سەرنجدان

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-06-20-21:28:00 - کۆدی بابەت: 9105
سەرنجدان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەرنجدان (بە عەرەبی: تركيز، بە ئینگلیزی: concentration) بریتییە لە توانای سەرنجدانی مێشک لەسەر بابەتێک یان ئامانجێک یان بیرکردنەوەیەک و لە هەمان کاتیشدا هەموو بیرکردنەوە و بیرۆکە و هەست و پەیوەندییەکانی تر لە مێشک دوور دەخاتەوە، چالاکییەکانی ڕۆژانە بەهۆی بەکارهێنانی مۆبایل و کۆمپیوتەرەوە دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها بەهۆکاری بەکارهێنانی پڕۆگرامەکانی وەک (واتسئەپ، ئیمەیڵ، تێلیگرام) و پڕۆگرامەکانی تر ڕۆژانە چەندەها نامە و تێبینیمان بەدەست دەگات کە بەشێوەیەک لە شێوەکان گرنگن بۆ بەڕێوبردنی کاروبارەکانی ڕۆژانە، هەروەها بەبەردەوامی بەشوێن زانیاریدا دەگەڕێین بۆ یارمەتیدان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژانەمان یان تەواوکردنی کارەکانمان، بەڵام هەموو ئەمانە لەلایەکی ترەوە کاریگەری نەرێنیان لەسەر بیرگە و یادەوەری مرۆڤ هەیە و وادەکات مرۆڤ زۆر بە ئاسانی شتەکانی لەبیربچێتەوە و نەتوانێت بە شێوەیەکی خێرا زانیارییەکانی بیر بکەوێتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی تاک دروست دەکات. 

ئەو هۆکارانەی کاریگەری دەکەنە سەر کەمکردنەوەی توانای سەرنجدان

لەم ڕۆژگارەدا وادەردەکەوێت کە سەرنجەکانمان کەوتونەتە ژێر هێرشی هەموو لایەنەکانی ژیان، لە ڕاستیدا، هەردوو هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان یان ژینگەییەکان کاریگەرییان لەسەر توانای سەرنجدان هەیە، لێرەدا ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەکرێت کە کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی توانای سەرنجدان هەیە ئەوانیش وەک:

سەرقاڵی

ڕۆژانە مرۆڤ ڕووبەڕووی کۆمەڵە زانیارییەک دەبێتەوە، کە دەکرێت هەندێک لەو زانیاریانە کۆن بن و هەندێکیشیان نوێ بن، توێژینەوەکان ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە هەرچەندە مێشک بۆ ئەم سەرقاڵییانە ئامادە کراوە بەڵام بە زۆر تەماشاکردنی مۆبایلی زیرەک توانای سەرنجدان کەمدەبێتەوە، هەروەها ئێمە بە بەردەوامی ئەوە هەڵدەسەنگێنین کە ئایا تا چ ڕادەیەک ئەو زانیارییانە دروستە یان نا، بۆیە سەرقاڵیمان بۆ بەدواداچوونی زانیارییەکان و بەرکەوتنمان بەو بڕە زۆرەی زانیاری هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان.

خەوی ناڕێک

زاناکان ئەوەیان سەلماندووە کە کەمخەوی دەتوانێت ببێتە هۆی نزمبوونەوەی ئاستی هۆشیاری و پڕۆسەی بیرکردنەوە خاوتر دەکات یان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توانای سەرنجدان، هەروەها ئاستەنگی زیاترت بۆ دروست دەبێت لە کاتی سەرنجدان و دەکرێت تووشی سەرلێشێوانت بکات، لە ئەنجامدا، بەشێوەیەکی تەواو کاریگەری دەکاتە سەر توانای تاک، لەلایەکی ترەوە کەمخەوی بۆ ماوەیەکی درێژ کاریگەری زیاتری لەسەر کەمکردنەوەی توانای سەرنجدان هەیە.

ناڕێکی لە ئەنجامدانی چالاکییە جەستەییەکاندا

چالاکییە جەستەییەکان کاریگەری تەواو لەسەر جەستە بەجێدەهێڵن و یارمەتیدەرن لە هەستکردن بە ئارامی و بەهێزی، هەر بۆیە کاتێک کە کەسێک چالاکییە جەستەییەکان وەک پێویست ئەنجام نادات، ماسولکەکانی لاواز دەبن و دەکرێت هەست بە ئازار و تەسکبوونەوەی مل و شان و سنگ بکات، لە ئەنجامدا هەست بە نائاسوودەییەکی زۆر دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان.

