سیڕەمی ڤیتامین C

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-06-18-20:56:00 - کۆدی بابەت: 9073
سیڕەمی ڤیتامین C

ناوه‌ڕۆك

سیڕەمی ڤیتامین C چییە؟

سیڕەمی ڤیتامین (سی) وەک یەکێک لە بەرهەمەکانی دژە پیری لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت و کلیلی مانەوەی پێستە بە ڕەونەقداری و نەرمی و درەوشاوەیی، ئەگەر تۆ کەسێک بیت کە گرنگی بە پێستی ڕووخسارت بدەیت ئەوا بێگومان گوێبیستی سوود و گرنگییەکانی سیڕەمی ڤیتامین (سی) بوویت، هەرچەندە لەوانەیە لەڕێگەی ئەو خۆراک و خواردنەوانەی کە لە سیستمی خۆراکیدا بەکاریان دەهێنیت، جەستە بتوانێت (ڤیتامین سی) وەربگریت، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری بخاتە سەر پێستی ڕووخسار، بەکارهێنانی سیڕەم و بەرهەمەکانی تری ڕووخسار خێراترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە سوودەکانی (ڤیتامین سی).

سوودەکانی سیڕەمی ڤیتامین C

• یارمەتی پاراستنی پێست دەدات لە تیشکی خۆر:
دژە ئۆکسانەکان لە (ڤیتامین سی) دەتوانن یارمەتی پاراستنی پێست بدەن لە بەرامبەر ئەو زیانانەی کە بەهۆی تیشکە زیانبەخشەکانی خۆرەوە بەر پێست دەکەوێت، ئەمە بەو واتایە نایەت کە لە شوێنی دژە خۆر هەمیشە سوود لە سیڕەمی (ڤیتامین سی) وەربگیرێت، چونکە ئەم سیڕەمانە شوێنی دژە خۆر ناگرنەوە، بەڵام دەتوانن یارمەتیدەربن لە کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی تیشکی خۆرەوە بەر پێست دەکەون. 

• یارمەتی کاڵبوونەوەی خاڵە ڕەشەکان دەدات: سیڕەمی (ڤیتامین سی) یارمەتی کاڵبوونەوە و نەمانی خاڵە ڕەش و پەڵەکانی سەر پێست دەدات کە لە ئەنجانی هەبوونی بڕێکی زۆر ماددەی میلانین لە ناوچەیەکی دیاریکراوی سەر پێست دروستدەبێت، لە لێکۆڵینەوەیەکدا بۆ ماوەی ١٦ هەفتە سیڕەمی (ڤیتامین سی) بەکارهێنرا بۆ ئەو ناوچانەی کە پەڵەو خاڵی ڕەشی تێدایە، پاشان دەرکەوت کە سیڕەمەکە بووەتە هۆی نەمان و کەمبوونەوەی ڕەشی و پەڵەکان بە شێوەیەکی بەرچاو.

• یارمەتی کەمکردنەوەی چرچی پێست دەدات: (ڤیتامین سی) یەکێکە لە بەهێزترین بەرهەمەکانی دژە پیری، هەندێک لە توێژینەوەکان ئەوە نیشاندەدەن کە سیڕەمی (ڤیتامین سی) دەتوانێت دەرکەوتنی چرچی کەم بکاتەوە کاتێک بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ١٢ هەفتە بەکاردەهێندرێت، دەکرێت سیستمێکی خۆراکی بەهێز کە دەوڵەمەندبێت بەم ڤیتامینە بە هەمان شێوە کاریگەری لەسەر نەمانی چرچولۆچی ڕووخسار هەبێت، توێژینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی (ڤیتامین سی) زیاتر دەخۆن چرچییەکی کەمتر لە ڕووخساریاندا هەیە، خواردنی (ڤیتامین سی) تەنها بەند نییە بە میوەکانەوە بەڵکوو لە خۆراکەکانی وەک برۆکلی، بیبەری سوور، و سپێناخیشدا بوونی هەیە.

• یارمەتی بەرزبوونەوەی ئاستی کۆڵاجین دەدات: ئەم پڕۆتینە (کۆڵاجین) بە شێوەیەکی سروشتی لە پێستدا هەیە و یارمەتی پێست دەدات لە شۆڕبوونەوە، لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا جەستە لە بەرهەمهێنانی ئەم پڕۆتینە خاودەبێتەوە، بەڵام بەکارهێنانی (ڤیتامین سی) بۆ سەر پێست هانی گەشەکردن و بەرزبوونەوەی ئاستی کۆڵاجین دەدات، هەروەها یارمەتی پاراستنی ئەو کۆڵاجینە دەدات کە بە شێوەیەکی سروشتی جەستە بەرهەمی دەهێنێت و لە زیان دەیپارێزێت.

• چاکبوونەوە خێراتر دەکات: سیڕەمی (ڤیتامین سی) یاخود ئەو خۆراک و خواردنەوانەی کە (ڤیتامین سی)ــیان تێدایە یەکێکن لە ڕێگا خێراکان کە یارمەتی چاکبوونەوەی برینەکانی سەر پێست دەدەن، ئەمەش لەبەرئەوەی (ڤیتانین سی) هەموو ئەو شوێنانە لەسەر پێست دادەخات کە ئازاریان پێگەشتووە و بوون بە برین، هەروەها (ڤیتامین سی) یارمەتی جەستە دەدات کە کۆڵاجینی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەم جۆرە برینە بەرهەم بهێنێت.

• هەڵبژاردنی بەرهەمێکی بەهێز: هەوڵبدە هەمیشە ئەو سیڕەم و بەرهەمانە هەڵبژێرە کە ڤیتامین سییان بە ڕێژەی لە %١٠ بۆ %٢٠ تێدایە، چونکە ئەگەر لەو ڕێژەیە کەمتربێت ئەوا کاریگەرییەکی بەرچاوی نابێت و ئەگەر لەو ڕێژەیەش زیاتربێت زیان بە پێستەکە دەگەیەنێت.

• پاش خاوێنکردنەوەی ڕووخسار بەکاردەهێندرێت: هەمیشە سیڕەم و بەرهەمەکانی (ڤیتانین سی) پاش خاوێنکردنەوە و شوشتنی ڕووخسار بەکاردەهێندرێن، لەوانەیە لە سەرەتادا کەمێک سووربوونەوە دروستبکات بەڵام کاتێک بەشێوەیەکی بەردەوام بەکارهێندرا ئەوا ئەو دووبارەبوونەوەیەش نامێنێت، هەروەها بۆ ئەوەی تووشی هیچ کێشەیە نەبیت دەتوانیت پێش بەکارهێنان تاقیان بکەیتەوە و بڕێکی کەم لەو سیڕەم و بەرهەمانە لە ناوچەیەکی بچووکی پێستت بدەیت تاکوو بزانیت ئایا گونجاوە یان نا.

بە وریاییەوە هەڵیبگرە

سیڕەمی (ڤیتامین سی) لە شوێنێک هەڵبگرە کە ڕووناکی و هەوای تێدا نەبێت، چونکە هەوا و ڕووناکی دەتوانن پێکهاتەکەی تێکبدەن.


سەرچاوەکان



1399 بینین