ڕێگاکانی کۆتایی هێنان بە بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-06-18-22:57:00 - کۆدی بابەت: 9076
ڕێگاکانی کۆتایی هێنان بە بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نیگەرانی و بەردەوام بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە تەندروستییەکان بەگشتی و نەخۆشییە دەروونییەکان بەتایبەتی، هەر بۆیە پزیشکان چەند ڕێگا و چارەسەرێکیان دیاریکردووە بۆ کۆتایی پێهێنان یان بەلایەنی کەمەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەم بیرکردنەوانە بۆ نموونە وەک (هەڵمژینی هەناسەی قوڵ، نزاکردن، گرنگیدان بە خود و داواکردنی یارمەتی لە کارمەندێکی تەندروستی) دەتوانن یارمەتیدەربن بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارانەی دەبنە هۆی بیرکردنەوەیەکی لەڕادەبەدەر. 

ڕێگاکانی کۆتایی هێنان بە بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر

• خۆت بە شتێکەوە سەرقاڵبکە: کۆتایی بە بیرکردنەوە لەڕادەبەدەرەکەت بهێنە بە ئەنجاندانی ئەو کار و چالاکییانەی کە چێژیان لێوەردەگریت، بۆ نموونە وەک هەوڵدان بۆ فێربوونی دروستکردنی کۆمەڵە خواردنێکی نوێ یان ئەو وەرزشانە ئەنجام بدە کە ئارەزوویان دەکەیت یان دەستبکە بە ئەنجامدانی خووە باشەکانت وەک وێنەکێشان یان ئەنجامدانی کاری خۆبەخشی لە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان.

• هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژە: لەوانەیە ملیۆنان جار گوێت لەمە بووبێت ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ئەم کردارە سوودی هەیە، هەرجارێک کە ئەمە دەکەیت ئەوا بۆ جاری داهاتوو کاتێک خۆت دەبینیتەوە کە توانیوتە واز لە بیرکردنەوەکانت بهێنیت و بەسەریاندا زاڵبیت، هەر بۆیە هەرکات هەستت بەوە کرد کە بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر خەریکە هێرشت بۆ دێنێت ئەوا چاوەکانت دابخە و هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژە.

• تێڕامانی قوڵ: تێڕامانی قوڵ یەکێکی ترە لە ڕێگاکانی کەمکردنەوەی بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر، ئەگەر بە شێوەیەکی تەندروست و بۆ ماوەی پێنج خولەک ئەنجام بدرێت دەبێتە هۆی پاکبوونەوەی مێشک.

• شتێکی باش بۆ کەسێکی تر ئەنجامبدە: هەوڵدان بۆ ئاسانکردنی باری سەرشانی کەسێکی دیکە دەتوانێت یارمەتیت بدات شتەکان لە بەرچاوت ئاسانتربێت، بیر لەو ڕێگایانە بکەرەوە کە دەتوانن خزمەت بکەن بە کەسێک کە بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕێت، هەستکردن بەوەی کە دەتوانیت ڕۆژ و ساتەکانی کەسێکی تر باشتر بکەیت دەبێتە هۆی ئەوەی بیرە نەرێنییەکانت لێ دووربکەوێتەوە، هەروەها شتێکی بەرهەمدارت پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی گرنگی پێبدەیت لە جیاتی ئەو جۆگەلە بێ کۆتاییەی بیرکردنەوەکانت.

• شانازی بە سەرکەوتنەکانتەوە بکە: کاتێک لە ناوەڕاستی بیرکردنەوەدایت، بیرکردنەوەکانت بوەستێنە و یاداشتنامەکەت دەربکە، پاشان پێنج لەو کار و چالاکیانەت بنووسە کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامت داوە و چێژت لێوەرگرتووە و هەست دەکەیت کە ئەنجامدانی ئەو کار و کردەوانە ئاسوودەییت پێدەبەخشن، دەکرێت ئەم کردەوانە شتانی زۆر بچوکیش بن، ئەگەر ئەمە بەسوود بوو دەتوانیت هەر جارێک کە هەستت کرد بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر بێزاریکردوویت ئەنجامی بدەیت.

• گرنگیدان بە خود: مانەوە لەناو هەڵەکانی ڕابردوودا ناهێڵێت لێیان دەربازبیت، هەوڵبدە ئەو شتانەی کە فشارت لەسەر دروستدەکەن لە خۆتیان دووربخەرەوە، ئاگاداری هەندێک لەو گۆڕانکارییە سۆزەکی و جەستەییانەبە کە ڕوودەدەن، دان بەوەدا بنێ لە ئێستادا بۆ تۆ هەستەکانت ڕاستن، هەمیشە ئەو دەستەواژانە بەکاربهێنە کە کاریگەری ئەرێنیت بۆ دروست دەکەن وەک ( من خۆمم وەک خۆم قبوڵە، خۆم بەسم بۆ خۆم).

• باوەش بە ترسەکانتدا بکە: هەندێکجار هەندێک شت روودەدەن کە لەدەرەوەی توانای کۆنترۆڵکردنی تۆوەیە، فێربوون و زانینی ئەوەی کە چۆن ئەم شتانە قبوڵ بکەیت و بەردەوامبیت، یارمەتی کەمکردنەوەی بیرکردنەوە لەڕادەبەدەرەکانت دەدات، هەروەها لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە قبوڵکردنی هەست و بیرکردنەوە نەرێنییەکان و ترسەکان دەبێتە هۆی باشترکردنی لایەنی دەروونی، بەدڵنیاییەوە ئەمە بە وتن ئاسانترە وەک لەوەی جێبەجێی بکەیت، بەڵام بە دوای دەرفەتە بچووکەکاندا بگەڕێ کە بتوانیت ڕووبەڕووی ئەو حاڵەتانە ببیتەوە کە زۆر جار نیگەرانیت لەبارەیانەوە، ئەمە وات لێدەکات هەست بە باشتر بکەیت. 

• داواکردنی یارمەتی: پێویست ناکات ئەو بارودۆخە بە تەنیا تێبپەڕێنیت، گەڕان بەدوای یارمەتیدەرێک لەلایەن چارەسەرکارێکی لێهاتووەوە دەتوانێت یارمەتیت بدات کە ئامرازی نوێ پەرە پێ بدەیت بۆ کارکردن لە ڕێگەی بیرکردنەوەکانتەوە و تەنانەت گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەت.


سەرچاوەکان



753 بینین