت. کوێنتن ئەم قسەیە وەک سەرچاوەیەک وەردەگرێت بۆ بوون بە دوژمنی سپایدەرمان.

کەسایەتی

مستریۆ خاوەن کەسایەتییەکی توند، زیرەک و خۆبەزلزانە.
خۆیشی بەوە دەزانێت کە چەندێک زیرەکە و هەمیشە وتەیەک دەڵێتەوە “ داوای لێبووردن مەکە لەبەر ئەوەی تۆ زیرەکترین کەسیت”.

هاوڕێ و دوژمنەکانی

هاوڕێکانی

 ⁃ ئەلیۆشا کراڤینەف
 ⁃ ئێنا کراڤینەف
 ⁃ کەمیلیەن
 ⁃ دکتۆر ئاکتەپس
 ⁃ ئێلێکترۆ
 ⁃ میستێریا
 ⁃ ماکسی شیفمن
 ⁃ ساندمان

دوژمنەکانی

 ⁃ سپایدەرمان
 ⁃ دێردێڤڵ
 ⁃ ئایرنمان
 ⁃ لەیدی سپایدەر
 ⁃ ۆڵڤرین
 ⁃ نۆڤا
 ⁃ بلاک کات

تواناکانی

سەرەڕای ئەوەی خاوەنی هیچ هێزێکی سەرووسروشتی و نائاسایی نییە، بەڵام بە ڕاهێنانی بەردەوام و زیادکردنی زانیاری زانستی و توانای لێکۆڵینەوە توانیویەتی چەند توانا و بەهرەیەک پەرەپێبدات لە خۆیدا، وەکوو:

 ⁃ هونەرمەندی وێنەی جووڵاو: بەهۆی حەزی زۆری بۆ وێنەی جووڵاو لە تەمەنی منداڵییەوە، بەردەوام بوو لە هەوڵدان و مەشقکردن لە بوارەکەدا.

 ⁃ ئەندازیاری میکانیک: داهێنەر و ئەندازیارێکی زۆر لێهاتوو و زیرەکە و خاوەن زانیاری زۆرە لە بواری ڕۆبۆتیکدا.

 ⁃ کیمیازان: شارەزایی تەواوی هەیە لە کیمیای کارپێکراو.

 ⁃ شارەزایی هەیە لە دانانی پلان و ستراتیجی (تاکتیکزان).

 ⁃ ئەکتەرێکی بە توانایە.

 ⁃ دەروونزانە

 ⁃ خەوێنەری موگناتیسییە

خاڵی لاوازی

 ⁃ لەڕووی دەروونییەوە ناجێگیرە
 ⁃ هێزی سەرووسروشتی نییە

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی مستریۆ تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلمی سینەمایی، وەک:

 ⁃ فیلمی Spider-Man: Far From Home (2019)
 ⁃ فیلمی Spider-Man: No Way Home (2021)
   
کە ئەکتەری سینەمایی جەیک جێلنهاڵ ڕۆڵی مستریۆی تیایاندا گێڕاوە.


سەرچاوەکان



560 بینین