فاڵکن

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-06-20-19:32:00 - کۆدی بابەت: 9103
فاڵکن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فاڵکن یان هەڵۆ (بە عەرەبی: فالکون، بە ئینگلیزی: The falcon) کەسایەتییەکی خەیاڵی و پاڵەوانێکە لەلایەن کۆمیکەکانی مارڤڵەوە بڵاودەکرێتەوە. کەسایەتی فاڵکۆن لەلایەن جێری ستانڵی و جین کۆڵنەوە دروستکراوە و یەکەم دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦٩ لە کۆمیکی Captain america #117.  فاڵکن ناوی ڕاستەقینەی ساموێڵ(سام) تامس ویڵسنە، یەکەمین پاڵەوانی ئەفریقی-ئەمریکییە لە کۆمیکدا.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

سام ویڵسن لە گەڕەکی هارڵم گەورە بووە. باوکی ناوی پۆڵیە و  پیشەی قەشە بووە، لەوکاتەی سام تەمەنی نۆ ساڵە، باوکی لە هەوڵی ڕاگرتنی شەڕی نێوان دوو دەستەدا دەکوژرێت. چەند ساڵێک دواتر دارڵینی دایکیشی لە هەوڵی پاراستنی منداڵەکانیدا لەلایەن دزێکەوە دەکوژرێت. پاش بینین و گەواهیدانی مردنی دایک و باوکی، سام بیرۆکە و هزرەکانی باوکی پەیڕەو دەکات و هەوڵ بۆ کردنی کاری چاک و دروست دەدات، بە خۆبەخشی کاری دەکرد و بوو بە توێژەری کۆمەڵایەتی. سام بەهرەی توانای پەیوەندی کردن و قسەکردنی لەگەڵ باڵندەدا پەرە پێدا. گەشتە بەردەوامەکانی بە چواردەوری جیهاندا گەیاندی بە هەڵۆیەک بەناوی ڕێدوینگ کە زیاتر وەکوو هاوڕێیەک بوو بۆی وەک لە ئاژەڵێکی ماڵی. ئەوکاتەی لەسەر دوورگەی ئێکزایڵە، ڕێد سکەڵ و دارودەستەکەی لەوێ خۆیان شاردبووەوە، لەدوای شەڕی سەرەتای خۆیان، سام و کاپتن ئەمریکا پێکەوە سکەڵیان بەزاند و فاڵکن بوو بە هاوڕێی کاپتن بۆ ماوەیەکی زۆر. سام توانای پەیوەندی تەلەپاثی هەیە لەگەڵ باڵندەدا، بەتایبەتی ڕێدوینگ. لەگەڵ ئەوەی توانای شەڕکردن و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ڕێدوینگ بەکاردەهێنێت بۆ جەنگان لە دژی خراپەکارەکان، لەگەڵ کاپتن ئەمریکاشدا ڕاهێنانی کردووە و فێری ئەوەی کردووە ببێتە ئامێرێکی شەڕکردنی لێهاتوو. هەروەها دیزاینی جلوبەرگەکەشی بۆ چاککرد بەشێوەیەک باڵی زیادکرد بۆی کە دەتوانێت باڵەکانی بکاتەوە و پێی بفڕێت، دیزاینەکە لەلایەن بڵاک پانثەرەوە کراوە. وەکوو کاپتن ئەمریکا، سامیش شارەزایی لە بەکارهێنانی قەڵغانەکەدا پەیداکرد.

