هاچی: چیرۆکی سەگێک (٢٠٠٩)

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-21-18:13:00 - کۆدی بابەت: 9113
هاچی: چیرۆکی سەگێک (٢٠٠٩)

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی فیلم

هاچی: چیرۆکی سەگێک (بە ئینگلیزی: Hachi: A dog's Tale) فیلمێکی هاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیایە، لە چەشنی درامی، ژیاننامە، خێزانیە، لە ساڵی ٢٠٠٩ زایینی پەخشکراوە. نواندنکاری سەرەکی فیلمەکە سەگێکە بەناوی هاچی و باس لە ژیانی ئەو دەکات، ڕیچارد گییەر، جۆوان ئاڵن، سارا ڕومەر نواندنیان تێداکردووە و لە دەرهێنانی (لاس هاڵیسترۆم)ـە، کاتی فیلمەکە کاتژمێرێک و ٣١ خولەکە، نمرەی ٨.١ لە دەی وەرگرتووە لە سایتی IMdb تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرەکان. ڕیزبەندی ٢٣٣ـەیەمین فیلمە لەناو ٢٥٠ باشترین فیلمی مێژوودا.
تێچووی فیلمەکە ١٦ ملیۆن دۆلارە و داهاتەکەی زیاتر بووە لە ٤٦ ملیۆن دۆلار.

چیرۆکەکەی

فیلمەکە لە چیرۆکێکی ڕاستییەوە وەرگیراوە، کە لە ساڵی ١٩٢٣ ڕوویداوە، باس لە هاوڕێیەتی و هۆگربوونی نێوان سەگێک و پڕۆفیسۆرێک دەکات. لە شەوێکی ساردی زستاندا پڕۆفیسۆرێک کە وەک مامۆستای زانکۆ کاردەکات، لە ڕێگەی چوونەوە بۆ ماڵەوە سەگێک دێتە بەردەمی و ناچار دەبێت بیباتەوە، بە تێپەڕبوونی کات هۆگری یەک دەبن و پێکەوە دەبن.

چیرۆکی ڕاستیی هاچیکۆ (سپۆیڵ)

چیرۆکەکە لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٢٠ لە وڵاتی ژاپۆن ڕوویداوە، پڕۆفیسۆرێک بەناوی (هاید سابیرۆ ئۆینۆ) کە مامۆستای زانکۆ بوو لە شیبوبا لە تۆکیۆ، سەگێکی هەبوو کە زۆر هۆگری بوو، سەگەکە ناوی هاچیکۆ بوو کە لە جۆری (ئەکیتا) بوو کە یەکەم جۆری خێزانی سەگە هاوڕێیەتی لەگەڵ مرۆڤدا دروست کردبێت، لە ڕەگەزی نێر بوو لە ساڵی ١٩٢٣ لەدایکبووە، کێشەکەی ٤١ کیلۆگرام بوو و بەرزییەکەی ٦٣ سانتیمەتر بوو. هەموو بەیانییەک پڕۆفیسۆرەکە بۆ وانە وتنەوە دەچووە وێستگەی شەمەندەفەری شیوبیا و لەوێوە سواری شەمەندەفەر دەبوو و دەچووە سەرکار، پاشان لە کاتژمێر سێی ئێوارەدا بەهەمان شەمەندەفەر دەگەڕایەوە، هاچیکۆ هەموو ڕۆژێک چەند خولەکێک پێش گەڕانەوەی دەهاتە ئەوێ و چاوەڕێی دەکرد. تاکوو ڕۆژێک لە ساڵی ١٩٢٥ پڕۆفیسۆر لە کاتی وانە وتنەوەدا تووشی جەڵتەی مێشک دەبێت و دەمرێت.

ژیانی هاچیکۆ دوای مردنی پڕۆفیسۆر

هاچیکۆ بێ‌ئاگا لەو ڕووداوەی کە بەسەر خاوەنەکەیدا هاتووە وەک ڕۆژانی پێشوو، هەموو ڕۆژێک کاتژمێر سێ لە وێستگەی شەمەندەفەرەکەدا چاوەڕێی هاتنەوەی پڕۆفیسۆری دەکرد. کەسانی ئەو وێستگەیە وردە وردە هاچیکۆیان ناسی و دەیانلاواندەوە و خواردنیان پێ دەدا، هاچیکۆ بوبووە جێی سەرنجی هەموو کەسانی ئەو دەوروبەرە.
ڕۆژێک ڕۆژنامەنووسێک ژیانی هاچیکۆی لە ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگدا بڵاوکردەوە و بەمەش تا دەهات ناوبانگی هاچیکۆ زیاتر دەبوو. ڕۆژانە خەڵکی بۆ بینینی وەفای سەگێک بۆ خاوەنەکەی دەهاتنە وێستگەی شەمەندەفەری شیوبیا تاکوو چاویان بە هاچیکۆ بکەوێت. هاچیکۆ بۆ ماوەی نۆ ساڵ هەموو ڕۆژێک دەچووە وێستگەی شەمەندەفەرەکە و چاوەڕێی گەڕانەوەی پڕۆفیسۆری دەکرد. لە ساڵی ١٩٣٤ لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی هاچیکۆ پەردەیان لەسەر پەیکەری هاچیکۆ لادا، پەیکەرێکیان لە نزیک وێستەگەی شەمەندەفەری شوبیا بۆ دروست کرد. تاکوو ڕۆژێک لە ساڵی ١٩٣٥ تەرمی هاچیکۆ لە شەقامێکی شیبویادا دۆزرایەوە. جەستەی هاچیکۆیان سووتاند جیا لە پێستەکەی و خۆڵەمێشەکەیان لەلای گۆڕی پڕۆفیسۆردا بەخاک سپارد.
پێستەکەیان هەڵگرت و وشکیان کردەوەوە و و ناوەکەیان پڕ کردووە و لە مۆزەخانەی ژاپۆندا هەڵیانگرتووە.

کاردانەوەکان دوای مردنی هاچیکۆ

لەدوای مردنی هاچیکۆ چەندین پەیکەری بۆ دروستکرا، دوو پەیکەری بڕۆنزی بۆ دروست کرابوو، و کە یەکێک لەوانە لە جەنگی جیهانی دووەمدا شکێنرا.
چەندین فیلم لەبارەی وەفاداری هاچیکۆوە دروستکراون. لە ساڵی ١٩٨٧ وڵاتی ژاپۆن فیلمێکیان بەرهەمهێنا بەناوی (Hatchiko Monogatari)، لە ساڵی ٢٠٠٩ـشدا فیلمێکی ئەمریکی-بەریتانی بەناوی (Hachi: Adog's tale) دروستکرا.
هەروەها چەندین کتێبیش لەبارەی ژیانی هاچیکۆوە نوسراون.


سەرچاوەکان



426 بینین