تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-20-12:35:00 - کۆدی بابەت: 9091
تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی یان تەڤگەرا ئازادیا ژنێن ئێزدی یان تاژێ (بە کورمانجی: Tevgera Azadiya Jinên Êzidî , TAJÊ) بزوتنەوەیەکی سیاسییە کە لەلایەن ژنانی چالاکوانی سیاسی ئێزیدی دامەزراوە و لە کۆمەڵگای ئێزیدییان لە کوردستان بە تایبەت لە ناوچەی شەنگالدا چالاکی دەکەن. تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوەتەوە.

دەربارەی بزوتنەوەکە

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی زیندووکردنی چاندی ئێزیدیان بە پێشەنگایەتیی ژنانی ئێزیدی وەکوو ئامانجی خۆی ڕاگەیاندووە و ھەوڵ دەدات تا ژنە ئێزیدییەکان ببن بە خاوەنی ئیرادەی خۆیان. جگە لە ژنانی ئێزیدی، ژنانی ئاشووریی مەسیحی و عەرەبی خەڵکی ناوچەی شەنگالیش لە تاژێ بەشدارن. تاژێ لە هەموو هەرێمەکانی شەنگالدا خۆی ڕێکخستوە و لە چاوپێکەوتنە سیاسیی ەکان و ئەو بڕیارە گرنگانەی کە سەبارەت بە شەنگال دەدرێن بەشداری دەکەن، لە ناوچە جیاوازەکانی شەنگالدا خاوەنی ١٠ لقن، ھەروەھا خاوەنی ئەکادیمیای پەروەردەیی و کۆمیتەی ئابووریی ژنانە. سەبیحا سەبری وتەبێژی حیزبی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدییە.

کۆبونەوەکان

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی هەر شەش مانگ جارێک بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامەکانی  کۆبونەوە ئەنجامدەدەن و کارەکانیان هەڵدەسەنگێنێت. یەکەم و دووەم کۆنفرانسی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ بەڕێوەچوو. یەکەمین کۆنگرەی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی لە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو.

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی لە ئەورووپا

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی خاوەنی لقێک لە وڵاتانی ئەورووپایە کە بە ناوی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی-ئەورووپا (تاژێ-ئەورووپا) ناسراوە و ژنانی ئێزیدی لە وڵاتانی جیاجیای ئەورووپا ڕێکخستنەکانیان ئەنجامدەدەن. کۆنگرەی دامەزراندنی تاژێ-ئەورووپا لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٧ لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.


سەرچاوەکان



329 بینین