کەسایەتی سام ویڵسن بۆ هەمیشە وەکوو فاڵکن نامێنێتەوە، بەڵکوو بەهۆی ڕووداوێکەوە دەبێت بە کاپتن ئەمریکا. یەکەمین دەرکەوتنیشی وەکوو کاپتن ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ لە کۆمیکی Captain america Vol.7 #25. لەدوای سەرکێشییەکانی کاپتن ستیڤ لە ڕەهەندی Z، فاڵکن کچەکەی ئارنم زۆڵا دەناسێت کە ناوی جێفە و دەکەوێتە پەیوەندییەوە لەگەڵیدا. لەم ماوەیەشدا، لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئایرن نەیڵدا، کاریگەری سیڕەمی سوپەر سۆڵجەرەکە لەسەر کاپتن ئەمریکا  نامێنێت و بە خێرایی پیر دەبێت. فاڵکن لەکاتی هەوڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانێکی ئارنم زۆڵا بۆ تەقاندنەوەی بۆمبێک لە شاری نیویۆرک خەریکبوو ژیانی خۆی بکاتە قوربانی. بەم شێوەیە ستیڤ خۆی پۆشاکی کاپتن ئەمریکای پێ دەبەخشێت، چونکە خۆی بەهۆی حاڵەتەکەیەوە وازی هێنابوو.

کەسایەتی

ساموێڵ کەسێکە باڵندەی خۆشدەوێت. تەنانەت بە منداڵیش ڕووخۆش و کراوە بوو لەگەڵ خەڵکیدا. سەرەڕای لەدەستدان و مردنی دایک و باوکی، ساموێڵ وەکوو توێژەری کۆمەڵایەتی کاردەکات و لە پێناو کۆمەڵگەکەیدا خۆبەخشی دەکات، بەهۆی توانای جڵەوکردنی باڵندەکانەوە ئەو بوێرییەی هەبوو کە ببێت بە (فاڵکن) هەڵۆ.

هاوڕێ و دوژمنەکانی فاڵکن

دۆست و هاوڕێکانی

دوژمنەکانی

ستیڤ ڕۆجەرز ڕێد سکەڵ
بەکی باڕنز سن، بێرن زیمۆ
نتاشا ڕۆمەناف ئارنم زۆڵا
سارا ویڵسن دکتۆر فاستس
جەیمس ڕۆدز

بێرن بڵەد

تواناکانی فاڵکن

١.توانای تەلەپاثی باڵندەیی: ئەم پەیوەندییەی زۆر بەهێزە لەگەڵ ڕێدوینگدا بەڵام دەتوانێت لەگەڵ باڵندەکانی تریشیدا پەیوەندی بکات و لە ڕێگەی چاویانەوە شت ببینێت. هەروەها دەتوانێت باڵندەکان جڵەو بکات و بەبێ بەکارهێنانی توانا مێشکییەکانی دەتوانێت ڕاهێنان بە باڵندەکان بکات.

٢.شارەزایی لە هونەری شەڕکردن و کاراتیدا هەیە

٣.گەیشتووەتە ترۆپکی توانای جەستەیی

٤.دەتوانێت بفڕێت و شارەزایی لە ڕۆشتن بەسەر تەنافدا هەیە

٥.شارەزایی لە شەڕکردن بە قەڵغان هەیە

٦.توانای سەرکردایەتی هەیە

خاڵە لاوازەکانی

مرۆڤبوونی یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی، دەتوانێت بە فیشەک بمرێت وهێزی سەروومرۆیی نییە، هەروەها توانای چاکبوونەوەی نییە. جیا لەوانەش وەکوو فاڵکن بە بێ باڵەکانی بۆ فڕین کێشەی بۆ دروست دەبێت.

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی فاڵکن تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و چەندین ئەکتەری جیاواز جیاواز ڕۆڵەکەیان وەرگرتووە، دیارترینیان بریتین لە:

١. بەمپەر ڕۆبنسن (بە دەنگ)

٢. ئانتنی ماکی

٣. ڵانس ڕێدیک (بە دەنگ)

• دیارترین فیلم و زنجیرەکان:

١.فیلمی Captain america: the winter soldier 2014

٢.فیلمی Captain america: civil war 2016

٣.فیلمی Avengers: infinity war 2018

٤.فیلمی Avengers: endgame 2019

٥.زنجیرەی The falcon and the winter soldier 2021


سەرچاوەکان



214 بینین