شێوازی خواردن

هەر خواردنێک کە بە درێژایی ڕۆژ دەخورێت دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر ئەوەی کە هەست بە چی دەکەیت، وەک بیر تیژی و باشترکردنی توانای بیرکردنەوە، ئەگەر مرۆڤ تواناکانی مێشکی بەهۆی خۆراکە ماددە تەندروستەکانەوە بەکارنەهێنێت ئەوا مێشک دەست دەکات بە دەرکردنی نیشانەکانی وەک کەمبوونەوەی بیرەوەری، ماندوویەتی و کەمی توانای سەرنجدان، هەروەها ئەو ڕێجیمانەی کە چەوری کەمی تێدا بەکاردێت دەتوانن توانای سەرنجدان تێکبدەن چونکە مێشک پێویستی بە هەندێک ترشە چەوری گرنگ هەیە، دەکرێت ڕێجیمە سنووردارکراوەکانی تریش کاریگەری نەرێنیان لەسەر سەرنجدان هەبێت بەهۆی دابیننەکردنی پێداویستییە خۆراکییەکانی مێشک یان بە دروستکردنی برسێتی و ئارەزووکردنی خواردن یان هەستکردن بە نائاگایی لە جەستەدا، هەر بۆیە پێویستە بزانیت کە چی دەخۆیت و چۆن دەیخۆیت.

ژینگە

ژینگە دەتوانێت کاریگەرییەکی گرنگ بخاتە سەر توانای سەرنجدان ئەویش بە پشتبەستن بەوەی کە چ شتێک ئەنجام دەدەیت، بەگشتی ژینگەیەکی زۆر قەرەباڵغ دەبێتە هۆی تێکدانی سەرنج لەکاتێدا هەندێک کەس بە ژینگەیەکی زۆر بێدەنگ سەرنجیان دەشێوێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی خەڵکی زیاتر بە شوێنێکی قەرەباڵغ سەرنجیان نامێننێت کە ئەوەش بە گوێرەی شوێنەکان دەگۆڕدرێت. 

هەموو ئەم ئامڕازانە دەتوانن کار بکەنە سەر کەمکردنەوەی توانای سەرنجدان، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە، ئەوان هەمویان زانراون و کۆنتڕۆڵکردنیان ئاسانە.

ئەو بارودۆخانەی پەیوەندیدارن بە سەرنجدانەوە

توانای مێشکی

کاتێک وا هەستدەکەیت زۆر بە خێرایی شتەکانت لەبیردەچێتەوە ئەوا تۆ توانای سەرنجدانت کەمبووەتەوە، هەندێک جار بیرکردنەوەکانت شکست دەهێنێت، و قسەکانت بەهەڵە دەکەیت هەروەها زۆر بە قورسی ئەو شتانەت بیردەکەوێتەوە کە چەند خولەکێکی کەمە ڕوویانداوە، ڕێگایەکی تری پەکخستنی تواناکانی مێشک ئەوەیە ئەگەر بزانیت کە مێشکت زۆر چالاکە بە بەردەوامی بیر لە چەندین شت دەکاتەوە بەهۆی نیگەرانی یان بۆنە گرنگەکان، کاتێک بیرکردنەوە و کێشەکان دێنە ناو مێشکتەوە، ئەوا ئەوان داوای سەرنجدان دەکەن، ئەوەش ڕێگردەبێت لە سەرنجدانێکی کاریگەر.

لایەنی دەروونی

کاتێک کە تۆ کەسێکی گۆشەگیریت یان خەمۆکیت هەیە یاخود هەست بە خراپی دەکەیت، ئەمە توانای سەرنجدان کەمدەکاتەوە، هەروەها کاتێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک نیگەرانی و خەمۆکی چاکدەبیتەوە پاش لەدەستدانی کەسێکی خۆشەویستت، دەکرێت سەختبێت بۆت کە بەتەنها سەرنج بخەیتە سەر ئەنجامدانی کارەکەت.

لایەنی پزیشکی

بارودۆخە پزیشکییەکانی وەک نەخۆشی شەکرە و ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکان و کەمی خرۆکە سوورەکانی خوێن بە هەمان شێوە کاریگەرییان لەسەر توانای سەرنجدان هەیە، هەروەها هەندێک دەرمان کە خەواڵو یاخود ماندووکەرن بە شێوەیەکی زۆر خێراتر دەبنە هۆی کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان.

شێوازی ژیان

ماندوویەتی، برسێتی، وشکبوونەوەی جەستە هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ نەمان و کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان، شێوازی ژیان کە لەدەستدانی ژەمێکی زۆر، خواردنە دەوڵەمەندەکان، یان بەکارهێنانی کحول لە ڕادەبەدەر لەخۆ دەگرێت، دەتوانێت ڕووبەڕووی یادەوەری و توانای سەرنجدان ببێتەوە و ببێتە هۆی لەدەستدانیان.


سەرچاوەکان



1040 بینین