حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-22-09:09:00 - کۆدی بابەت: 9120
حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حیزبی دێموکراتی کوردستان (بە ئینگلیزی: Kurdistan Democratic Party، بە فارسی: حزب دموکرات کردستان) حیزبێکی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و دژی ئەم حکوومەتە کار دەکات. سکرتێری گشتیی حیزبەکە خالید عەزیزییە. پەرەسەندنی دووبەرەکیی ناوخۆیی لە نێوان ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنگرەی ١٣هەمینی حیزب لە ساڵی ٢٠٠٦ بووە هۆی پێکهێنانی دوو حیزبی جیا، بەهۆیەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) جیا بووەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان یەکێکە لەو سێ حیزبە ئێرانییەی کە ئەندامی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵە.

جیابوونەوە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەبدوڵڵا حەسەن زادە، سکرتێری گشتی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ چەند ئەندام و سەرکردەی تری حیزب لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ ڕایانگەیاند کە "حیزب جیا دەبێتەوە و لەم ڕێکەوتەوە لەژێر دەستی خۆیدا چالاکی دەکات، لە ناڕەزایی بەرامبەر بە کردەوەی فراکسیۆنی تۆتالیتاری بە سەرۆکایەتی مستەفا هیجری، خۆیان لە زۆرینەی کۆمیتەی ناوەندی جیا دەکەنەوە و لەمەودوا لەژێر ناوی پارتی دیموکراتی کوردستاندا چالاکی دەکەن، کە ناوی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە". عەبدوڵڵا حەسەن زادە ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە کە لێکترازانی نێوان ئەو و حیزبەکەی ئاشتیانە و بێ هیچ پێکدادانێک بووە. 

چالاکیی سەربازی

ڕێکەوتی ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠١٤، گرووپێک بە ناوی بەرگریکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و بەرپرسیارێتی چەندین ئۆپەراسیۆنی چەکداری لە سەردەشت و مەریوان لە ئەستۆ گرت و حیزبی دێموکراتی کوردستانی بە لایەنگری خۆی دانا.

هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر پێگەکان

لە ٢٠١٨/٩/٨

سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هێرشی مووشەکی بۆ سەر نووسینگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەنجامدا. لە هێرشەکەدا ١٤ کەس لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کوژران کە شەش ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی بوون و زیاتر لە ٤٠ ئەندامی حیزبیش بریندار بوون.

لە ٢٠١٩/٧/٩ 

لە میانی سێ شەڕ و پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان سوپای پاسداران و کورد، لە کاتی شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەری پیرانشار، سێ چەکداری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نزیک تێرمیناڵی گوندێکی شارستانی پیرانشار تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی سوپای پاسداران کرد.

ئەیلوولی ٢٠٢١

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢١، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە تۆپخانەکانی سوپای پاسداران کە بنکەکانیان لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار بووە، لە کاتژمێر ١١ـی ڕۆژی هەینی بۆ دووهەمین ڕۆژی لەسەریەک بەرزاییەکانی سنووری هەرێمی کوردستانیان تۆپباران کردووە. بەرەبەیانی ١١ی ئەیلوول هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بەرزاییەکانی "سیدەکان" و "بەربازین" درێژەی کێشا.

هەڵوەشانەوە و یەکگرتنەوەی لەگەڵ حدکا

ڕۆژی یەک شەمە ٢١ی ئابی ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان واژۆیان لەسەر یەکگرتنەوەی هەروو حیزب کرد، لە ژێرناوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران.


سەرچاوەکان



555 بینین